ئایا دۆناڵد ترەمپ دەتوانێت گەرووی هورمز بکاتەوە؟

ئایا دۆناڵد ترەمپ دەتوانێت گەرووی هورمز بکاتەوە؟

 

(*)

لەم قۆناغەدا کە شەڕی کەنداو دەستی کرد بە زنجیرەیەک راگەیاندنی ماوەی بەسەرچوو، ئەوەی لە ٨ی نیسانەوە وەک ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی دەستیپێکرد، ئێستا لە هەفتەی پێنجەمی خۆی نزیک دەبێتەوە. دۆناڵد ترەمپ ئیدیعای کرد کە دەتوانێت یاسایەک پشتگوێ بخات کە داوا لە سەرۆک دەکات ڕەزامەندی کۆنگرێس وەربگرێت بۆ ئەو شەڕانەی کە زیاتر لە ٦٠ ڕۆژ دەخایەنێت، هەرچەندە ئەم شەڕە ٦٥ ڕۆژ پێشتر دەستی پێکردبوو. سەرەڕای ئەو سزایانەی بەسەریدا سەپێنرا، ئێران توانی ئەو ساتە دوابخات کە تانکی نەوتی پڕ دەبێت و ناچار دەبێت بیرە نەوتییەکانی دابخات. جۆرێک لە ماندوێتی جێگەی شەڕەکەی گرتبووەوە، هەرچەندە  تێچووی زیاترە بۆ ئابووری جیهانی.

لە 3ی ئایاردا، ترەمپ ڕایگەیاند، ئەمریکا یارمەتی ڕێنماییکردنی کەشتییەکان دەدات لە گەرووی هورمز، ئەو ڕێڕەوی ئاوییە گرنگە کە لە سەرەتای شەڕەوە تاڕادەیەکی زۆر بە داخراویی ماوەتەوە. بە تێکڕا لە ماوەی ئەو حەوت ڕۆژەی کە لە ١ی ئایار کۆتایی هات، ڕۆژانە تەنها حەوت کەشتی بەو گەرووەدا تێپەڕیون، کە لە هەفتەی پێش ئاگربەستەکەدا نەگۆڕاوە. ئەوەی ناوی لێنا " پڕۆژە ئازادی" بڕیار بوو لە ٤ی ئایار دەستپێبکات، وەزارەتی بەرگری ئەمریکا دەڵێت کەشتییە تێکدەر و فڕۆکە جەنگییەکان و ١٥ هەزار سەربازییان هەیە کە ئامادەن بۆ هاوکاریکردنی کەشتیوانی.

بەڵام ئیدارەی ترەمپ لە کۆنگرەیەکی داخراودا بۆ ڕۆژنامەنووسان دانی بەوەدا نا کە بەنیازی ئەوە نییە کە بەڕێوبەری دەریایی دابین بکات. لەبری ئەوە هەماهەنگی لەگەڵ کەشتیەکان دەکات و ڕێنمایییان دەکات بۆ باشترین ڕێگا بۆ دوورکەوتنەوە لەو  مینانەی کە پێدەچێت لەلایەن ئێرانەوە لە گەروودا چێنراون، و ئەگەری هێرشکردنە سەریان ڕەنگە ئامادەی هاوکاریکردن بمێنێتەوە. لە کۆتاییدا وا دیارە ئەمریکا تەحەدای ئێران دەکات بۆ هێرشکردن.

دوو هۆکار هەیە بۆ ئەوەی بڵێین پلانەکە تەنها کاریگەرییەکی سنوورداری لەسەر کەشتیوانی دەبێت. یەکەم: ئێرانیش قسەی هەیە و ئەگەر بڵێت گەرووەکە بە داخراوی دەمێنێتەوە، زۆربەی دەریاوانەکان بەردەوام دەبن لە دوورکەوتنەوە لێی بەبێ گوێدانە ژمارەی کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لە نزیکەوە. بەپێی زانیارییەکان کەمتر لە کاتژمێرێک پێش ڕاگەیاندنی ترەمپ، تانکەرێک لە کەناراوەکانی فوجەیرە لە ئیمارات دووجاری هێرش بۆتەوە. وردەکارییەکان یەکسەر ڕوون نەبوون، بەڵام نزیکە لەوەی کە ئێران لە پشت هێرشەکەوە بووە.

