گه‌نده‌ڵى: نه‌خۆشیى كۆمه‌ڵایه‌تى هاوچه‌رخ خوێندنه‌وه‌یه‌ك سایكۆلۆژى بۆ ڕووخانى وڵاتێك
پێشه‌كى:
بۆ هزاران ساڵى ڕابردوو بیركردنه‌وه‌ى مرۆڤ له سه‌ر بنه‌ماى هه‌ندێ یاساى لۆژیكى به‌ڕێوه‌ده‌چێ كه سه‌رچاوه‌ى مه‌عریفه‌ى بووه، كه یه‌كێكیان شێوازى چنینهوهیى (استقراو یان induction) بووه كه مه‌به‌ست لێى پرۆسه‌ى بهڵگههێنان (استدلال)ـه كه هه‌ندێ بنه‌ماى گشتى له بابه‌ت و حاله‌تى تایبه‌تتر ده‌رده‌هێنرێ، به‌واتایه‌كى دیكه پرۆسه‌ى لۆجیكیى كه له به‌شه‌وه بۆ گشتى درێژه ده‌كێشێ و ده‌گاته دوایین ئه‌نجامه‌كانى.
بۆ نموونه:
-هه‌ر دیكتاتۆرێك گه‌نده‌ڵى بكات له كۆتاییدا له‌نێو ده‌چێ.
-فڵان وه‌ڵات و كه‌س دیكتاتۆرێكى گه‌نده‌ڵن.
-فڵان كه‌س و وه‌ڵات له‌نێو ده‌چن.
كه له‌و نموونه‌یه‌دا سه‌لمێنراوه‌كانى یه‌ك له دواى یه‌ك دیار ده‌بن كه له ئه‌نجامدا هه‌ر دیكتاتۆرێكى گه‌نده‌ڵى ئاكامه و كۆتاییه‌كه‌ى له‌نێوچوون و ڕووخانه. لێره‌دا كه باس هاته سه‌ر گه‌نده‌ڵى له جێگه‌ى خۆیدایه ئه‌و بابه‌ته زیاتر ڕوون بكرێته‌وه و ڕه‌گ و ڕیشه سایكۆلۆژى و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانى بزانرێ و له ئه‌نجامدا له سه‌ر بنه‌ماى ئه‌گه‌ر و دوهاتهكان ئه‌نجامه‌كانى بزانرێ. چوونكه وه‌ك دیاره و به‌پێى یاساكانى سرووشت هه‌ر ڕووداوێك پێشینه‌یه‌كى هه‌یه كه ئه‌گه‌ر یه‌ك به یه‌ك بگه‌ڕێینه‌وه دواوه ده‌گه‌ینه ئه‌و ڕووداوه مێژووییه‌ى كه به بیگ به‌نگ (big bang) ناسراوه و نزیكه‌ى 14 ملیار ساڵ به‌ر له ئێستا ڕوویداوه و به هۆیه‌وه ئه‌م گه‌ردوونه و 200 ملیار گه‌ردوونى دیكه‌ى كه له‌و بۆشاییه‌ى كه ئێمه به‌ناوى ئاسمان ده‌یناسین درووست بوونه‌ته‌وه، كه دواتر له نیزكهى 3 ملیار و 850 ملیۆن ساڵ پێش ئێستا بۆ یه‌كه‌م جار له دۆخێكى گونجاوى سه‌ر گۆى زه‌وى ژیان به تێكه‌ڵبوونى چه‌ند كانزاى وه‌ك كاربۆن و ئۆكسیجێن و هایدروجێن