جەنگی سڕینەوە؛ خوێندنەوەیەکی ستراتیژی و یاسایی بۆ قۆناغەکانی پرۆسەی ئەنفال
(کاتێک عەقیدەی سەربازی دەبێتە ئامرازی پاکتاوی دیمۆگرافی)
لە ئەدەبیاتی زانستی سەربازی و مێژووی ململانێ چەکدارییەکاندا، دەوڵەتان زۆرجار پەنا دەبنە بەر تاکتیکی توند بۆ سەرکوتکردنی بزاڤی ڕزگاریخوازی ناوخۆییەکان بەڵام ئەوەی لە ساڵی ١٩٨٨ لەژێر ناوی کۆدی "ئەنفال" لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە دژی گەلی کورد جێبەجێ کرا، دەرچوونێکی تەواوەتی بوو لە هەموو بنەماکانی جەنگ و یاسای نێودەوڵەتی؛ ئەنفال ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی نەبوو بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی خاکی لەدەستچوو، بەڵکو "عەقیدەیەکی پاکتاوکردن" بوو کە تێیدا ئامێری دەوڵەت، بە سوپایەکی مۆدێرن و تەکنەلۆژیای کیمیاییەوە، بۆ سڕینەوەی دیمۆگرافیا و ژێرخانی ئابووریی نەتەوەیەک تەرخان کرا.
یەکەم: ئەنفال لە تەرازووی یاسای نێودەوڵەتیی مرۆییدا (IHL)
پێش چوونە ناو قۆناغە سەربازییەکان، دەبێت پرۆسەکە لە ڕوانگەی یاساکانی جەنگەوە بخوێنینەوە. ڕژێمی عێراق لەم پرۆسەیەدا تەواوی بنەماکانی پەیماننامەی جنێڤ و بەتایبەت پرەنسیپی "جیاکاریکردن"ی لەناوبرد. سوپای عێراق هیچ جیاوازییەکی نەکرد لەنێوان پێشمەرگەیەک لە سەنگەری بەرگری و منداڵێک لە گوندێکی کشتوکاڵیدا.
هاوکات، پرۆسەی ئەنفال پێشێلکارییەکی ڕاستەوخۆی (بڕگەی مارتینز - Martens Clause) بوو لە یاسای نێودەوڵەتیدا، کە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە تەنانەت ئەگەر یاسایەکی دیاریکراویش نەبێت بۆ حاڵەتێکی جەنگ، دەبێت مرۆڤەکان لەژێر پارێزبەندیی "ویژدانی گشتی و بنەماکانی مرۆڤایەتی"دا بن. بەعس بە پەیڕەوکردنی ستراتیژی "زەوی سووتاو" ئامانجی بوو ئیرادەی بەرەنگاربوونەوە لە ڕەگەوە هەڵکێشێت لە ڕێگەی وێرانکردنی تەواوەتیی ژینگەی کۆمەڵایەتی و لۆجستیی پشتیوانیی هێزی پێشمەرگەوە.
دووەم: قۆناغە مەیدانییەکان؛ نەخشەیەک بۆ وێرانکاریی سیستماتیک
بۆ جێبەجێکردنی ئەم جینۆسایدە، سەرکردایەتیی سەربازیی بەعس بە فەرماندەیی (عەلی حەسەن مەجید)، پرۆسەکەی دابەش کرد بەسەر ٨ قۆناغی مەیدانیی یەک لەدوای یەکدا، کە لە شوباتی ١٩٨٨ دەستی پێکرد و لە ئەیلولی هەمان ساڵ کۆتایی هات. ستراتیژییەکە بریتی بوو لە گەمارۆدانی ناوچەکان بە شێوەی (بازنەیی)، بۆمبارانکردنی چڕ (بە چەکی کیمیاییشەوە)، و دواتر پێشڕەویی هێزی پیادە.
١. ئەنفالی یەکەم (دۆڵی جافایەتی): لە (٢٣ی شوبات تا ١٩ی ئاداری ١٩٨٨). ئەم قۆناغە بە مەبەستی لێدانی سەنتەری فەرماندەیی هێزەکانی پێشمەرگە و سەرکردایەتیی سیاسیی کورد لە ناوچەکانی سەرگەڵو و بەرگەڵو دەستی پێکرد. سوپای عێراق چەکی کیمیایی بەکارهێنا بۆ تێکشکاندنی بەرگرییە توندەکانی پێشمەرگە و ناچارکردنیان بە کشانەوە بەرەو سنوورەکانی ئێران.
٢. ئەنفالی دووەم (قەرەداغ): لە( ٢٢ی ئادار تا ١ی نیسانی ١٩٨٨)، دوای وێرانکردنی جافایەتی، سوپا هێزەکانی ئاراستەی ناوچەی قەرەداغ و بازیان کرد. لێرەشدا هێرشی کیمیایی کرا بۆ شکاندنی هێڵی بەرگری، کە بووە هۆی ئاوارەبوونی هەزاران خەڵکی مەدەنی بەرەو سلێمانی و گەرمیان.
