له ساڵیادى له‌دایكبوونى بارزانى نه‌مر سیمبۆلى خه‌باتى نه‌ته‌وه‌یه‌ك . . . تۆپۆلۆجیاى خه‌باتى كورد و بیردۆزه‌كانى
پێشه‌كى:
سایكۆلۆژیاى تۆپۆلۆجى (Topological psychology)وه‌ك یه‌كێك له بیردۆزه‌كانى سایكۆلۆژى بۆ هه‌وڵه‌كانى كورت لیڤین(Kurt Lewin, 1890-1947)، زاناى سایكۆلۆژى ئه‌ڵمانى، ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه به گشتى باس له فاكته‌ره‌كانى ناوخۆیى و ده‌ره‌كییه‌كانى سایكۆلۆژى، كۆمه‌ڵایه‌تى و فیزیكى كاریگه‌ر به سه‌ر تاكى مرۆڤ له ژینگه‌ى ئێكۆلۆژى خۆیدا ده‌كات و به شێوه‌ى چه‌ندین هاوكێشه و وێنه‌ى ئه‌ندازیارى و بیركارى پێشانده‌درێت، كه هه‌موو ده‌ربڕین له په‌یوه‌ندى ئه‌و فاكته‌رانه و ئه‌و ره‌فتارانه‌ى كه له كۆتاییدا به‌رهه‌م دێن، ده‌كه‌ن.
وه‌ك ئه‌وه‌ى جه‌نابى سه‌رۆك بارزانى له په‌رتووكى خۆیدا، "بۆ مێژوو ..." دا باسى لێوه‌ده‌كات و ئاماژه به ساڵى 1514 ى زایینى له مێژووى كورد وه‌ك ئه‌وه‌ى كه هاتووه و تیایدا كورد و خاكه‌كه‌ى به‌سه‌ر زلهێزه‌كانى ئه‌و سه‌رده‌مه‌ى ناوچه‌كه، واته صه‌فه‌وى و عۆسمانییه‌كان، دابه‌شكراوه، ده‌رده‌كه‌وێ كه ئه‌م مێژووه قۆناغێكى نوێى سیاسى و وه‌رچه‌رخانێكى مێژووییه له ژیانى تاكى كورد و به‌تایبه‌ت خه‌باته‌كه‌ى له پێناو وه‌ده‌ستهێنانى مافه ڕه‌واكانى. خه‌باتى كورد له پێش ئه‌و قۆناغه‌دا مۆركێكى ئایینى پێوه‌دیار بوو وه‌ك جه‌نگ و كاره‌كانى سه‌لاحه‌دین ئه‌یوبى، كه له به‌رژه‌وه‌ندى نه‌ته‌وه‌كانى دیكه‌دا بوو و هیچ سوودێكى بۆ كورد نه‌بووه هه‌رچه‌نده ئه‌و جه‌نگانه له سه‌ر شانى كورد و به به‌هاى گیانى كورده‌كان بووه، به‌ڵام دواتر و به‌تایبه‌ت له سه‌ده‌كانى دواییدا ئه‌و خه‌باته له سایه‌ى گه‌شه‌ى ئاراسته و مه‌یله‌كانى نه‌ته‌وه‌گه‌رایى له رۆژئاوا و ناوچه‌كه ڕه‌نگێكى نه‌ته‌وه‌گه‌رایانه و ناسیۆنالیستى به‌خۆیه‌وه گرت، و لاى كوردیش وه‌ك هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كى دیكه‌ى ناوچه‌كه به‌هێزتر له جاران ده‌ركه‌وت.
