بۆچی ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان؟
هێڕشکردنە سەر ماڵی رێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، وەک سەرکردەو سیاسەتمەدارێکی ئاشتیخوازو خاوەن پێگەیەکی کاریگەر لە سەر ئاستی ناوخۆو دەرەوەو فاکتەری بەدیهێنانی سەروەری سەقامگیری ناوچەکەو رۆژهەڵاتی ناوین، ئاماژەی زۆرو جیاجیای لێ دەخوێندرێتەوە، لەسەروو هەموویانەوە شێواندنی ئاسایش و لێدانە لە پێگەی سیاسی و دەستووریی هەرێم و چاوهەڵنەهاتنە بەو ئارامی و سەقامگیرییەی کوردستان، هەوڵێکی زۆر نامرۆڤانەو بێ ویژدانانەیە بەرامبەر گەلی کوردو بەزۆر تێوەگلاندنی هەرێم و راکێشانیەتی بەرەو ئاگری شەڕو تەڕەفگیری جەنگ و دۆخی نەخوازراو، ناردنی زیاتر لە چوارسەد درۆن بۆ سەر کوردستان هێمایە بەوەی ئەو جۆرە گروپ و دەستە و کەس و پشتیوانانیان چاویان بە کوردستان هەڵنایەت و هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی ئاگرەکە هەرێمیش بگرێتەوە، لەهەمان کات بۆ دروستکردنی درزو ئاژاوەنانەوەو دژایەتی بێلایەنی هەرێمی کوردستان و شێواندنی بنەماکانی دیموکراسیی و سەروەری و سەقامگیری ناوچەکەو شکاندنی شکۆی عیراق و، پەکخستنی هەوڵەکانە لەمەڕ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتمانی، ئەمە وەرچەرخان و پێشهاتێکی مەترسیدارەو پێچەوانەی شەرع و یاساو بەزاندنی هەموو سنوورو هێڵە سوورەکانە!
بە پێی ئەزمونی رابردوو و هەموو هەنگاوە هاوبەشەکان دەرکەوتووە، کە کورد گەلێکی ئاشتیخوازە نەک شەڕخواز، هەمیشە ئاشتی و دیالۆگی بەلاوە گرنگ بووە، چونکە بە پێی ئەزموون و هۆشیاری سەرکردایەتی کورد ئەو راستییە بەرچاو خراوە، کە شەڕ چارەسەر نییە و پێویستە هەمووان لەسەر مێزی گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر بکەن، ئەم هەست و هەڵوێستە مرۆڤدۆستیی و پڕ لێبوردەییە؛ زادەی تێگەیشتن و پابەندی میللەتی کوردە بە پرەنسیپەکانی دینداری و مرۆڤدۆستی، کە لەجیاتی هێرش و هەڕەشە دەبێت هەمیشە لێبوردەیی و مرۆڤدۆستی بنەمای هەنگاونان و مامەڵەکردن بێت، ئەم هەست و هەڵوێستە بەردەوام لەگوتارو تێڕوانینەکانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی وەک ئەندازیاری ئاشتی و دیبلۆماسی و پارسەنگی هاوکێشە ئاڵۆزەکان لە گۆڕەپانی سیاسیدا بە کردەیی رەنگی داوەتەوەو بنەماو ستراتیژێکی گرنگ و جێگیرە، ئەمەش وای کردووە پەیوەندییەکانی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی دیکە لە ئاستێکی باش دابێت و دەستەبەری پاراستنی پێگەی هەرێم لە نێو ململانێی هەرێمی و نێودەوڵەتیەکان بکات چونکە هیچ کات رۆحیەتی تۆڵەکردنەوەو شەڕپێفرۆشتن و بەئامانجگرتنی هەرێمێکی بێلایەن، نەک خزمەت بە سەقامگیری ناکات، بگرە گورز و پەڵەیەکی رەش دەبێت بەنێو چاوانی بکەرانییەوە، بگرە ئەم جۆرە گروپ و تاقمانە هەڕەشەو مەترسی گەورەن بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە.
گەلی کورد لایەنگری شەڕ نییە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت کورد ستەمی قبووڵە، چونکە بەرگریکردن لە قەوارەی دەستووری هەرێم ئەرکێکی ئایینی و نیشتمانی گەورەیە، بە مانایەکی دیکە گەلی کورد دەریایەک خوێنی بەخشیوە تا بە ئەمڕۆی خۆی گەیشتووە، ئێستا هەرچییەکی لەدەست بێت بۆ پاراستنی دەستکەوت و سەروەری نیشتمان دەیکات، رێگە نادات کەسانێک ئەجێندا و ئامانجی خۆیان لە دووڕیانی جەنگدا لە مەیدانی کوردستان تاقی بکەنەوە و شەڕ بە کوردستان بفرۆشن، کە بەداخەوە لە پەراوێزی ئەم جەنگەوە بە درۆن هێرشی ناڕەوا دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان و دەیانەوێت گەشەو ئاوەدانی و ئابووری و ئاسایشی کوردستان و سەقامگیری کۆمەڵگەی کوردی بکەنە ئامانج و هەرێم بخەنە بازنەی ململانێ و شەڕەوە، بەداخەوە لە چەند رۆژی رابردوو پۆلێک پێشمەرگەی قارەمان بوونە قوربانی و شەهید کران و ژمارەیەکی بەرچاویش بریندار بوون، (بِأَيِّ ذَنْبٍ قُتِلَتْ)!!
