عێراق و ئەزمونێکی نوێ

عێراق و ئەزمونێکی نوێ

 

لەسەروبەندی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق کە عەلی زەیدی ڕاسپێردراوە بۆ ئەوەی وەکو سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق حکومەتەکەی پێکبهێنێت، عێراق دەکەوێتە ناو گێژاوی چەندین پرسیار کە وەڵامەکان تەنیا لای کاتن و کەس ناتوانێت وەڵامی ئەو پرسیارانە بداتەوە تەنانەت پێشبینی کردنیش ئاسان نییە

ئێستا عێراق بە جانتایەکی پڕ لە کێشە و تەحەدی لەنێوان گۆتارێکی ئاڵۆزی سیاسی و گۆتارێکی پڕ لە ناڕەزایەتی شەقام و سەرۆکوەزیرانێکی کەم ئەزمون گوزەردەکات، کێشەی ناوچەیی و تەحدیاتی ململانێی ئێران و ئەمریکا و گروپە ئێرانییەکانی ناو عێراق و سزا ئابوورییەکانی ئەمریکا لەلایەک، ململانێی ناوخۆی عێراق و گوتاری سیاسی دژبەیەکی لایەنەکان لەلایەکی دی، لە هەمووی قورستر داواکاری عێراقییەکانە بۆ ئارامی و ئاوەدانی و خۆشگۆزەرانی، هەموو ئەمانە پێمان دەڵێن کە عەلی زەیدی لەبەردەم قورسترین ئەرکدایە

نابێت پرسیاری ئەوە بکرێت کە عەلی زەیدی چی دەکات بەڵکو پرسیارە دروستەکە ئەوەیە دەتوانێت چی بکات؟ چونکە عێراق ئەو وڵاتەیە کە هەر کەسێک پەرپرسیارییەتییەکی لەئەستوو بێت لە گەورەترین تا خوارەوە لەوانەیە ٪١٠ی بڕیارەکان بە ویست و ئیرادەی خۆی بێت باقی بڕیارەکانی دی فەڕزکراون بەتایبەت بۆ سەرۆکوەزیرانێک کە ئەزمونی سیاسی نەبێت و خاوەن کورسی پەرلەمانی و هێز نەبێت، قورسە بتوانێت پارێزگاری لە ئیرادە و خاوەنبڕیاری خۆی بکات ناچار بکەوێتە ژێرباری هەمان ئەو ئاراستەیەی کە سەرۆکوەزیرانەکانی پێش خۆی ملکەچی بوون

هیچ کاتێک لە عێراق کێشە کەسێک نەبووە یان نیازی کەسی نەبووەتە هۆکاری خراپبوونی دۆخی وڵات بەڵکو کێشەی عێراق عەقلییەتێکە کە هەمیشە ڕێگرە لەبەردەم سەقامگیری وڵاتەکە، عێراق گەیشتووەتە بنبەستێک کە کەس ناتوانێت ڕێگا بدوزێتەوە چونکە ڕێگا نەماوە تەواو، بە ناچاری چ زوو یان درەنگ دەبێت ڕێگای نوێ دروستبکرێت، عێراقی دوای بەعس نەیتوانی سەرکەوتووبێت لە دروستکردنی وڵاتێکی سەقامگیر و خاوەن سەروەری و نەتیوانی سەرکەوتووبێت لە پارێزگاریکردن لە ئیرادەی خۆی و ئەو دەستوورەی کە بۆی دانراوە، تا عەلی زەیدی یا هەر کەسێکی تر کاتێک دێت بتوانێت کاری پێ بکات تەنانەت هیچ کاتێک عێراق لە جێی ڕەزامەندی عێراقییەکان نەبووە بۆیە ئێستا هەر کەسێک دێت تەنیا دەبێتە ڕوویەکی وەهمی و گوازەرەوەی بڕیارەکانی گرۆپێک لە پشتی پەردەوە

عێراق بە گۆڕینی دەمووچاو و ناو نابێتە وڵاتێکی شایستە و جێی ڕەزامەندی بەڵکو ئەو ڕێگایەی کە پێویستە بۆ عێراق دروستبکرێت هەڵوەشاندنەوەیە، لەمە زیاتر چارەسەری دیکە نییە دەیان سەرۆکوەزیرانیش بێن و بچن نیازیان باش بێت یان خراپ ئەوەی دەمێنێتەوە وڵاتێکی داڕماو و بێ ئیرادە و دەوڵەتێکی شکستخواردووە هیچ کەسێک ناتوانێت ئەمە پێچەوانە بکاتەوە

 

Top