نێچیرڤان بارزانی لە ئەنتالیا . . . نوێنەرایەتیکردنی شكۆی سیاسیی هەرێمی كوردستان
بە بەشدارییەکی کاریگەر و ئاستبەرزی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێنجەمین خولی کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتالیا لە ژێر دروشمی «بەڕێوەبردنی نادڵنیاییەکان لە نەخشەسازیی سبەیدا» لە ڕۆژانی 17-19ی نیسانی 2026 بەڕێوەچوو . ئەم لوتکە دیپلۆماسییە جیهانییە کە یەکێکە لە پلاتفۆرمە گرنگەکان بۆ داڕشتنەوەی سیاسەتی نێودەوڵەتی و، لە ساتەوەختێکی هەستیار و مێژووییدا بەڕێوەدەچێت کە ناوچەکە ڕووبەڕووی گۆڕانکاری و تەحەددیاتی گەورە بووەتەوە. ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەم ناوەندە بڕیارەدا، جارێکی دیکە جەخت لە پێگەی ستراتیژیی هەرێمی کوردستان وەک فاکتەرێکی سەرەکی و بزوێنەر بۆ چەسپاندنی هاوسەنگی، پاراستنی ئارامی و پەرەپێدانی دیالۆگی نێودەوڵەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەکاتەوە، کە نیشانەی بایەخی قەوارەی هەرێمە لە سەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی.
هەرێمی كوردستان و توركیا
دووپاتکردنەوەی هاوبەشیی ستراتیژی
لە یەکێک لە دیارترین و ستراتیژیترین وێستگەکانی کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتالیادا، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە دیدارێکی ئاستبەرزدا لەلایەن ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاوە پێشوازییەکی تایبەتی لێکرا. ئەم کۆبوونەوە لوتکەیەی نێوانیان کە بە ئامادەبوونی هەریەک لە وەزیرانی دەرەوە، وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا بەڕێوەچوو، تیشکی خستە سەر نەخشەسازیی نوێی هاوکارییە فرەڕەهەندەکانی نێوان ئەنقەرە، بەغدا و هەولێر. سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە پێزانینێکی قووڵەوە ئاماژەی بە هەوڵە دیپلۆماسییە بێوچانەکانی سەرۆک ئەردۆغان کرد بۆ خاوکردنەوەی گرژییەکان و چەسپاندنی ئاشتی، لە بەرامبەریشدا، سەرۆککۆماری تورکیا جەختی لەسەر پێگەی مێژوویی و کاریگەری هەرێمی کوردستان کردەوە وەک هاوبەشێکی سەرەکی لە پاراستنی ئاسایشی هاوبەش و بوژاندنەوەی ئابووریی ناوچەکە.
هاوکات، لە دیدارێکی دیکەی بایەخداردا لەگەڵ یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا، بە بایەخەوە ستایشی حیکمەت و گوتاری ئاشتیانەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان کرا. وەزیری بەرگری جەختی لەوە کردەوە کە سیاسەتە حەکیمانەکانی سەرۆکی هەرێم فاکتەری سەرەکی بوون بۆ دوورخستنەوەی هەرێمی کوردستان لە ناوەندی ململانێ و شەڕە چەکدارییە وێرانکەرەکانی ناوچەکە. گولەر بە فەرمی ڕۆڵی سەرۆکی هەرێمی وەک پارێزەری سەقامگیری بەرز نرخاند، لە بەرامبەردا سەرۆکی هەرێمی كوردستان بە تێڕوانینێکی ستراتیژییەوە دووپاتی کردەوە کە «هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە وەک پایەیەکی بەهێزی ئارامی دەمێنێتەوە و بەردەوام دەبێت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی لایەنە و پاراستنی بەرژەوەندیی هاوبەشی گەلان».