ئەمە ناحەقییەکی گەورەیە بەرانبەر گەلی کورد دەکرێت، تەنها بە ئامانجگرتنی ماڵی سەرۆکی هەرێم نیە، بەڵکو لێدانە لە هەر ماڵێکی کورد لەهەر کوێی کوردستان و دونیا بێت! ئەو پیلانگێڕییە لەم کاتە هەستیارە کە ناوچەکەی پێ تێپەڕ دەبێت، مەبەست لێی بڵاوکردنەوەی ترس و دڵەڕاوکێ و شێواندنی سەقامگیری و ئارامی کوردستانە، کورد خوازیاری ئەو دۆخە نییە و نایەوێت پڕوشکی ئاگری بەرکەوێت، هەرچەندە ئەم هەوڵانە کردەی ناڕەواو ترسنۆکانەن، بەڵام ئیرادەو خۆڕاگری گەلی کورد زۆر لەوە گەورەترە بەو جۆرە هێڕشانە بشکێت، لەبەر ئەوەی کورد قۆناغی سەختی بەڕێکردووەو ئێستاش بۆ هەمووان دەردەکەوێت ئەم رەفتارانەی دوژمن دەبێتە فاکتەری زیاتری یەکڕیزی و خۆڕاگری نێو ماڵی کوردو بەهێزبوونی کوردستان.
سەرۆک بارزانی هەر زوو هەڵوێستی کوردستانی لەبەرانبەر ئەو جەنگ و ئاڵنگاری و ئاڵۆزییانەی لەناوچەکە دەگوزەرێ رایگەیاندو گوتی: "گەلی کوردستان هیچ کات لەگەڵ شەڕدا نەبووە و هەمیشە خوازیاری ئاشتی و پێکەوەژیان بووە، ئەگەر شەڕیشی بەسەردا سەپێندرا بێت، ئەوە بەرگریی لە خۆی و مافەکانی کردووە، ئەوە بنەمایەکی نەگۆڕە و لە بڕوایەکی پتەو و فەرهەنگی دەوڵەمەندی ئاشتیخوازی و پێکەوەژیانی گەلی کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێت، خەڵکی خۆشەویستی کوردستانیش دڵنیا دەکەینەوە کە بە هەموو توانایەک بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی کوردستان لە شەڕ و نەهامەتی دوور بێت و ئارامی و ئاسایش و ژیانی خەڵک پارێزراو بێت".
ئەم جۆرە هەوڵ و هێرشانە پێچەوانەی بنەماکانی ئایینی پیرۆزی ئیسلامن، کە رێگە نادات بێ هۆکار و بە بیانووی ناجۆر هەڕەشە لە ئەمن و ئارامی هیچ کەس بکرێت، ئەو جۆرە کارانە بە هەموو پێوەرێک پێچەوانەی بنەماکانی ئایینی پیرۆزی ئیسلامە، تەنانەت ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ قورئانی پیرۆز دەبینین، کە کەس ئۆباڵی ستەم و تاوانی کەسانی دیکە هەڵناگرێت، خودای گەورە دەفەرموێت: (وَلَا تَزِرُ وَازِرَةٌ وِزْرَ أُخْرَىٰ) الإسراء:15. واتە: کەس گوناهی کەس هەڵناگرێت، کەس بەرپرسیار نییە لە هەڵەی کەسانی دیکە.
هاوشان دەیان ئایەت و فەرموودە هەیە باس لەو بەها گرنگ و گەورەیە دەکات، ئیدی ناکرێت لە پەراوێزی شەڕی نێوان دوووڵات هەرێمێکی وەک کوردستان بکرێتە ئامانج، کە نەک شەڕخوازو تەڕەفگیر نیە، بگرە تا سەر ئێسقان بڕوای بە ئاشتی و سەقامگیری هەیەو خوازیاری ئارامیی ناوچەکەو وڵاتانی دیکەیە، پرسیار ئەوەیە ئەگەر لە وڵاتێکی ئیسلامی گروپی وا هەبێت بێ بیانوو شەڕ بە گەلی کورد بفرۆشێت، ئەمە لە کوێی ئایینی پیرۆزی ئیسلام ڕێگە پێ دراوەو بە چ پێوەرێک هاووڵاتی و خەڵکی سیڤیل و شوێنی نیشتەجێبوون بکرێنە ئامانج و بشێوێندرێن!؟
وێڕای سەرکۆنەو ئیدانەکردنی ئەو هەوڵە دوژمنکارییانەی بۆ سەر هەرێم دەکرێت، بەتایبەت ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە خودای مەزن تکاکارم کوردستانی خۆشەویستمان بپارێزێت و پیلانی ناحەزان تێک بشکێنێت..
*ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی و وتەبێژو بەرپرسی راگەیاندنی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان

مەلا عەبدوڵڵا شێركاوەیی