دایک لە ئیسلامدا شاژنی هەموو تەمەنێکە، لە هەموو سەردەمێکدا
دایک شاژنێکە کە لەسەر تەختی خێزان دادەنیشێت دڵێکی میهرەبان و بەزەییداری ھەیە کە تێیدا هەموو ماناکانی خۆشەویستی و بەخشین و قوربانیدان کۆدەکاتەوە زۆر شت دەبەخشێت بۆ ئەوەی خێزانەکەی دڵخۆش بکات، بەبێ ئەوەی لە بەرامبەردا چاوەڕوانی هیچ شتێک یان پاداشتێک بکات، ئەو سەرچاوەیە کە هەر یەکێک لە ئێمە بەرزترین بنەماکانی ژیان لێیەوە وەرئەگرین و فێری دەبین. ئەو هۆکاری بوونی ئێمەیە لەم جیهانەدا و هۆکاری سەرکەوتنمانە ئەو خوێنی خۆی و تەندروستی خۆیمان پێدەبەخشێت بۆ ئەوەی بتوانین بە تەندروستی باش بژین، ئەو یارمەتیدەرمانە لەم ڕۆژگارەی ژیانماندا دایک ئەو کەسەیە کە ئێمە دەبات بۆ بەهەشت.پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرموویەتی «الجنة تحت أقدام الأمهات» لەم فەرموودەیەدا روون و ئاشکرایە بۆ بەدەستھێنانی بەھەشت چاکە کردنە لەگەڵ دایک لە خزمەتی دابێت .
چونکە دایک سەرچاوەی دڵخۆشی و ئارامی و ئاشنابوون و دڵنیابوونە، وەک پایەیەکە بۆ بنیاتنانی ئەو خێزانەی لە کۆمەڵگا نیشان دەدات بەهۆی ئەو بەرپرسیارێتییە بەرچاوانەی کە ئەنجامی داوە. بەڵام بەداخەوە زۆرێک لە منداڵانی ئەم سەردەمە دەبینین کە شەرم دەکەن کاتێک لەگەڵ دایکیان دەڕۆن یان دەیبەن بۆ شوێنێکی گشتی شەرم لە ڕواڵەتەکەی دەکەن کە پیر بووە لە پێناو پەروەردە کردنیان و ماندوو بوونیان بۆ ئەوان شەرم لە دەرکەوتنی ئەو دەکەن، کە ڕەنگە پێیان وابێت نەگونجاو بێت، یان ڕەنگە ئەوانەی لەگەڵیان دەیبینن گاڵتەیان پێبکەن و بە پێچەوانەوە، دایکەکە دواتر لە ڕادەبەدەر دڵخۆش و بەختەوەرە، پڕە لە شانازی بە منداڵەکانییەوە کاتێک یاوەری دەکات بۆ بازاڕێک یان سەردانی کەسوکاریان دەکات.لە چوارچێوەیەکی تردا ڕەنگە هەندێک لەو کەسانەی کە هاوسەرگیرییان کردووە، یان لەبەردەم هاوڕێکانیان و کەسانی نزیک لە خۆیان لەناو کۆمەڵگادا شەرم بکەن ئاماژە بە دایکیان بکەن، بەڵام ئیسلام ڕێزێکی تایبەتی بۆ دایک داناوە لە ھەر پلەیەک یان ھەڵگری ھەر بڕوانامەیەک بێت شانازی پێوە بکەیت. خوای گەورە دەفەرموویت {وقضى رَبُّكَ أَلَّا تَعْبُدُوا إِلَّا إِيَّاهُ وَبِالْوَالِدَيْنِ إِحْسَانًا ۚ إِمَّا يَبْلُغَنَّ عِندَكَ الْكِبَرَ أَحَدُهُمَا أَوْ كِلَاهُمَا فَلَا تَقُل لَّهُمَا أُفٍّ}..[الإسراء:٢٣].
لەم ئایەتە پیڕۆزەدا خوای گەورە ئامۆژگاری بەندەکانی دەکات کە چۆن ڕێز لە دایک و باوکیان بگرن.
لە دوای خواپەرستی چاکە کردنە لەگەڵ باوک و دایکدا
فەرمانی پەروەردگارە بڕیاریداوە و وەسیەتى کردووە: دەبێ هەر خۆى بپەرستن. لەگەڵ دایک و بابدا چاکە بکەن، جا هەرکات یەکێکیان یان هەردووکیان کە چوونە تەمەن. ھەرگیز نەکەیت وشەیەکى بێزارییان پێ بڵێیت، تەنانەت بەرامبەریان ئۆفێکیش مەکە.
ھچ مێژوویەک یان پەرتووکێک نەیتوانیوە باسی پێگەی دایک بکات. وەک چۆن ئیسلام ڕێزی لێ بگرێت و پێگەی بەرز بکاتەوە لە هەموو قۆناغەکانی ژیانیدا یەکێک لە گەورەترین بەڵگەکانی پێگەی دایک لە ئیسلامدا ڕێزێکی تایبەتی لێگرتووە بە بەرزی نرخاندووە. عن أبي هريرة رضي الله عنه قال: جاء رجل إلى رسول الله صلى الله عليه وآله وسلم، فقال: يَا رَسُول اللهِ، مَنْ أَحَقُّ النَّاسِ بِحُسْنِ صَحَابَتِي؟ قَالَ: «أُمُّكَ»، قَالَ: ثُمَّ مَنْ؟ قَالَ: «ثُمَّ أُمُّكَ»، قَالَ: ثُمَّ مَنْ؟ قَالَ: «ثُمَّ أُمُّكَ»، قَالَ: ثُمَّ مَنْ؟ قَالَ: «ثُمَّ أَبُوكَ»
پیاوێک ھاتە خزمەتی( پێغەمبەرﷺ) پرسیاری کرد کێ باشترین کەسە چاکەی لەگەڵ بکەین ئەی پێغەمبەری خوا؟ پێغەمبەرفەرمووی دایکت. دایکت.دایکت. لە پاشان فەرمووی باوکت. کەواتە دایک بەرزترین جێگای ھەیە لە ئیسلامدا. میھرەبانی دایک بێ سنوورە بەرامبەر بە منداڵەکانی .بۆیە پێویستە لەسەر ئێمە لە خزمەت دایک دابین دڵیان خۆش بکەین، چونکە ئەوان بەخێوکار و پەوەردەکاری ئێمە بوون. بەڵام لە کۆمەڵگای ئێمەدا زۆرێک دایکیان بەخێو ناکەن خۆیان دوورخستۆتەوە لە خزمەتکردنی دایکیان بردووە بۆ خانەی بەساڵاچووان بەبێ ئەوەی ھەست بە گەورەیی دایک بکات کە تەواوی ژیانی خۆی بەخشیوە بە کۆرپەلەکانی بۆ ئەوەی بەسەلامەتی بژین. بۆیە پێویستە لە تەواوی قوتابخانەکان ڕۆژانە وانەیەک ھەبێت چۆن ڕێز لە دایک بگرین لە خزمتیاندابین .بەوپەڕی میھرەبانی لەگەڵیان ھەڵسوکەوت بکەین.لە کاتی گفتوگۆدا و بە وتەی شیرین و قەشەنگ وەڵامیان بدەینەوە دڵیان خۆش بکەین بە وتەی جوان.
د. عەبدولعەزیز. مەنتك