هاته‌ئاراوه و یه‌كه‌م بوونه‌وه‌رى تاك خانه‌یى دروست بوو، كه دواتر له ماوه‌ى ملیار ساڵی‌تر دار و دره‌خت و گیا و گیانه‌وه‌رانى دیكه‌ى جیاواز كه ژماره‌یان خۆى له ملیۆنان جۆر ده‌دات، له میانه‌ى گۆڕین و په‌ره‌سه‌ندن (یان Evolutionary وه‌ك شاهى زانایان زاناى مه‌زنى به‌ریتانى چارڵز داروین تیۆرییه‌كه‌ى خۆى به‌و ناوه داناوه) دروست بوون و له كۆتاییشدا و له میانه‌ى ئه‌و گۆڕینهشدا گیانه‌وه‌رێكى دیكه‌ى خێزانى پێشمرۆڤهكان و گیانه‌وه‌رانى دیكه‌ى ئامۆزاى خۆى وه‌ك شهمپانزى و مه‌یموون و بۆنابو و دواى 5 ملیۆن ساڵ گۆڕان و په‌ره‌سه‌ندن هاته سه‌ر گۆى زه‌وى، تاوه‌كو له‌و به‌ینه‌دا ببێ به میراتگرى ئه‌و جیهانه، كه له ماوه‌ى ئه‌و هه‌موو ملیار ساڵه‌ى ژیاندا به هزاران جۆریان به هۆكارى جیاواز له‌نێوچوون، و مرۆڤى ئێستا ده‌بێ وانه له مێژووى دوورودرێژى ئه‌م جیهانه و گه‌ردوونه وه‌رگرێ و كارێك نه‌كات تا به‌هۆى ڕه‌فتاره جیاوازه خراپه‌كانى خۆى و له‌وانه‌شه گه‌نده‌ڵى ببێته سه‌ره‌خۆره و سه‌رى مرۆڤایه‌تى و خۆى بخوات و ته‌فر و توناو ببێ.
گه‌نده‌ڵى چییه؟
له ده‌روونناسى كۆمه‌ڵایه‌تیدا، گرنگى به نه‌خۆشییه‌كانى كۆمه‌ڵایه‌تى ده‌درێت و به‌ناوى پاتۆلۆژیاى كۆمه‌ڵایه‌تى ده‌ناسرێت، و په‌یوه‌سته به هه‌ڵسه‌نگاندنى كۆمه‌ڵگه بۆ ئه‌م نه‌خۆشییانه به پێى پێوه‌ره‌كانى كۆمه‌ڵایه‌تى، و به‌گشتى ڕه‌فتارى تێكده‌ر و ڕووخێنه‌رن و ئاسایشى تاكى و كۆمه‌ڵگه ده‌خه‌نه مه‌ترسییه‌وه و كه‌سانى كه تووشى ئه‌و لادانانه ده‌بن مه‌ترسین بۆ سه‌ر ژیانى خه‌ڵكى دیكه، و ته‌نانه‌ت خۆیان چونكه به‌هۆى لادانى ڕه‌فتاریان ناچار ده‌بن دژایه‌تى كۆمه‌ڵگه و یاسا و ڕێساكانى ببن و ئه‌وه‌ش ده‌بێته هۆكارى ئه‌وه‌ى كه تووشى تێكچوونى ده‌روونى ببن. له‌و سۆنگه‌یه‌وه به كێشه‌یه‌كى كۆمه‌ڵایه‌تى ئابوورى هه‌ژمار ده‌كرێن و مه‌ترسین به‌سه‌ر شارسیتانیهتى مرۆڤایه‌تى.
