مارك سانجوام كالڤێت پڕۆفیسۆری زانستی سیاسی لە زانكۆی پۆمپیۆ فابرا لە ئیسپانیا بۆ گوڵان: پێویستە هەرێمی كوردستان ڕۆڵی لە مەركەزدا هەبێت و مافی ڕەتكردنەوەی هەندێ لە بڕیارەكانی هەبێت
مارك سانجوام كالڤێت، پڕۆفیسۆری زانستی سیاسییە لە زانكۆی پۆمپیۆ فابرا لە ئیسپانیا، ئەندامی گرووپی توێژینەوەی تیۆریی كۆمەڵایەتی و سیاسییە، پێشتریش وانەبێژ بووە لە زانكۆی كەتەلۆنیا، هەروەها ڕاوێژكاری حكومەتی كەتەلۆنیا بووە. توێژینەوەی ئەنجام داوە لە زانكۆی ئیدینبێرگ، زانكۆی لاڤاڵ، زانكۆی كیوبیك لە مۆنتریاڵ. تایبەتمەندە لە بواری فیدڕاڵیزم و مافی چارەنووس و پرسی جیابوونەوە و حكومڕانی لە دەوڵەتە فرەئاستەكاندا. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێ كرد، كە پەیوەست بوون بە شرۆڤەكردنی ڕێكار و میكانیزمە دەستوورییەكانی هەندێ لە دەوڵەتە فیدڕاڵییەكان و بەراوردكاریی نێوان هەندێ لەم ڕێكارانە و ئەگەری سوودوەرگرتن و وانەوەرگرتن لە ئەزموونە سەركەوتووەكانی فیدڕاڵیزم لە جیهاندا.
* دەستووری فیدڕاڵی لە عێراق و ئیسپانیا، میكانیزم و ڕێكاری دابەشكردنی داهات و حوكمڕانیی هاوبەش لەخۆ دەگرن، بەڵام ئەوەی ئاشكرایە، ئەم ڕێكارانە نەگیراونەتەبەر و دەرئەنجامی خوازراو و چاوەڕوانكراویان لێ نەكەوتووەتەوە، كێشەكە لە چیدایە و ئایا ئەم دەستوورانە لەم ڕووەوە شكستیان هێناوە؟
- من بەم شێوەیە گوزارشتی لێناكەم و دەستەواژەی شكست بەكار ناهێنم. پێموایە ئالنگارییەكان لە عێراق و ئیسپانیادا تا ڕاددەیەك جیاوازن. ئەوەی پەیوەست بێت بە عێراقەوە، ئەوا لە قۆناغی ڕاگوزەریدا گرنگترین ئالنگارییەكان بریتی بوون لە بەدیموكراتیكردن و پەرەپێدان، ئەمەش كەیسی ئیسپانیام بیردەخاتەوە لە سەروەختی داڕشتنی دەستووری ئەو وڵاتەدا. مەبەستم دوای كۆتاییهاتنی حوكمڕانیی «فرانكۆ»یە. لەو كاتەدا ئیسپانیا ڕووبەڕووی ئالنگاریی هاوشێوە بووەوە. ڕەنگە هەر ڕێككەوتنێك كە ئەنجام بدرێت لە سەروەختی ڕاگوزەریدا، سەركەوتن بەدەست بهێنێت لە بەدیموكراتیكردن و ڕەخساندنی زەمینەی پەسەندكردنی دەستوور، بەڵام دەبێت ئەم ڕێككەوتنانە درێژخایەن بن و ئەگەر پێویست بوو پەرەیان پێ بدرێت. پێموایە كەیسی كەتەلۆنیا لەم ڕووەوە شكستی هێناوە. من شارەزایی و ئاشنایەتیی پێویستم نییە بۆ ئەوەی بڕیار بدەم ئایا ڕێككەوتنەكانی پەیوەست بە هەرێمی كوردستانەوە شكستیان هێناوە، یان نا، بەڵام ئەگەر بگەڕێمەوە بۆ كەیسی كەتەلۆنیا، ئەوا نزیكەی 40 ساڵ پێش ئێستا ئەمە كەیسێكی سەركەوتوو بوو. كەتەلۆنییەكان دیموكراسی و خۆبەڕێوەبەری و ڕاددەیەك لە ددانپێدانانیان بەدەست هێنا لە نێو ئیسپانیادا، تەنانەت زمانی كەتەلۆنی بووە زمانی فەرمی لەو هەرێمەدا، ئەوانە دەستكەوتی گرنگن و كەتەلۆنیا پەرەی بە سیاسەتی تایبەت بە خۆی و بە قوتابخانەكانی دا، ئەمەش بەرەوپێشچوون و پەرەسەندنی گرنگ بوو، بەڵام هەموو ئەمانە 40 ساڵ لەمەوبەر بوون و ئێستاش كەتەلۆنیا هەرێمێكی بەهێزتر و دەوڵەمەندترە. لەو كاتەدا كەتەلۆنییەكان لە ڕاپرسییەكەدا دەنگیان بە دەستووری نوێی ئیسپانیا دا، لەبەر ئەوەی بە دەستكەوتیان زانی، بەڵام دەكرێت دوای تێپەڕبوونی 40 ساڵ ئەم دەستكەوتە بۆ شكست گۆڕابێت. بۆچی؟ لە ڕاستیدا لەبەر ئەوەی دۆخی كەتەلۆنییەكان بەرەوپێشچووە و خەونەكانیشیان وەك نەتەوەیەك، لەگەڵیدا گەورە بوون و ئێستا ئەو خەونانەی هەیانە لەگەڵ ئەو دەسەڵاتەدا یەك ناگرنەوە كە هەیانە، ئەمەش خاڵێكی گرنگە كە دەبێت لەبەرچاو بگیرێت و دەكرێت لەم ڕووەوە هەمان پرسیار لەبارەی هەرێمی كوردستانەوە بكەین. ئایا ئەو ڕێككەوتنانەی دوای ڕووخانی سەدام حوسێن كران، كە لەو كاتەدا هەر تەنیا دەتوانرا ئەوەندە بكرێن و كوردیش پشتیوانیی لێكردن، ئەویش لەبەر ئەوەی گوشاری نێودەوڵەتی هەبوو، بەڵام ئایا دوای تێپەڕبوونی 20 ساڵ زیاتر بەسەریاندا تێڕوانینی كورد بەرانبەر ئەم ڕێككەوتنانە چین؟ پێموایە ئەمە گرنگرترین پرسیارێكە كە لە ئێستادا بكرێت.
* ئێوە لە توێژینەوەكانتاندا باستان لەوە كردووە كە ددانپێدانانی نێودەوڵەتی فاكتەرێكی گرنگ و بگرە یەكلاكەرەوەیە لە سەركەوتن، یان شكستی جیابوونەوە، بەڵام ئەوەی بەدی دەكرێت ئەوەیە كە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دوودڵییەك هەیە لە پشتیوانیكردن لە دروستبوونی دەوڵەتی نوێ، هۆكاری ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
- دەبێت لەم ڕووەوە بڵێم كە من هەندێ ڕەشبینم، چونكە پێش 30 ساڵ و دوای ڕووخانی دیواری بەرلین پشتیوانییەكی زیاتر هەبوو بۆ مافی بڕیاردانی چارەنووس، كاتێك یەكێتیی سۆڤیەت و یوگسلاڤیا ڕووخان و لە ساڵانی نەوەتەكانی سەدەی ڕابردوودا چەندین كۆماری نوێ دروست بوون، ئەوا ساتەوەختێكی گەشبینی و ئومێد بۆ هەموو ئەو نەتەوانە دروست بوو، كە خەونی ئەوەیان هەبوو بڕیار لە چارەنوسی خۆیان بدەن و لە چوارچێوەی نەتەوە یەكگرتووەكاتدا ببنە خاوەنی دەوڵەتی خۆیان. بەڵام هێشتا هەندێ نەتەوە هەن و زۆرێك لە هاووڵاتییانی كەتەلۆنیا و ڕەنگە لە كوردستانیش هێشتا ئەم ئومێدەیان هەبێت، بەڵام كێشەكە ئەوەیە ئێمە لە هەمان كەشی نێودەوڵەتیدا ناژین، بەڵكو لە ڕۆژگاری داكشانی دیموكراسی و داخوورانی نۆرمە نێودەوڵەتییەكاندا دەژین، لە نێویاندا نۆرمی پەیوەست بە مافی بڕیاردانی چارەنووسەوە، ڕەنگە ئەم مافە لە هەر كاتێكی دیكە زیاتر لە مەترسیدا بێت. ئێوە بڕواننە ئەوەی لە ئۆكرانیا- بە هۆی ڕووسیاوە- ڕوو دەدات، هەروەها ئەوە لەبەرچاو بگرن كە بەسەر فەلەستینییەكاندا دێت. كەواتە ئەمە ساتەوەختێكی خراپە بۆ مافی بڕیاردانی چارەنووس، ئەگەرچی من پشتیوانی لەوە دەكەم كە دەبێت گەلان مافی ئەوەیان هەبێت كە لە ڕێی ڕێفراندۆمەوە دەوڵەتی خۆیان هەبێت. ئەمانە بیرۆكەی گەشبینانە و پڕ لە ئومێدن، بەڵام لە ئێستادا هەلومەرجێك لەئارادایە كە هێزە مەزنەكان پشتیوانی لەم بیرۆكانە ناكەن، بەڵكو بە پێچەوانەوە، گەڕانەوەیەكی سەیری بیرۆكە ئیمپریالیستییەكان دەبینین، كە بۆی هەیە ئەمە نادڵنیاییەكی زۆر و چەندین پەرەسەندنی پێشێبینی نەكراو بەدوای خۆیدا بهێنێت. با نموونەیەك بخەمە ڕوو، هیچ كەس پێشبینیی دروستبوونی دەوڵەتی كۆسۆڤۆی نەدەكرد جگە لە ئەمریكا، بەڵام كۆسۆڤۆ نەبووەتە ئەندامی نەتەوە یەكگرتووەكان.