کێشەی دووەم ئەوەیە کە بە گوتەی ترەمپ، ئەرکی دەریایی ئەمریکا سەرنجی لەسەر ئەو کەشتییە گیرخواردووانە دەبێت کە دەیانەوێت بەرەو ڕۆژهەڵات بڕۆن بۆ ئەوەی کەنداو بەجێبهێڵن. ئەمە تەنیا قسەیە چونکە زۆرێک ئامادە نین مەترسی ئەوە بکەن کە بە کەشتی بە ڕێگای دیکەدا بڕۆن لە ترسی گیرخواردن. بەڵام وەبیرهێنانەوەیەکیشە کە ڕەوتی نەوت و گاز و کاڵاکانی تر ئاسایی نابێتەوە تا شەڕەکە بەتەواوی کۆتایی پێبێت. بازاڕەکانی نەوت کاردانەوەیەکی کەمیان بەرامبەر بە دوایین بەڵێنەکانی ترەمپ نیشانداوە. دووشەممە نرخی نەوتی خاوی برێنت بۆ گەیاندنی مانگی تەمموز بۆ 110 دۆلار بەرزبووەوە، ئەمەش بە بەراورد بە داخستنی ڕۆژی هەینی زیاتر لە 1% بەرزبووەوە.

ئێستا تێکڕای نرخی گاڵۆنێک بەنزین لە ئەمریکا ٤.٤٦ دۆلارە، کە تەنها لە ماوەی یەک هەفتەدا بە ڕێژەی ٨% زیادی کردووە. هەندێک لە شیکاران پێیان وایە تا ئەو کاتەی ئەمریکییەکان بۆ ڕۆژی یادکردنەوە لە ٢٥ی ئایاردا دەچنە سەر ڕێگاکان، دەتوانێت بگاتە ٥ دۆلار، ئاستێک کە لە بەرزترین ئاستی خۆی نزیک دەبێتەوە. هەروەها ڕێژەی دژایەتیکردنی ترەمپ گەیشتووەتە بەرزترین ئاست. سێ لەسەر چواری ئەمریکییەکان مامەڵەی ئەو لەگەڵ ئابووریدا پەسەند ناکەن. دیموکراتەکان هەوڵدەدەن بانگەشە بۆ بڕیارنامەی زلهێزەکانی جەنگ بکەن، کە یاسایەکی ساڵی ١٩٧٣یە و سنووری ٦٠ ڕۆژە بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان داناوە کە لەلایەن کۆنگرێسەوە ڕێگەپێنەدراوە. سەرۆک کۆمار پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە ئاگربەست ئەو سنوورەی هەڵگرتووە، هەرچەندە کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا بەردەوامن لە جێبەجێکردنی گەمارۆدانی ئێران، کە کردەوەیەکی جەنگییە.

گەمارۆدانەکە بەو شێوەیە سەرکەوتوو نەبووە کە ترەمپ لە ٢٦ی نیسان پێشبینی کردبوو، کاتێک ڕایگەیاندبوو کە دامەزراوە نەوتییەکانی ئێران کە بە نەوتی خاو ئاوساون، لە ماوەی سێ ڕۆژدا دەتەقنەوە. سەرەڕای ئەوەش ئێران ناچار بووە بەرهەمهێنان کەم بکاتەوە. لە هەر شوێنێک کە بتوانێت نەوتی خاو هەڵدەگرێت، لە کۆنتێنەرە بەپەلە دروستکراوەکانەوە لەسەر زەوی تا دەگاتە تانکەرە پەککەوتووەکان کە وەک گۆگای هەڵگرتن بەکارهێنراونەوە. کۆمپانیای کلیر کە کۆمپانیایەکی داتایە، لە ٣٠ی نیساندا مەزەندەی کرد کە ئێران تەنیا ١٢ ڕۆژ توانای هەڵگرتنی لە ئاستی ئاسایی هەناردەکردندا ماوەتەوە و تا ناوەڕاستی مانگی ئایار دەتوانێت زیاتر لە سەدا ٥٠ بەرهەمهێنان دابەزێت. هەفتەی ڕابردوو بەهای تمەنی ئێرانی بەرامبەر بە دۆلار دابەزینی بەخۆیەوە بینی و گەیشتە ئاستێکی پێوانەیی.