به‌م پێوه‌ره گه‌نده‌ڵیش به ڕه‌فتارێكى لادراو هه‌ژمار ده‌كرێت و به‌ده‌ر نیه له پێناسهكانى سه‌ره‌وه، و ده‌رچوونه له پێوه‌ره‌كانى كۆمه‌ڵایه‌تى و ڕه‌فتاره ئاساییه‌كان. و زۆر و كه‌م له هه‌موو وڵاتان، ته‌نانه‌ت وڵاتانى پێشكه‌وتوو و دیمۆكراسیدا، بوونى هه‌بووه. بیردۆزه‌كانى جیاواز ڕوانگه‌ى جیاوازیان بۆیان هه‌یه. زانایانى وه‌ك جۆرینگ و هیلى و هوایت له ڕوانگه‌ى بایۆلۆژییه‌وه ته‌ماشه‌ى ئه‌م ڕه‌فتاره لادراوانه ده‌كه‌ن و بۆ فاكته‌رى فیزیۆلۆژى و بۆماوه‌یى ده‌گه‌ڕننه‌وه. زانایانى ئابوورى ئه‌گه‌ره‌كانى بۆ هه‌ژارى و بێكارى ده‌گه‌ڕێننه‌وه، و پسپۆرانى ده‌روونناسى گه‌شه پێیانوایه په‌یوه‌ندى هه‌یه له نێوان نه‌خۆشییه‌كانى كۆمه‌ڵایه‌تى و ئه‌زموونى تاڵ و شكهستهكانى مرۆڤ له قۆناغى منداڵى و په‌روه‌رده نه‌بوون له سه‌ر بنه‌ماكانى ئاسایى گه‌شه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى. و زانایانى وه‌ك فرۆید ڕوودانى ئه‌م نه‌خۆشییه كۆمه‌ڵایه‌تیانه بۆ تێكچوونى گه‌شه‌ى "منEgo " و ناتوانى "منى باڵا یان super ego" له كۆنترۆڵى "ئید Id" ده‌گه‌ڕێننه‌وه. به گشتى توێژه‌رانى وه‌ك ماستێر و پۆلاتین و كۆگلێر و ... هتد ئه‌م جۆره نه‌خۆشیانه له چه‌ند جۆر دا ده‌بینن وه‌ك كه‌سانى سایكۆپاتى (دژه كۆمه‌ڵگه)، تاوانباران، به‌كارهێنه‌رانى ماده هۆشبه‌ره‌كان و لادراوانى سێكسى به هه‌موو جۆره‌كانییه‌وه، و ده‌كرێت گه‌نده‌ڵیش له‌و لیسته‌دا زیاد بكرێت چونكه جۆره لادانێكه له بنه‌ما و به‌ها و پێوه‌ره ئاساییه‌كانى كۆمه‌ڵگه و دژى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى گشتییه، و وه‌ك له سه‌ره‌وه ئاماژه‌ى پێدرا زیان به كۆمه‌ڵگه و ته‌نانه‌ت خودى كه‌سه‌كان ده‌گه‌یه‌نێ، و زیان به لایه‌نى دركپێكردن، و بیركردنه‌وه، هه‌ڵچوون، بڕیاردان، و ته‌نانه‌ت نووستن، گونجان و تێكچوونى په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانى ئه‌و كه‌سانه ده‌گه‌یه‌نێن. له سۆنگه‌ى ئه‌وه‌ى كه ئه‌و نه‌خۆشییانه زیان به كۆمه‌ڵگه و خودى تاك ده‌گه‌ینن پسپۆران له‌و بڕوایه‌دان كه پێویسته هه‌نگاوى كرده‌وه‌یى بنێرین بۆ ڕێگریكردن لێیان و بنبڕكردنیان و پێش‌گرتن له كاریگه‌رییه نه‌رێنییه‌كانیان، و به تایبه‌ت گه‌نده‌ڵى، كه زیان به