* ئایا ئەزموونە سەركەوتووەكانی سویسرا، یان كەنەدا چ وانەیەكیان لێ بەدەست دەهێنرێت بۆ كۆمەڵگە دابەشبووەكانی وەك ئیسپانیا و عێراق؟
- پێموایە ئەو وانانەی دەكرێت لەم ڕووەوە بەدەست بهێنرێن، یان با بڵێین لە ئەزموونە فیدڕاڵییە سەركەوتووەكانەوە بەدەست بهێنرێن، وەك ئەوەی لە بەلجیكا و لە سویسرا، یان ئەوەی لە كەنەدا هەیە، یەكەم ئەوەیە كە چارەسەرێكی بێخەوش و بێ كەموكووڕی لە ئارادا نییە، بەڵكو هەمیشە لەم ڕووەوە مشتومڕی سیاسیی بەردەوام هەیە، كە دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگرین كە ئەمانە دەوڵەتی فرەنەتەوەن. وانەیەكی دیكە ئەوەیە كە پێویستە كەمینە نەتەوەییەكان ڕا و دەنگی خۆیان هەبێت، لە نێو دەسەڵاتی ناوەندیدا، واتە ڕۆڵی خۆیان لە نێو دامەزراوە مەركەزییەكانی وڵاتەكەدا هەبێت، كە ئەنجامدانی ئەم كارەش كارێكی ئاسان نییە. ئەمە پەیوەستە بە پاراستنی حكومەتی هەرێمەكانەوە، بە دەستەبەركردنی سەرچاوەكان بۆیان، كە ئەمەش هاوشانە بە لەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتی لەلایەن ئەم حكومەتانەوە، لە هەمان كاتدا بوونی حوكمڕانیی هاوبەشیش گرنگیی خۆی هەیە. كەواتە یەكێك لەو وانەكانی پەیوەست بەو دەوڵەتە فرەنەتەوەییانەوە ئەوەیە كە توانیویانە یەكگرتوویی خۆیان درێژە پێبدەن لە ڕێی گفتوگۆكردن لەگەڵ یەكتردا و لە ڕێی بڕیاردانی هاوبەشەوە. لێرەدا مەبەستم ئەوەیە كە ئەگەر ڕێگەیەك نەدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی گرووپەكانی زۆرینە و كەمینە پێكەوە كار بكەن، ئەوا مەحاڵە بتوانرێت یەكگرتوویی وڵاتەكە بپارێزرێت. ئەگەر بە تێپەڕبوونی كات خەڵكانێك هەبن كە هەست بكەن ڕووبەڕووی سەركوتكاری و زاڵبوون بوونەتەوە لەلایەن لایەنی بەهێزی نێو وڵاتەكەوە، ئەوا دووبارە پەنا بۆ پێداگری لەسەر بەدیهێنانی سەربەخۆیی و جیابوونەوە دەبەن، بەڵام ئەم چارەسەرە شێوە و فۆرمی جیاواز وەردەگرێت و وردەكاریی جیاوازیشی تێدایە، بە تایبەتی كە ئەگەر لە نێو وڵاتەكەدا كەمینەی نەتەوەیی و زۆرینەی نەتەوەیی تێدا بێت، چونكە ئەمە واقیعەكەیە و ئەمە بارودۆخی ئەو وڵاتانەیە كە فرەیی نەتەوەیی لەخۆ دەگرن. دەبێت ئەوە لەیاد نەكەین و ئەو ڕاستییە نادیدە نەگرین كە ئەمە خۆی لە خۆیدا دۆخێك دروست دەكات، كە سەر دەكێشێت بۆ سەرهەڵدان و هاتنەئارای ناكۆكی، لەبەر ئەوە بە شێوەیەكی حەتمی نەتەوەكانی ئەم وڵاتانە ڕووبەڕووی ئەم مشتومڕە گرنگە دەبنەوە، بەڵام دۆخەكە هەرچۆنێك بێت، ئەوا دەتوانم بڵێم بە بۆچونی من تاكە چارەسەر بریتییە لە دابەشكردنی دەسەڵات، ئەمەش بەو واتایە دێت كە ئەگەر گرووپێكی كەمینە لە نێو جوگرافیایەكی دیاریكراودا هەبێت و خاوەنی سەرچاوەی خۆیان بن، بە چەشنی ئەوەی لە هەرێمی كوردستاندا بەدی دەكرێت، ئەوا پێویستە دانیشتووانی ئەم هەرێمە ڕا و ڕۆڵی خۆیان هەبێت لە ئاستی مەركەزدا، تەنانەت پێویستە مافی ئەوەیان هەبێت هەندێ لە بڕیارەكانی مەركەز ڕەت بكەنەوە و ڕێگری لێ بكەن. من نازانم ئایا بەغدا، یان مەدرید ئامادەن بۆ ئەم كارە، یان نا، بەڵام ئیدی ئەمە واقیعەكەیە.
