کەشتییەکی نەفەر هەڵگر لە نزیک شاری کیرێنیا بە ٢٦٧ سەرنشینەوە نوقم بوو

کەشتییەکی نەفەر هەڵگر لە نزیک شاری کیرێنیا بە ٢٦٧ سەرنشینەوە نوقم بوو

 

 

کەشتییەکی نەفەر هەڵگر کە لە بەندەری کیرێنیا لە کۆماری تورکیای باکووری قوبرسەوە بەرەو بەندەری تاشوجوی شاری مێرسینی تورکیا دەڕۆیشت، دوای ماوەیەکی کەم لە جێهێشتنی بەندەرەکە، بە هۆکارێکی نادیار نوقم بوو.

ئێرهان ئاریکلی، وەزیری کاروباری گشتی و گواستنەوەی کۆماری تورکیا لە باکوری قوبرس لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو ڕایگەیاند، کەشتییەکی نەفەرهەڵگر لە ئاوەکانی نزیک کیرێنیا وەرگەڕا و ئۆپەراسیۆنەکانی ڕزگارکردن بەردەوامن.

ئاماژەی بەوەشکرد، 267 کەس لەناو کەشتییەکەدا بوون کە 259 سەرنشین و 8 کارمەندی کەشتییەکە بوون و تا ئێستا هۆکاری نوقم بووی کەشتییەکە دیارینەکراوە.

کەشتییە نەفەرهەڵگرەکە کە خاوەنەکەی کۆمپانیایەکی تایبەتە، نزیکەی کاتژمێر ١٢:٣٠ بەکاتی ناوخۆ لە بەندەری کیرێنیاوە بەرەو بەندەری تاشوجوی پارێزگای مێرسینی تورکیا بەڕێکەوت، بەڵام دوای ماوەیەکی کەم لە جێهێشتنی بەندەرەکە، بە هۆکارێکی نادیار دەستیکرد بە ژێرئاو كەوتن.

دوای وەرگرتنی داوای هاوکاری لە کاپتنی کەشتییەکە، پاسەوانی کەناراوەکان و بەڕێوەبەرایەتی بەندەرەکە تیمەکانی فریاگوزارییان ڕەوانەی شوێنی ڕووداوەکە کرد.

شایەتحاڵەکان دەڵێن، دوای ئەوەی کەشتییەکە ئاوی گرتووە، بەشێک لە سەرنشینەکان خۆیان فڕێداوەتە ناو دەریاوە.

هەروەها باس لەوە کراوە کە بەلەمەکانی ماسیگرتن کە لە ناوچەکەدا ئامادەن، بەشداری ئۆپەراسیۆنەکانی ڕزگارکردنیان کرد.

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

Top