شیرازه‌ى په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و داهاتى گشتى و بهههروهدان و هه‌ده‌ردان و قۆرخكردنى له لایه‌ن كه‌سانى گه‌نده‌ڵ، كه له هه‌مان كاتدا زیانى بۆ كۆمه‌ڵگه ده‌بن و ده‌بن به هۆكارى دروستبوونى بێ متمانه‌یى تاكه‌كانى كۆمه‌ڵگه به ده‌زگا و دامه‌زراوه‌كانى حكومى و كه‌رتى تایبه‌ت، و پرۆسه‌ى سیاسى، و هه‌ستكردنى تاكه‌كان به بێهووده‌یى و بێهیوایى، و ترس له ئاییندهیى تایبه‌ت و ئابووریان، و ئه‌و هه‌سته‌ش ده‌بێته هۆكار كه تاكه‌كان نه‌توانن وه‌ك پێویست به‌رهه‌مدار بن و له كاره‌كانیان كهمترخهمى بنوێنن و كاره‌كانیان به پێى پێویست ڕاناپه‌ڕێنن، چونكه هه‌ست ده‌كه‌ن كه‌سانێك ئاسته‌نگ و كۆسپن له به‌رده‌مى بهرههمداربوونیان، و ئه‌و كه‌سانه‌ش هه‌مان ئه‌و گهندهڵكارانهن، كه به ڕه‌فتار و كرداره قێزه‌وه‌نه‌كانیان له نێو كۆمه‌ڵگه و به‌تایبه‌ت ده‌زگا حكومییه‌كان و كه‌رتى تایبه‌ت، ده‌بن به هۆكارى به‌تاڵانبردنى سامانى خه‌ڵك و یان تێكدانى یاسا و پێوه‌ره كۆمه‌ڵایه‌تى و ئابوورییه‌كان. بۆیه پێویست ده‌كات بگۆترێت له پێناو بنبڕ‌كردنى ده‌بێ به تووندترین شێواز به‌ره‌نگارى بكرێت و به ڕێگاى یاسایى هه‌ڵسوكه‌وتدا له‌گه‌ڵ بكرێت و ڕێگه نه‌درێت زیاتر له‌وه له دژى بنه‌ما یاسایى و ئاسانییهكانى كۆمه‌ڵگه هه‌نگاو بنێن، و ئه‌وه‌ش ده‌بێته هۆكارى گه‌ڕاندنه‌وه‌ى متمانه‌ى خه‌ڵك بۆ ده‌زگا یاسایى و كارگێڕییه‌كانى كۆمه‌ڵگه، و به‌تایبه‌ت دامه‌زراوه حكومییه‌كان، و گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ نێو پرۆسه و چالاكیى سیاسیى كۆمه‌ڵگه‌دا. جگه له مانه‌ش هه‌ندێ هه‌نگاوى دیكه‌ش ده‌توانن ببن به ڕێگر له‌به‌رده‌م سه‌رهه‌ڵدانى ئه‌م جۆره ڕه‌فتارانه، كه زیاتر په‌یوه‌ستن به گرنگیدانى حكومه‌ت به دامه‌زراوه‌كانى وه‌ك خێزان، و بهرزكردنى ئاستى بژێوى خێزان و خۆشگۆزه‌رانى، تاوه‌كو ببێته هه‌لێك بۆ ئه‌وه‌ى تاكه‌كان هه‌ر له سه‌ره‌تاوه هه‌ست به‌وه بكه‌ن كه پێداویستییه‌كانیان دابین ده‌كرێت و هه‌ست به ئارامى بكه‌ن و له ئایینده‌ى خۆیان نه‌ترسن و بتوانن وه‌ك كه‌سى ئاسایى په‌روه‌رده بكرێن و له داهاتوودا تووشى تێكچوونى ڕه‌فتارى و په‌نابردنه به‌ر ڕه‌فتارى ناوازه و نه‌خۆشى كۆمه‌ڵایه‌تى وه‌ك گه‌نده‌ڵى نه‌بن.