٣. ئەنفالی سێیەم (گەرمیان): لە (٧ تا ٢٠ی نیسانی ١٩٨٨)، ئەم قۆناغە، کە بە کارەساتبارترین و کوشندەترین قۆناغی ئەنفال دادەنرێت، ناوچەیەکی فراوانی گەرمیانی (کەلار، کفری، چەمچەماڵ، دووزخورماتوو) گرتەوە. لێرەدا ئامانجەکە تەنها سەربازی نەبوو، بەڵکو بەتەواوی "پاکتاوی ڕەگەزی و دیمۆگرافی" بوو. دەیان هەزار ژن، منداڵ، و گەنجی ئەم ناوچەیە ڕاپێچی ئۆردوگاکانی مەرگ (وەک تۆپزاوا و نوگرە سەلمان) کران و دواتر لە بیابانەکانی خوارووی عێراق زیندەبەچاڵ کران.
٤. ئەنفالی چوارەم (دۆڵی زێی بچووک): لە (٣ تا ١٥ی ئایاری ١٩٨٨)، ئۆپەراسیۆنەکە گوازرایەوە بۆ ناوچەکانی (ڕانیە، قەڵادزێ، کۆیە، و ئاغجەلەر). ئامانجی ستراتیژیی ئەم قۆناغە، لەناوبردنی ژێرخانی ئابووری و کشتوکاڵیی ئەو ناوچانە بوو، تا پێشمەرگە هیچ سەرچاوەیەکی بژێوی و مانەوەی بۆ نەمێنێتەوە لە ناوخۆدا. زۆربەی گوندەکان تەخت کران و هێرشی کیمیایی بۆ سەر گوندی (گۆپتەپە) نموونەی دڕندەیی ئەم قۆناغەیە.
٥. ئەنفالی پێنجەم، شەشەم و حەوتەم (شەقڵاوە و ڕەواندز): لە (١٥ی ئایار تا ٢٦ی ئابی ١٩٨٨)، سوپای عێراق، بە پاڵپشتیی هێزە ئاسمانییەکان، ڕووی لە ناوچە سەختەکانی پارێزگای هەولێر (شەقڵاوە، ڕەواندز، باڵەکایەتی، و دۆڵی بالیسان) کرد. ئەم قۆناغانە شەڕێکی سەختی شاخیان بەخۆیەوە بینی، بەڵام هاوکێشەی نابەرامبەری هێز و بەردەوامیی بەکارهێنانی گازی ژەهراوی، بوونە هۆی وێرانکردنی سەدان گوند و ئاوارەبوونی دانیشتووانەکەی.
٦. ئەنفالی هەشتەم (بادینان): لە (٢٥ی ئاب تا ٦ی ئەیلولی ١٩٨٨)، دوای وەستانی شەڕی عێراق-ئێران لە (ئابی ١٩٨٨)، ڕژێمی بەعس تەواوی هێزە سەربازییەکانی (سوپای یەکەم و پێنجەم)ی کۆکردەوە بۆ دوایین گورز. ئەم قۆناغە ناوچەکانی بادینانی گرتەوە و تا سنووری تورکیا کشا. ئامانجەکە کۆتاییهێنان بوو بە هەر جۆرە بوونێکی چەکداری و مەدەنیی کورد لە باکوور، بۆیە بە شێوەیەکی فراوان چەکی کیمیایی بەکارهێنرا و هەزاران مەدەنی ڕاپێچی زیندانەکانی خوارووی عێراق کران.
دەرەنجامی پڕۆسەی ئەنفال:
پرۆسەی ئەنفال، وێرانکردنی زیاتر لە(٤٠٠٠) گوند و بێسەروشوێنکردنی(١٨٢)، هەزار مرۆڤی کوردی لێ کەوتەوە. لە ڕووی سەربازی و جیۆپۆلەتیکییەوە، ڕژێمی بەعس پێی وابوو بەم ستراتیژییەی "زەوی سووتاو" و جینۆسایدە، بۆ هەمیشە کۆتایی بە کێشەی کورد دەهێنێت و ئیرادەی پێشمەرگایەتی لەناودەبات.
بەڵام ئەوەی لە زانستی ستراتیژیدا حاشاهەڵنەگرە ئەوەیە کە "ئیرادەی نەتەوەیی بە ئامێری سەربازی ناسڕێتەوە." ئەنفال لەبری ئەوەی ببێتە کۆتایی، بووە خاڵی وەرچەرخانێکی دەروونی و نەتەوەیی کە کەمتر لە سێ ساڵ دواتر، لە ڕاپەڕینی (بەهاری١٩٩١)، وەک گڕکانێکی تۆڵەسەندنەوە بەسەر هەمان ئەو سوپایەدا تەقییەوە و بناغەی قەوارەیەکی نوێی لەسەر کەلاوەکانی ئەنفال دروست کرد. ئەمڕۆ، توێژینەوەی مێژوویی لەسەر ئەنفال تەنها بۆ گریان نییە، بەڵکو بۆ تێگەیشتنە لەوەی چۆن دەبێت نەتەوەیەک هێزی بەرگریی وای هەبێت کە هەرگیز ڕێگە نەدات هاوکێشە مەیدانییەکان کارەساتێکی وا دووبارە بکەنەوە.

هاوكار محهمهد محهمهدڕهشید