به‌شێوه‌یه‌كى گشتى كه باس له خه‌باتى نه‌ته‌وه‌یه‌ك ده‌كه‌ین ده‌بێ ئه‌و ڕاستییه‌كان له یاد بێ كه باس له چه‌مكى ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌ین، و وه‌ك دیاره ده‌سه‌ڵات چه‌مكێكى هه‌مه لایه‌نه‌یه كه هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌كانى مرۆڤایه‌تى له‌خۆده‌گرێ، و هه‌ر له سه‌ره‌تاى سه‌رهڵدانى مرۆڤ له سه‌ر گۆى زه‌وى له میانه‌ى ئه‌و گۆڕانكارییه پێنج ملیۆن ساڵه‌ى كه زانایانى وه‌ك چارلز داروین(Charles Darwin, 1809-1882) له تیۆره‌كه‌ى خۆیدا ئاماژه‌ى پێده‌كات و له میانه‌ى ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ى كه مرۆڤ له پێشمرۆڤه‌كانى (prehuman) پێش خۆى گه‌یشتووه ئاستى مرۆڤى سه‌رده‌م كه ناوى هۆمۆساپیێن ساپیێن (homosapiens sapiens) لێنراوه، بوونى هه‌بووه و له‌گه‌ڵ مرۆڤدا بوونى هه‌بووه و به‌شێك بووه له سروشته دانه‌بڕاوه‌كه‌ى، كه ئه‌ویش هه‌مدیسان له سه‌ر بنه‌ماى بوونى په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانى و جیاوازى و وێكچوون و خاڵه هاوبه‌شه‌كانى دانراوه و ئه‌وه‌ش دیسانه‌وه ده‌چنه نێو خانه‌ى بیردۆزییه‌كه‌ى داروین، و ئه‌مه‌ش واده‌خوازێ كه له‌و په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌دا هه‌ندێ ئه‌رك و ماف و پابه‌ندبوونیان هه‌بێ، و له ئه‌نجامدا چه‌مكێك به‌ناوى ده‌سه‌ڵات بێته ئاراوه، وه‌ك دۆخێكى كۆمه‌ڵایه‌تى و سه‌لمێنراوه‌كانى سروشتى مرۆڤایه‌تى، ته‌نانه‌ت گیانه‌وه‌ران، و ئه‌وه‌ش له پێناو گه‌یشتن به‌و ئامانجانه‌ى كه ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یانه له پێناوى هاتوونه‌ته ئاراوه. و جیاوازییه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ گیانه‌وه‌ران له‌وه‌دایه كه به‌پێچه‌وانه‌ى ئه‌وان خه‌بات و ڕێڕه‌وه‌ى به‌ره‌و ده‌سه‌ڵات هه‌نگاوێكه به‌ره‌و هێزى سیاسى كه چاوه‌ڕێده‌كرێت له كۆتاییدا به قازانجى ئه‌ندامانى ئه‌و كۆمه‌ڵگه و نه‌ته‌وه‌یه بشكێت كه ئه‌ركى ڕاپه‌ڕاندنى ئه‌م خه‌باته‌ى له ئه‌ستۆ گرتووه.
جۆره‌كانى خه‌باتى كورد:
له نێو كورد ڕوانگه‌ى جیاواز بۆ خه‌بات له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانى ئامانج و مافه‌ڕواكانى په‌یدا بوونه، كه هه‌ر یه‌كه‌یان بۆ ئه‌م ڕوانگه‌یه‌ى خۆیان به‌ڵگه یان هۆكارى جیاواز ده‌هێنن، و به دیدێكى تایبه‌ت له‌و خه‌باته ده‌ڕوانن، كه له یه‌كترى جیاوازن، هه‌ر له‌م سۆنگه‌یه‌وه كه ئه‌وانه‌ى كه له خه‌باتى كورد ده‌ڕوانن چه‌ند جۆر له‌و خه‌باته له‌به‌رچاو ده‌گرن و پێیانوایه جۆره‌كانى خه‌باتى كورد دابه‌شى سه‌ر ئه‌و جۆرانه‌ى خۆواره‌وه ده‌بن:
1-خه‌باتى چه‌كدارى: ئه‌وانه‌ى كه بڕوایان به‌و جۆره خه‌باته هه‌یه و لایه‌نگرى لێده‌كه‌ن، ئه‌و گریمانانه‌ى خواره‌وه پێشكه‌ش ده‌كه‌ن:
أ-ده‌سه‌ڵات به زه‌برى هێز و خه‌باتى چه‌كدارى داده‌نرێت.
ب-بۆیه په‌نابردنه به‌ر خه‌باتى چه‌كدارى گه‌ره‌نتى ئه‌وه ده‌كات ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ى كه له سایه‌ى ئه‌و جۆره خه‌باته به‌ده‌ستمان بگات بتوانین به‌شێك له مافه ڕه‌واكانمان وه‌ده‌ست بهێنین.