بەڵام ئازارەکانی یەکتر نەبووەتە هۆی ئەوەی هیچ لایەنێک هیچ ئیمتیازێکی بەرچاو بکەن. هەرچەندە نوێنەرانی ئەمریکا و ئێران لە دوای خولی یەکەمی دانوستانە بێ ئەنجامەکان کە لە ١١ی نیسانەوە لە ئیسلام ئاباد دەستی پێکرد، ڕووبەڕوویان نەبینیوە، بەڵام لە ڕێگەی نێوەندگرانەوە پەیام ئاڵوگۆڕکردنیان بەردەوامە. لە هەندێک ڕووەوە، دوایین پێشنیاری ئاگربەستی ئێران کە هەفتەی ڕابردوو پێشکەش کرا، تا ڕادەیەک نەرمی دەنوێنێ پێشتریش ئامادە نەبوو دانوستان بکات، مەگەر ئەمریکا گەمارۆی بەندەرەکانی ئێران هەڵنەگرێت، ئەمەش مەرجێک بووە هۆی پووچەڵکردنەوەی هەوڵەکان بۆ بانگهێشتکردنی خولی دووەمی دانوستانەکان لە ئیسلام ئاباد لە دەوروبەری ٢٥ی نیسان.

ئێستا وا دیارە تاران بەبێ مەرجی پێشوەختە ئامادەیە بۆ دانوستان. بەڵکو پێشنیاری پرۆسەی دانوستانی دوو قۆناغی کردووە و هەر قۆناغێک مانگێک دەخایەنێت. قۆناغی یەکەم تیشک دەخاتە سەر دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز. قۆناغی دووەم تایبەتە بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و داواکاری تاران بۆ کەمکردنەوەی سزاکان. ئێران ئامادەیە باس لە ڕاگرتنی درێژخایەنی پیتاندنی یۆرانیۆم بکات، بەڵام ڕەتیدەکاتەوە بە تەواوی وازی لێبهێنێت و هەڵوەشاندنەوەی هیچ یەکێک لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ڕەتدەکاتەوە.

لە یەکی ئایاردا ترەمپ ڕایگەیاندبوو "کە رەزامەند نییە" بەو پێشنیازە، هەرچەندە ڕۆژی دواتر ڕایگەیاندبوو "بەم زووانە لێی دەکۆڵێتەوە". ڕێککەوتنێک بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ و کردنەوەی گەرووەکە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ دابەزاندنی نرخی وزە، ئەمەش دەبێتە هۆی سووککردنی کێشە سیاسییە هەرە زەقەکانی. بەڵام هەروەها ئەمریکا لە فشارێکی گرنگی موزایەدە بێبەش دەبێت پێش ئەوەی بچێتە ناو دانوستانە ئەتۆمییەکانەوە، کە بە ئاسانی دەتوانێت مانگێک زیاتر درێژ بکاتەوە.

ئەگەر ئەو دانوستانانە شکست بهێنن، شەڕەکە کۆتایی دێت و ئێران هێشتا زیاتر لە ٤٠٠ کیلۆ یۆرانیۆمی پیتێنراو تا ئاستی نزیک لە پلەی چەک لە ژێر کۆنترۆڵیدایە. ترەمپ چەندین جار بانگەشەی ئەوەی کردووە کە ئێران ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ڕادەستکردنی ئەوەی کە بە "تۆزی ئەتۆمی" ناوی دەبات. تەنانەت بەشێک لە لایەنگرانی ماوەتەوە ناڕەزایەتیان بەرامبەر بە ڕێککەوتنێک کە ئەم یۆرانیۆمە لە ئێراندا بۆ ماوەیەکی نادیار بەجێبهێڵێت، ناڕەزایەتیان دەردەبڕن.

لەم نێوەندەدا مەترسی دووبارەبوونەوەی ئەگەری شەڕ زۆرە. ئەمریکا هێشتا سێ کەشتی فڕۆکەهەڵگری لە ناوچەکەدا جێگیرکراون. لە کۆتایی هەفتەدا، دەریاوان براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا، سەردانی کەشتیی USS Tripoliی کرد، کە کەشتییەکی هێرشبەری دوورخراوە و لە مانگی ئازاردا ڕەوانەی دەریای عەرەبی کرد. لەگەڵ مانەوەی گەرووەکە بە داخراویی و خراپتربوونی زیانەکانی ئابووری، ئەم چەقبەستووە ناتوانێت تا کاتێکی نادیار بەردەوام بێت.

 

 

(*)

 

وەرگێران / شێرکۆ

سەرچاوە: ز ئیکۆنۆمیست

Top