شان به شانى خێزان، قوتابخانه، ده‌زگاكانى ڕاگه‌یاندن ده‌توانن ڕۆڵێكى سه‌ره‌كى له پێگه‌یاندنى نه‌وه‌یه‌كى دهرووندرووست و ئاسایى بگێڕن. په‌روه‌رده‌كردنى تاك له سه‌ر بنه‌ماى دروست و كاركردن له پێناو گه‌شه‌كردنى "من"ـى تاكه‌كان و "منى باڵا"یان، كه خۆى له خۆیدا ده‌بن به هۆكارى گه‌شه‌یه‌كى ئاسایى ویژدانیان و توانایى كۆنترۆڵكردنى ڕه‌فتاره‌كانیان له سه‌ر بنه‌ماى ڕێزگرتن له بنه‌ما و پره‌نسیپ و به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تى و ڕهوشتییهكانى كۆمه‌ڵگه، ڕۆڵێكى به‌رچاو له كه‌مكردنه‌وه‌ى په‌نابردنه به‌ر ڕه‌فتاره لادراوهكانى وه‌ك گه‌نده‌ڵى، و زیاتر هه‌ست به به‌رپرسیاره‌تى ئه‌خلاقى و سهپێبوون به كۆمه‌ڵگه و دامه‌زراوه‌كانى لاى تاكه‌كان، و به‌تایبه‌ت له هه‌رێمێكى وه‌ك كوردستان، كه چه‌نده‌ها هه‌ڕه‌شه‌ى ده‌ره‌كى و هه‌رێمى له سه‌رى هه‌ن و به دۆخێكى هه‌ستیاردا تێده‌په‌ڕێت، و خواستى چاكسازى هه‌یه و وڵاتانى دۆستیش جه‌ختى لێوه ده‌كه‌ن، و به یه‌كێك له هۆكاره‌كانى سه‌قامگیریى سیاسى و به‌هێزى هه‌رێمه‌كه‌مان ده‌زانن.
پانۆراماى گه‌نده‌ڵى له كۆمارى ئیسلامى:
له نموونه‌ى ئه‌م گۆتاره‌دا چاوێك به‌م دیارده‌یه له وڵاتى كۆمارى ئیسلامى ئێران‌دا دهخشینین، كه له ساڵى 1979 به ڕاپه‌ڕینێكى جه‌ماوه‌رى له‌دژى حكومه‌تى دیكتاتۆریه‌تى پاشایه‌تیدا جله‌وى ده‌سه‌ڵاتیان گرته‌ده‌ست. له كاتێكدا كه زۆرینه‌ى ده‌سه‌ڵاتدارانى ئه‌م كۆماره نوێیه كهساتى سه‌ر به چینه‌كانى خواروو و نزم بوون و له سه‌ره‌تاى كاریان ته‌نانه‌ت به پاسى گشتى هاتووچۆى شوێنى كاریان ده‌كرد، ته‌نانه‌ت وه‌زیره‌كانى. به‌ڵام دواى چه‌ند ساڵێك زۆربه‌یان بوونه خاوه‌ن سامانێكى زه‌به‌ڵاح و خه‌یاڵى. له ماوه‌یه‌كى كه‌مدا ده‌ستیان به سه‌ر هه‌موو جۆمگهكانى كۆمه‌ڵگه‌ى ئێران‌دا گرت و ئه‌وانه‌ى كه تا ماوه‌یه‌ك پێشتر به ئه‌سته‌م توانیبوویان خوێندنى خۆیان له قۆناغه‌كانى خوارووتر به‌رده‌وامى پێبده‌ن له ڕێگه‌ى ناڕه‌وا و قۆپییه و گزیكردن بوونه خاوه‌ن به‌رزترین بڕوانامه‌ى زانكۆیى و ئه‌كادیمى، كه ته‌نانه‌ت هه‌ندێكیان نامه‌كانى ماسته‌ر و دكتۆرایان له لایه‌ن كه‌سانى بازرگانى دیكه نوسراو بوو، و به‌سه‌ر دامه‌زراوه و ده‌زگاكانى ڕاگه‌یاندن و ڕ‌ۆشنبیرى و زانكۆكاندا گرت، و خه‌ریكى سه‌پاندنى ئایدیۆلۆژیاى خۆیان بوونه له‌و ده‌زگا ئه‌كادیمیه به‌رزانه.