ئاسۆی پەیوەندییە عەرەبی و هەرێمییەکان
لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسییە فرەڕەهەندەکانیدا لە پەراوێزی کۆڕبەندەکە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان زنجیرەیەک دیداری ستراتیژیی لەگەڵ سەرکردە و بڕیاربەدەستانی باڵای جیهانی عەرەبی و ئیسلامی ئەنجامدا، کە ئامانج لێیان پتەوکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان بوو لە هاوکێشە هەرێمییەکاندا. لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ئەحمەد ئەبولغەیس، سکرتێری گشتیی کۆمکاری عەرەبی، هەردوولا بە وردی دەرهاوێشتەکانی دۆخی ئەمنیی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد و جەختیان لەسەر پێویستیی کارکردنی هاوبەش کردەوە بۆ ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندنی ئاڵۆزییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
هاوکات، دیدارە باڵاکانی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر و ئەیمەن سەفەدی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی ئوردن، گوزارشتیان لە قووڵیی پەیوەندییە مێژووییەکان و خواستی لایەنەکان کرد بۆ گواستنەوەی ئەم پەیوەندییانە بۆ قۆناغێکی نوێی هاوکاریی ئابووری و وەبەرهێنانی هاوبەش. لە لایەکی دیکەوە، گفتوگۆکانی سەرۆکی هەرێمی كوردستان لەگەڵ شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان و سەعید خەتیبزادە، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، تیشکی خستە سەر پرەنسیپێکی نەگۆڕی هەرێمی کوردستان، ئەویش بڕوابوون بە ‹دیالۆگ و لێکتێگەیشتن› وەک تاقە ڕێگەی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی قەیرانە ئاڵۆزەکان و دوورخستنەوەی ناوچەکە لە مەترسیی پێکدادان، کە ئەمەش نیشانەی تێڕوانینی حەکیمانەی هەرێمە بۆ چەسپاندنی ئاشتییەکی بەردەوام لە ناوچەکەدا.
دۆسیەی سووریا و ڕۆڵی نێوەندگیریی
هەرێمی كوردستان
یەکێک لە ڕەهەندە هەرە دیار و سەرنجڕاکێشەکانی کارنامەی دیپلۆماسیی ئەمساڵی سەرۆکی هەرێمی كوردستان، کۆبوونەوەی بوو لەگەڵ ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆکی سووریا، کە تێیدا بە وردی تیشک خرایە سەر ئاسۆکانی ڕێککەوتنی سیاسی و ئەمنیی نێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات. لەم چوارچێوەیەدا، سەرۆکی سووریا بە پێزانینێکی قووڵەوە ستایشی ڕۆڵی کاریگەر و نێوەندگیرییە حەکیمانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کرد لە نزیککردنەوەی دیدگاکان و چەسپاندنی زمانی دیالۆگ لە نێوان لایەنەکاندا بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی گشتگیر.
هاوکات، دیداری نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆک ترەمپ بۆ کاروباری سووریا، گوزارشتێکی ڕوون بوو لە بەردەوامیی هەماهەنگییە ئاستبەرز و ستراتیژییەکانی نێوان هەولێر و واشنتن لە ئاست دۆسیە هەستیارەکانی ناوچەکە. ئەم دیدارە جارێکی دیکە ئەو ڕاستییەی چەسپاند کە هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێکی جێ متمانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، کارەکتەرێکی سەرەکییە لە دیپلۆماسییەتی ناوچەیی و جیهانیدا، بەتایبەت لەو دۆسیانەی کە پەیوەستن بە ئاسایش و سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە.
لە دوماهیدا دەكرێت بڵێین، دیدار و كۆبوونەوەكانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتالیا ٢٠٢٦، کە تێیدا نوێنەرانی پتر لە ١٥٠ وڵات و دەیان ڕێکخراوی نێودەوڵەتی ئامادەبوون، وەرچەرخانێکی مێژوویی و ستراتیژی بوو لە کارنامەی دیپلۆماسییەتی هەرێمی کوردستاندا. ئەم ئامادەبوونە ئاستبەرزە جارێکی دیکە ئەو ڕاستییەی بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دووپات کردەوە کە هەرێمی کوردستان تەنیا قەوارەیەکی سیاسیی سەقامگیر نییە، بەڵکو کارەکتەرێکی بنەڕەتی، کاریگەر و خاوەن بڕیارە لە داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسەت، ئاسایش و ئابووریی ناوچەییدا.
زنجیرە دیدارە چڕ و پڕبایەخەکانی سەرۆکی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیرانی چەندین وڵات و كۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیر و دپلۆماتكارانی وڵاتانی جیهان، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئەو متمانە و پێگە دیپلۆماسییە باڵایەی کە هەرێمی كوردستان لە ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی جیهاندا هەیەتی. ئەم دەستکەوتە دیپلۆماسییانە دەریدەخەن کە گوتاری لۆژیكانە، میانڕەوانە و ئاشتیخوازانەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، نەک هەر قورساییەکی سیاسیی تایبەتی بە پێگەی هەرێمی کوردستان بەخشیوە، بەڵکو وەک نێوەندگیرێکی سەرەکی بۆ چارەسەرکردنی ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرجەستەی كردووە.
