پەیامە گرنگەکانی جەژنی قوربان لە ئیسلامدا

پەیامە گرنگەکانی جەژنی قوربان لە ئیسلامدا

 


جەژنی قوربان یەکێکە لە گەورەترین و پیرۆزترین جەژنەکانی ئیسلام، کە هەموو ساڵێک لە ڕۆژی دەی ذی الحجةدا موسڵمانان بە دڵێکی پڕ لە شادی و باوەڕ پێشوازی لێ دەکەن. ئەم جەژنە تەنیا بۆ خۆشی و جەژنکردن نییە، بەڵکو پڕە لە پەند و وانە و ڕێنماییە مەزنەکانی ئیسلام بۆ ژیانی تاک و کۆمەڵگە.

جەژنی قوربان پەیوەندییەکی بەهێزی بە چیرۆکی پێغەمبەری خوا حەزرەتی ئیبراهیم و کوڕەکەی حەزرەتی ئیسماعیل (علیهما السلام) هەیە. کاتێک خوای گەورە حەزرەتی ئیبراهیمی تاقیکردەوە و فەرمانی پێکرد گەورەترین شت لە ژیانی خۆی قوربانی بکات، ئەویش بە تەواوی گوێڕایەڵی فەرمانی خوای گەورە بوو. حەزرەتی ئیسماعیلیش بە دڵێکی ئارام و باوەڕێکی پتەو قبووڵی کرد. ئەم دیمەنە گەورەترین نموونەی گوێڕایەڵی و باوەڕ و تەسلیم بوونە بۆ خوای گەورە.خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت:﴿فَلَمَّا أَسْلَمَا وَتَلَّهُ لِلْجَبِينِ (103) وَنَادَيْنَاهُ أَن يَا إِبْرَاهِيمُ (104) قَدْ صَدَّقْتَ الرُّؤْيَا ۚ إِنَّا كَذَٰلِكَ نَجْزِي الْمُحْسِنِينَ (105)واتە: کاتێک هەردووکیان تەسلیمی فەرمانی خوا بوون، حەزرەتی ئیبراهيم و حەزرەتی ئیسماعیل خستە سەر زەوی بۆ جێبەجێکردنی فەرمانەکە، خوای گەورە بانگی کرد: “ئەی ئیبراهیم، بەڕاستی خەونەکەت جێبەجێکرد.

لەم چیرۆکە پیرۆزەدا زۆر وانە و پەیامی گرنگ هەیە، کە موسڵمان دەبێت لێی فێر بێت.

گەورەترین وانەی چەژنی قوربان ئەوەیە کە موسڵمان دەبێت فەرمانی خوای گەورە بخاتە پێش ھەموو شتێک. حەزرەتی ئیبراهیم نە مال، نە منداڵ، نە هیچ شتێکی دنیا نەبووە بەربەست لە بەرامبەر گوێڕایەڵی خوای گەورەدا.ئەمە فێرمان دەکات کە موسڵمان دەبێت هەموو کاتێک فەرمانی خوا و سوننەتی پێغەمبەر ﷺ بەسەر ئارەزوو و حەزی خۆیدا پێش بخات. ئیسـلام ئایینی فیداکاری و بەخشینە. جەژنی قوربان فێرمان دەکات کە بۆ پاراستنی دین و ڕاستی و یەکگرتوویی کۆمەڵگە، مرۆڤ دەبێت ئامادەی قوربانی و ماندوو بوون بێت.فیداکاری تەنیا لە سەربڕینی ئاژەڵدا نییە، بەڵکو:قوربانیدانی کات بۆ خوداپەرەستی و ھاوکاری هەژاران و ئارامی خۆت بۆ خزمەتکردنی خەڵک، وازهێنان لە تەواوی تاوانەکان.

لە چەژنی قورباندا موسڵمانان گۆشتی قوربانی بەسەر هەژاران دابەش دەکەن، تاکو هەمووان بەشداری خۆشی و شادی بن.

ئەمە نیشانەی میهرەبانی و هاوسۆزی ئیسلامە و ناهێڵێت هەژارەکان لە کاتی خۆشییە گشتییەکاندا بێبەش بێت.پێغەمبەری خوا ﷺ فەرموویە:«أحب الناس إلى الله أنفعهم للناس» واتە: خۆشەویستترین خەڵک لای خوا ئەوانەن کە زیاتر سوود بە خەڵک دەگەیەنن.

لە ڕۆژانی جەژن، خەڵک سەردانی یەکتر دەکەن، دڵەکان پاک دەبنەوە، ناکۆکی و دووبەرەکی کەم دەبێتەوە، و خۆشەویستی لە نێوان تاک و کۆمەڵگە زیاتر دەبێت.چەژنی قوربان دەرفەتێکە بۆ ئاشتبوونەوە و

بەهێزکردنی پەیوەندییە خێزانەکان و سەردانکردنی نەخۆش و ئەوانەی جونەتە تەمەن و دڵخۆشکردنی منداڵانی بێ باوک زۆرێک لە خەڵک نیعمەتەکانی خوایان لە بیر دەچێت، بەڵام چەژنی قوربان بیرمان دەخاتەوە کە هەموو ئەو خێر و نیعمەتانەی هەمانە، لە خوای گەورەوەن.موسڵمان دەبێت:سوپاسی خوا بکات،نیعمەتەکان بە چاکە بەکاربهێنێت،و لە خۆباییبوون و خۆ بە گەورەزانین دوور بێت.مانای ڕاستەقینەی قوربانی تەنیا سەربڕینی ئاژەڵ نییە، بەڵکو نزیکبوونەوەی دڵە بۆ خوای گەورە.خوای گەورە دەفەرمووێت:﴿لَن يَنَالَ اللَّهَ لُحُومُهَا وَلَا دِمَاؤُهَا وَلَكِن يَنَالُهُ التَّقْوَى مِنكُمْ﴾واتە: نە گۆشتەکانیان و نە خوێنەکانیان ناگەنە لای خوا، بەڵکو تەقوا و پاکی دڵی ئێوە دەگات.چەژنی قوربان بە خواپەرستی حەجیشەوە پەیوەستە. لەو ڕۆژانەدا بە ملیۆن موسڵمان لە مەککە کۆدەبنەوە و بە یەک جل و یەک بانگ خوای گەورە دەپەرستن.ئەمە وانەیەکی گەورەی یەکسانی و یەکگرتووییە. لە ئیسلامدا هیچ کەسێک بەسەر کەسێکی تر گەورە نییە، تەنیا بە تەقوا نەبێت.

موسڵمان دەبێت جەژن بە شێوەیەکی شەرعی و جوان بەڕێوە ببات:خۆشی و شادی لەگەڵ ماڵ و منداڵ و خزم و دۆست و هاوڕێیان هاوبەش بکات، یارمەتی هەژاران بدات، دوور بێت لە خراپە و گوناهەوە جەژن بکاتە هۆکاری نزیکبوونەوە لە خوا.

لە کۆتاییدا، جەژنی قوربان قوتابخانەیەکی مەزنەی باوەڕ و تەقوا و فیداکارییە. فێرمان دەکات کە ژیانی موسڵمان دەبێت پڕ بێت لە گوێڕایەڵی خوای میهرەبان. وانەکانی قوربانیکردن تەنیا لە چەند ڕۆژێکدا نەهێڵینەوە، بەڵکو بیکەینە ڕێبازێک بۆ هەموو ژیانماندا.

 

(*)

د. عەبدولعەزیز مەنتك.
بەرپرسی ناوچەی بنەسڵاوەی يەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان

Top