ئه‌وان ته‌نها به‌وه نه‌وه‌ستان به‌ڵكو له ڕێگه‌ى دامه‌زراندنى داموده‌زگا خه‌یاڵى و وه‌همى یان ته‌نانه‌ت له ژێر ناوى فه‌رمى هه‌موو جۆمگهكانى ئابووریى وڵاتیان زه‌وت كرد و بۆ خۆیان و خزم و كه‌سوكاریان كۆمپانیاى جۆراوجۆر، و به ناوى بریقه‌دارى ئایینى، فه‌رهه‌نگى و كولتوورى بنیات نا، و توانیان له سایه‌ى ده‌ست به‌سه‌رداگرتنى هه‌موو بازرگانیه‌كانى وڵات ببنه خاوه‌ن سامان و سه‌روه‌تێكى خه‌یاڵى. ئه‌و كاره‌یان نه‌ك ته‌نها له نێو ئێران به‌ڵكو له ده‌ره‌وه‌شدا درێژه‌پێدا و له جیاتى ئه‌وه‌ى ئه‌و سه‌روه‌ت و سامانه بخه‌نه خزمه‌ت خه‌ڵكى خێر له خۆ نه‌دیوى ئێران، كه له سایه‌ى سیاسه‌ته‌كانى شهڕئهنگێزانهى ده‌سه‌ڵاتى سیاسى وڵات، په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ هه‌موو جیهانى دیمۆكراسى تێكچووه و سه‌رى ناسازان و دوژمندارییان له‌گه‌ڵ هه‌موو جیهان هه‌بووه، پاره‌كه‌یان خه‌رجى پرۆژه‌ى جیاوازى بازرگانى و وه‌به‌رهێنان له وڵاتانى دیكه‌دا ده‌كرد، و به‌و هۆیه‌وه پاره‌یه‌كى زه‌به‌ڵاح له سامان و سهروهتى خۆیان ده‌برده ده‌ره‌وه‌ى وڵات و له بانكه‌كانى وڵاتانى ڕۆژئاوایى كۆده‌كرده‌وه و پاشهكهوتییان ده‌كرد.
له لایه‌كى دیكه‌شه‌وه له ڕێگه‌ى ئه‌و گرووپه پرۆكسیانهى كه خۆیان و له‌سه‌ر بنه‌ماى بڵاوكردنه‌وه‌ى شیعیزم له ناوچه‌كه و جیهان، كه خۆى له خۆیدا له سه‌ر بنه‌ماى ئایدیۆلۆژیاى ئایینیى خۆیان له سه‌رى ده‌چوون، جگه له‌وه‌ى كه نائارامى و شه‌ڕ و ئاژاوه‌یان له ناوچه‌كه بڵاو كردووه و به‌تایبه‌ت كه ته‌ركیزى زۆرتریان له‌سه‌ر ئیسرائیله، كه خۆى له یه‌كێك له دیارترین دروشمه‌كانى خۆیان واته " ده‌بێ ئیسرائیل له نێو بچێت"، و هه‌روه‌ها ناكۆكى له‌گه‌ڵ زۆربه‌ى وڵاتانى ناوچه‌كه و به‌تایبه‌ت وڵاتانى عه‌ره‌بى، و به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ى كه به‌شێكى دیارى دانیشتوانى شیعه‌ن، زهڵكاوێكیان له ناوچه‌كه دروست كردووه، كه ده‌رچوون لێى زۆر قورس بووه، له‌سه‌ر بنه‌ماى هه‌مان ئایدیۆلۆژیا ده‌سه‌ڵاتى سیاسیى كۆمارى ئیسلامى و له پێناو ڕكابه‌رایه‌تى و كێبڕكێ و ململانێ له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاتانه، به‌تایبه‌ت ئیسرائیل و ئه‌مریكا، ده‌ستى هاوێشته دروستكردنى چه‌كى ئه‌تۆمى و پیتاندنى یۆرانیۆم، كه ئاسته‌كه‌ى تا 60% گه‌یشتووه، و وه‌ك هه‌ندێك له به‌رپرسانى خۆیان گۆتوویانه نزیكن له دروستكردنى چه‌كى ئه‌تۆمى. بێگۆمان ئه‌وان بۆ ئه‌م مه‌به‌سته له پاره و سامانى وڵات ڕێژه‌یه‌كى چه‌ند ملیار دۆلاریان خه‌رجى ئه‌م كاره كردووه و ئه‌مه‌ش گله‌ییه‌كى زۆرى به دواى خۆیدا هێناوه و له‌نێو خه‌ڵكێكى زۆر لێى ناڕازى ته‌نانه‌ت ناڕاحه‌تن، و له سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تیش بووه هۆى ئه‌و هێڕشهى كه ساڵى 2025 شه‌ڕى 12 ڕۆژه‌ى به‌خۆیه‌وه بینى و له 28/2/2026 یش هێڕشێكى دیكه‌ى هاوبه‌شى ئه‌مریكا و ئیسرائیلیشى به‌دواى خۆیدا هێنا كه له بنه‌ڕه‌تدا بۆ ڕووداى 7 ئه‌كتۆبه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه ئیسرائیل لافى ئه‌وه لێده‌دات ئێران ڕۆڵى تێدا هه‌بووه.
