شەقڵاوە و بابان پلێتی خولی نایابیان بەدەستهێنا
شەقڵاوە و بابان پلێتی خولی نایابیان بەدەستهێنا
هەردوو یانەكانی شەقڵاوە و بابانی شاری سلێمانی پلێتی سەركەوتنیان بۆ خولی نایابی یانەكانی كوردستان بەدەست هێنا، ئەم وەرزە هەردوو یانەكەی قەزای شەقڵاوە و بابانی پارێزگای سلێمانی توانیان لە خولی یانە پلە یەكەكانی كوردستان ئاست و ئەنجامی شایستە لە یارییەكانی خولەكە بەدەست بهێنن و هەر لە سەرەتای خولەكەوە چاویان لە گەیشتن بوو بە خولە گەورەكەی كوردستان و بوونە نوێنەری شارەكانیان، شەقڵاو بە 34خاڵ پێشەنگی یانەكانی خولی پلە یەكی یانەكانی كوردستان گرتووە و بە پلەی یەكەم خۆی گەیاندە ڕیزی یانە پلە نایابەكان، ئەم وەرزە شەقڵاوە بە سەرپەرشتی مامۆستا ڕەفیق سەعید توانی هەر لە سەرەتای خولی پلە یەكی كوردستان بەڵێنی سەركەوتنی تیپەكە بە كارگێڕیی یانەكەی دەڤەری خۆشناوەتی دابوو كە یانەكەیان یەكێك دەبێت لە یانە سەركەوتووەكان بۆ خولی نایابی كوردستان، هەرچەندە یانەی شەقڵاوە گرفتی دارایی هەبووە و نەیتوانیوە وەكو پێویست مووچەكان دابین بكات، بەڵام یاریزانانی یانەكە گوێیان بەهیچ نەداوە بۆ گەیشتن بە نایابی كوردستان، یانەی بابانیش بە پلەی دووەم سەركەوتن بە كۆكردنەوەی 31خاڵ، یانەكە بەسەركردایەتی مامۆستا سەردار ساڵح توانی ئەم وەرزە خەونی چەند ساڵەی یانەی بابان بهێنێتە دێ و یانەكەی كردە نوێنەری شاری سلێمانی بۆ گەیشتن بە خولی نایابی كوردستان، یانەكە ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی رابردوو توانیویەتی ئاستێكی بەرز پێشكەش بكات لە خولی یانە پلە یەكەكانی كوردستان، لە هەشت یاری قۆناغی دووەمیش یانەكە ئاستێكی بەرزی پێشكەش كردو یاری لە دوای یاری ئەنجامەكانی بەرچاوتر دەبوو خەونی كارگێڕیی یانەكەش هاتە دی.
گۆران كاوە ئیبراهیم
