کاتێک سیمبولی ئاشتی دەکرێتە ئامانج… جیهان چۆن وەڵام دەدات؟

کاتێک سیمبولی ئاشتی دەکرێتە ئامانج… جیهان چۆن وەڵام دەدات؟

 

لە سەردەمێکدا کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووەتە مەیدانی پێکدادانی هێزە گەورەکان و جەنگی بەرژەوەندییەکان، هەبوونی کەسایەتییەک کە بتوانێت هاوسەنگی بپارێزێت و زمانێکی هاوبەش بۆ گفتوگۆ بدۆزێتەوە، دەبێتە پێویستییەکی ستراتیجی.
سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی یەکێکە لەو کەسانەی کە لەم چوارچێوەیەدا توانیویەتی پێگەیەکی تایبەتی خۆی دروست بکات.

لە ڕووی مێژووییەوە، بارزانی لە ساڵانی 1990 ـەکانەوە بەشدار بووە لە پڕۆسە سیاسییەکانی کوردستان و عێراق، و دواتر وەک سەرۆک و سەرۆک وەزیران ڕۆڵی گرنگی لە دروستکردن و پەرەپێدانی هەرێمی کوردستان بینیوە . بە تایبەتی لە قۆناغی دوای 2006، بە “حکومەتی گەشەپێدان” ناسرا، چونکە هەوڵی دا بۆ بنیاتنانی ئابووری و دامەزراندنی دامەزراوەکان.

بەڵام ئەوەی زیاتر لە هەموو شتێک پێگەی بارزانی جیا دەکاتەوە، شێوازی بیرکردنەوەیەتی لە دیپلۆماسی. لە کاتێکدا زۆرێک لە سەرکردەکان پشت بە هێزی سەربازی دەبەستن، نێچیرڤان بارزانی بەردەوام باس لەوە دەکات کە چارەسەری کێشەکان تەنها لە ڕێگەی گفتوگۆ و چارەسەری سیاسی دێت . ئەم ڕوانگەیە وایکردووە هەرێمی کوردستان وەک “ستونی سەقامگیری” لە ناوچەکەدا ببینرێت.

لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، بارزانی توانیویەتی پەیوەندییەکی بەهێز دروست بکات لەگەڵ وڵاتە گەورەکان و ڕێکخراوەکان. لە کۆبوونەوەی Munich Security Conference دا، چەندین دیدار و گفتوگۆی ستراتیجی لەگەڵ سەرکردە جیهانییەکان کردووە، کە ئەمەش هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێکی گرنگی ئەمنی و سیاسی بەرزکردووەتەوە, هەروەها دیپلۆماتە بیانییەکان وای ده‌بینن سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی کەسایەتییەکی ناوەندییە لە دروستکردنی پەیوەندی نێوان کوردستان و جیهاندا .

لە ناوخۆی عێراقدا، یەکێک لە گرنگترین دەستکەوتەکانی بریتی بووە لە هەوڵدان بۆ باشترکردنی پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا و چارەسەری کێشە کۆنەکان وەک بودجە و نەوت . ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە دیپلۆماسی به‌لای بارزانیه‌وه‌ تەنها وشە نییە، بەڵکو پرۆژەیەکی پراکتیکییە بۆ چارەسەری کێشەکان.

لە ئاستی ناوچەییش، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان لە پڕۆسەکانی ئاشتی ـ بە تایبەتی لە نێوان PKK و تورکیا ـ گرنگترین و كاریگه‌رترین ڕۆڵی هه‌بووه‌.
ئەمەش دەربڕی ئەوەیە کە بارزانی تەنها سەرکردەیەکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو یەکێکە لە ئەکتەرە گرنگەکانی سیاسەتی ناوچەیی.

لە نوێترین ڕووداودا, هێرشکردنە سەر ماڵی سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک کاردانەوەیەکی جیهانی درووست کرد، کە لەلایەن سەرکردە نێودەوڵەتییەکان وەک نیگەرانییەکی گەورە هەژمار کرا, ئەم یەکدەنگییە نیشانیدا کە پاراستنی ئەم کەسایەتییە، تەنها پاراستنی تاک نییە، بەڵکو پاراستنی هاوسەنگی و سەقامگیری ناوچەیە.

دەتوانرێت بڵێین سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی وەک نموونەیەک لە سەرکردایەتییەکە کە لە جیهانێکی پڕ لە دابەشبوون، هێزی نەرم و دیپلۆماسی دەکاتە سەرچاوەی هێز.
بارزانی نەک تەنها بە کوردستان، بەڵکو بە ناوچەکەش و جیهان، وەک پەیوەندیدەر و هاوسەنگی‌هێنەر دەبینرێت؛ و ئەمەیە هۆی ئەوەی کە هەر ڕووداوێک پەیوەندی پێوەی هەبێت، دەبێتە بابەتێکی ویژدانی جیهانی.

Top