کوردستان لە نێوان دوو جەنگدا: لە "بێلایەنیی سیاسی"یەوە بۆ "قەڵغانی تەکنەلۆژی"
ئەو ئاڵۆزی و جەنگانەی لە ماوەی ڕابردوودا ناوچەکەی گرتەوە، تەنها ململانێیەکی سەربازیی کاتی نەبوون، بەڵکو تاقیکردنەوەیەکی سەخت بوون بۆ سەروەریی ئەو قەوارانەی نەیانویست بببنە سووتەمەنیی بڵێسەی ئاگرەکە. هەرێمی کوردستان، سەرەڕای ئەوەی لە چوارچێوەی "بێلایەنیی سیاسی"دا مایەوە و نەبووە بەشێک لە هیچ سەنگەرێکی دژایەتی، بەڵام بە ناڕەوا و بێ پاساو زیاتر لە شەش سەد جار هێرشی کرایە سەر. ئەم ڕاستییە تاڵە پێمان دەڵێت: لە جەنگی هاوچەرخدا، بێلایەنی تەنها خواستێکی سیاسییە و پارێزبەندی دروست ناکات، ئەگەر "چەکی بەرگریی" کارات نەبێت.
سیستەمی بەرگری: مافێکی ڕەوا، نەک بژاردە
ئیتر کاتی ئەوە هاتووە کورد بە شێوەیەکی فەرمی وەک "مافی پاراستنی ژیان" داوای سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی پێشکەوتوو بکات. ئەمە داواکارییەک نییە بۆ دەستدرێژی، بەڵکو بۆ پاراستنی منداڵەکانمانە لە ژێر ڕەحمەتی درۆن و موشەکەکان. پاراستنی ئاسمانی کوردستان، قەڵغانی مانەوەی قەوارەکەمانە و هەر ڕێگرییەک لەم هەنگاوە، بە مانی مانەوەی کوردستانە وەک نێچیرێکی ئاسان.
لاوی کورد: سەرمایە و بزوێنەری بەرگری
ئێمە بۆ ئەم قۆناغە نوێیەی بەرگری، پێویستمان بە هاوردەکردنی عەقڵ نییە، چونکە کەرەستە و وزە و فکری پێویستمان لە ناوخۆدا شک دێت. لاوی کورد ئەمڕۆ لە ئاستێکی بەرزی تێگەیشتن و هۆشیاریی تەکنەلۆژیدایە؛ ئەوان خاوەن وزەیەکی بێپایان و فکرێکی پێشکەوتوون کە دەتوانرێت بکرێنە بزوێنەری سەرەکیی سیستەمی بەرگریی نیشتمانی. تەنها پێویستمان بەوەیە ئەم وزە شاراوەیە ڕێکبخرێت و متمانەی پێ بکرێت، تا ئەو عەقڵە داهێنەرانە ببنە ئەندازیاری پاراستنی ئاسمانی و زەوینیی کوردستان.
تێپەڕاندنی جەنگی کلاسیک
ئەم جەنگانە سەلماندیان کە سەردەمی جەنگی کلاسیک و چەکی کۆن کەمتر بەکار دەهێنرێت. ئێستا سەردەمی "زانستی ورد" و "تەکنەلۆژیای زیرەک"ـە. ئەرکی مێژوویی ئێمە ئەوەیە کە نەوەی نوێ و لاوە ئەکادیمییەکانمان چیتر کاتی خۆیان بە مەشقکردن لەسەر چەکی کات بەسەرچوو بەفیڕۆ نەدەن. پاراستنی خاک لەمەودوا بە "هێزی عەقڵ" دەبێت نەک تەنها بە "هێزی بازوو".
ئەنجام
کوردستان پێویستی بە ئاشتییە، بەڵام ئاشتییەک کە هێزێکی بەرگریی تەکنەلۆژی پشتیوانی نەکات، تەنها چاوەڕێکردنی کارەساتە. داواکردنی سیستەمی بەرگری و پشت بەستن بە عەقڵی ناوخۆیی لاوەکانمان، هەنگاوێکی باڵای نیشتمانییە بۆ پاراستنی نەوەکانی داهاتوو لە هەڕەشەی ئەتۆمی و کیمیایی دراوسێکان. هەرێمی کوردستان دەبێت ببێتە "قەڵایەکی زانستی" بە بازووی لاوەکانی خۆی، تا بتوانێت لە ناو ئەم گێژاوەدا بە سەربەرزانە و ئارامی بۆ ئێستاو ئایندە بمێنێتەوە.
نووسینی: سەلام مەحمود

سهلام مهحمود