لێدوانەکانی ترەمپ سەبارەت بە هێرشێکی دیکە بۆ سەر ئێران
دۆناڵد ترەمپ ڕۆژی سێشەممە 19ی ئایار ڕایگەیاند، لە کۆتا خولەکدا هێرشە نوێیەکانی بۆ سەر ئێران هەڵوەشاندووەتەوە، هاوکات ڕەنگە پێویست بکات ئەمریکا جارێکی دیکە بە هێرشێکی سەربازیی گەورەی دیکە هێرش بکاتە سەر ئێران.
سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، کە هێرشێکی نوێی بۆ سەر ئێران دواخستووە کە بڕیار بوو ڕۆژی سێشەممە ئەنجام بدرێت، لەسەر داوای “میری قەتەر و شازادەی جێنشینی سعودیە و سەرۆکی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی” بۆ ئەوەی ڕێگە بدات دانوستانەکان کۆتایی پێبێت.
سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاندبوو کە هێرشە پلان بۆ داڕێژراوەکە بۆ "دوو بۆ سێ ڕۆژ" دوادەخەن و دڵخۆش دەبێت ئەگەر ئەمریکا بتوانێت لەگەڵ ئێران بگاتە ڕێککەوتنێک کە ڕێگری بکات لە دەستکەوتنی تاران بە چەکی ئەتۆمی.
شایانی باسە کە شەڕەکە دوای ٤٠ ڕۆژ بە ئاگربەست کۆتایی هات و لەو کاتەوە بە نێوەندگیری پاکستان دانوستانەکان بەردەوام بوون، بەڵام هێشتا ڕێککەوتنێک بۆ کۆتایی هێنان بەو شەڕە نەکراوە.
گوڵان: سەردار خەلیل