ئه‌گه‌رچى پێشگۆییكردن كارێكى ئه‌سته‌مه و دووره له زانست، به‌ڵام هه‌موو ئه‌و هۆكارانه‌ى سه‌ره‌وه، كه خۆى له خۆیدا گه‌نده‌ڵییه‌كى زه‌ق و دیارن، دۆخى ئه‌و وڵاته‌یان به‌ره‌و ئاقارێك بردووه كه ئاسۆیه‌كى ڕووناكى لێ دیار نیه، به‌ڵكو ته‌نانه‌ت ڕووخانیشى له‌وانه‌یه به‌دوادا بێت. هه‌موو ئه‌و گه‌نده‌ڵییه‌ى كه به‌رۆكى وڵاتى گرتبوو و ساڵه‌هاى ساڵه مه‌ینه‌تى و ئازار و ئه‌شكه‌نجه و له‌سێداره‌دانى به‌كۆمه‌ڵ و هه‌ڕه‌مه‌كى و كوشتنى خۆپێشانده‌ران و سه‌دان تاوانى دیكه‌ى لێ هاتووه‌ته ئاراوه، ئه‌م دۆخه‌ى ئێستاى لێكه‌وتووه‌ته‌وه كه ته‌نانه‌ت خۆشیان نازانن چۆن لێى بێنه ده‌ره‌وه. به‌ڵام ئاماژه‌كان و وه‌كچۆن له پێشه‌كیى ئه‌م گۆتاره خستمانه‌ڕوو، پێشان ده‌ده‌ن كه كۆمارى ئیسلامى له سایه‌ى ئه‌م گه‌نده‌ڵییه داهاتوویه‌كى جوانى نابێ و دوور نیه بگاته ئاستى ڕووخانى.
له كاتێكدا كه بهلهبهرچاوگرتنى بنه‌ماكانى دیمۆكراسى و دادپه‌روه‌ریى كۆمه‌ڵایه‌تى و ڕێزگرتن له مافه‌كانى مرۆڤ و یه‌كسانى له‌وڵات و سازان له‌گه‌ڵ جیهانى نێوخۆ و ده‌ره‌وه و دراوسێیه‌تیى باش، ڕێگرى له پێشێلكردنى مافى نه‌ته‌وه جیاوازه‌كانى ئه‌و وڵاته، و دووركه‌وتنه‌وه له هه‌موو جۆره گه‌نده‌ڵییه‌كانى كارگێڕى، و ئابوورى، سیاسى، و كولتوورى و فه‌رهه‌نگى، و كۆمه‌ڵایه‌تى ڕێگرى له‌و نه‌هامه‌تیانه بگرێ كه ئێستا خه‌ڵك و وه‌ڵات و جیهان به‌ده‌ستییه‌وه ده‌ناڵێنن و ئاسۆى ئه‌م شه‌ڕه‌ش دیار نیه.
*پرۆفیسۆرى یاریده‌ده‌ر/ زانكۆى زاخۆ

د. نه‌سره‌دین ئیبراهیم گولى*