یاسا، جیابوونەوەی دادوەری
یاسای باری كەسی عێراقی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩، بریتییە لە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی هاوسەرگیری بە بڕیاری دادوەر، بەبێ ئەوەی مەرج بێت پیاوەكە ڕازی بێت. ئەم جۆرە تەڵاقە كاتێك ڕوو دەدات كە یەكێك لە هاوسەرەكان پەنا دەباتە بەر دادگا بەهۆی بوونی كێشەیەك كە بەردەوامبوون لە ژیانی هاوسەری ئەستەم دەكات. جۆرەكانی تەڵاقی دادوەری:
1- جیابوونەوە بەهۆی زیان: ئەمە باوترین جۆرە ژن یان پیاو دەتوانن داوای بكەن ئەگەر لایەنی بەرامبەر زیانێكی پێ گەیاندبێ كە نەتوانن پێكەوە بژین وەك: ئەشكەنجەدان، لێدان یان سوكایەتیكردن، خراپەكاری وەك ناپاكیی هاوسەری.
2- جیابوونەوە بەهۆی نەفەقە: ئەگەر پیاوێك ئامادە نەبێت خەرجی ژنەكەی (خواردن، پۆشاك، نیشتەجێبوون) دابین بكات.
3- جیابوونەوە بەهۆی غائب بوون (ونبوون): ئەگەر پیاوێك بۆ ماوەی یەك ساڵ یان زیاتر بێ سەروشوێن بێت، یان بەبێ عوزرێكی شەرعی دوور بكەوێتەوە.
4- جیابوونەوە بەهۆی حوكمدان (زیندانی)، ئەگەر پیاوێك بە حوكمێكی كۆتایی سزای زیندانی بۆ پێنج ساڵ یان زیاتر بۆ دەرچووبێت، ژنەكەی مافی هەیە دوای تێپەڕبوونی یەك ساڵ بەسەر زیندانییەكەیدا داوای جیابوونەوە بكات.
5- جیابوونەوە بەهۆی نەخۆشی یان كەمئەندامی، ژنەكە مافی هەیە داوای جیابوونەوە بكات ئەگەر پیاوەكە یەكێك لەم كێشانەی هەبێت.
