شەربەتی مێووژ بە مەشكە
دانا ئەنوەر، كە بە دانای ئەنتیك ناسراوە، خاوەن دووكانێكی كولتوورییە لە شەقامی سالمی شاری سلێمانی، ئەم گەنجە چەندین كەرەستەی جوان و جۆراوجۆری لە شوێنەكەیدا داناوە، یەكێك لەوانە، شەربەتی مێوژە كە بە مەشكە ئامادەی دەكات، ماوەیەكە بەشێوازێكی فۆلكلۆری شەربەتی مێووژی بە مەشكە پێشكەش دەكات، بەمەش سەرنجی خەڵكی ڕاكێشاوە و شەربەتەكەی خواستی زیاتری كەوتووەتە سەر، بە ئۆتۆمبێلێكی شۆفلێتی ساڵی پەنجاكانەوە شەربەتی مێوژ بە بەفرەوە لەناو مەشكەی كوردەواریدا دەفرۆشێت، و دەشڵێت تاقیی بكەنەوە و خۆتان وەسفی بكەن. ئەم گەنجە بە دانای ئەنتیكەفرۆش لە سەهۆڵەكەی سلێمانی ناسراوە، لە فێستیڤاڵ و بۆنەكاندا شەربەتی مێوژ لەناو مەشكەدا دەفرۆشێت، دەڵێت: «مێوژی سرووشتییە و بەفری دەستكردم بۆ هێناوە، نامەوێ وەسفی ئیشەكەی خۆم بكەم و ئەوەی منی دیبێ و لێی خواردبێت، بەردەوام دەبێت و دێتەوە»، وەك باسی دەكات زستان شیری شێرەكە دەفرۆشێت و لەم وەرزەشدا كە كەشەكەی گەرمە، بە بەفرەوە مێوژی مەشكە پێشكەش دەكات.