ئه‌و گرووپه بۆ پێشاندانى به‌ڵگه بۆ سه‌لماندنى گریمانه و بیردۆزه‌كه‌ى خۆیان نموونه‌كانى خه‌باتى چه‌كداریى كورد له هه‌موو پارچه‌كانى كوردستان ده‌هێنن كه كه‌م و زیاد ده‌ستكه‌وتى مه‌زنیان هه‌بووه و نموونه‌شى شۆڕه‌شى مه‌زنى ئه‌یلوول بوو كه به ڕێبه‌رایه‌تى بارزانى نه‌مر له كۆتاییدا بووه هۆى داننانى حكومه‌تى عێراق له 11 ئادارى 1970 به به‌شێك له مافه كولتوورى و كۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسییه‌كانى خه‌ڵكى باشوور، و ته‌نانه‌ت ئه‌و گرووپه پێیانوایه حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى ئێستا، كه خۆى له ستاتۆیه‌كى فیدڕالیى ئێستاكه‌ییدا ده‌بینێ به‌رده‌وامى هه‌مان 11 ى ئادارى 1970 یه، و جگه له‌وه‌ش ئاماژه به زۆر ده‌ستكه‌وتى دیكه‌ى شۆڕه‌ش و خه‌باته چه‌كدارییه‌كانى كورد له به‌شه‌كانى دیكه‌ى كوردستان، هه‌ر له سه‌ده‌ى 19 تا ئه‌مرۆ، و نموونه‌ى هه‌ره دوایینیشى خه‌باتى چه‌كدارى میلله‌تى كورد له رۆژئاواى كوردستان بوو كه ده‌ستكه‌وته‌كانى ئێستاى ئه‌و پارچه‌یه‌ى كوردستانى لێكه‌وتووه‌ته‌وه.
ئه‌و ڕوانگه‌یه بۆ خه‌باتى كورد خۆى له تیۆرێكى سیاسی‌دا ده‌بینێ كه به‌ناوى "بیردۆزى هێز" ده‌ناسرێت، و كه‌سانى وه‌ك چارلز سۆهنێر داكۆكى لێوه‌ده‌كه‌ن و پێیانوایه كه هێزى سیاسى واتاى توانایى ئه‌نجامدانى گۆڕانكار له بابه‌تى ره‌فتاره‌كانى و به فاكته‌رێكى گرنگى ئه‌م گۆڕانكاریه هه‌ژمارى ده‌كه‌ن، واى بۆده‌چن كه ئه‌و هێزه سیاسییه توانایى و هێزێكه كه نه‌ته‌وه یان كۆمه‌ڵگه‌كان ناچارى كارێك ده‌كات بۆ گه‌یشتن به ئامانجه‌كان به پێویست ده‌زاندرێ. چونكه له ڕوانگه‌ى ئه‌وانه‌وه هێز به‌شێكه له ژیان و پێكهاته‌ى سۆسیۆ-سایكۆلۆژیى كه‌سایه‌تى مرۆڤ، و كاریگه‌رى له سه‌ر ده‌وروبه‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى و ژینگه‌یى ده‌كات و فاكته‌رى گۆڕانه، كه خۆى له نێو هه‌ندێ خاڵدا ده‌بینێ وه‌ك تووندوتیژى، كاریگه‌رى، و ده‌سه‌ڵات، و هه‌ر ئه‌وانه‌ن كه به جۆرێك له جۆره‌كان ده‌چنه بازنه‌ى تیۆریى چارلز داروین، وه‌ك به‌شێك له ڕه‌فتاره‌كانى گیانه‌وه‌ر و مرۆڤه‌كان له پێناو سه‌ركه‌وتن له‌و ململانێیه به‌رده‌وامه‌ى كه له‌گه‌ڵ كه‌سانى دیكه هه‌یانه، كه تیایدا مان و ژیان و به‌رده‌وامى بۆ ئه‌و كه‌س و لایه‌ن و كۆمه‌ڵگه‌یه‌یه كه بتوانێ به هێز و توانایى خۆیه‌وه به سه‌ر ئه‌وانى دیكه سه‌ركه‌وێ و زاڵ ببێ و درێژه به بوون و مانه‌وه‌ى خۆى بدات. و بۆ ئه‌م بیرۆكه‌یه‌كى خۆیان ئاماژه به چه‌نده‌ها نموونه‌ى ناوچه و جیهانى ده‌كه‌ن كه وڵاتان دواى جه‌نگه‌كان بۆ نه‌ته‌وه‌كان دروستكراون و دواتر دانیان پێنراوه، و نموونه‌شیان هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ن كه دواى ڕووخانى خه‌لافه‌تى عۆسمانى له جه‌نگى جیهانى یه‌كه‌م له ناوچه‌كه و له ئه‌نجامى دابه‌شبوونى ئیمپراتۆریه‌تى عۆسمانى بنیاتنراون.
دیاره ئه‌م بیردۆزه ڕووبه‌ڕووى ڕه‌خنه ده‌بێ و یه‌كێك له به‌هێزترینى ئه‌م ڕه‌خنانه‌ش تێچووى گرانى مرۆیى و ئابوورى و كۆمه‌ڵایه‌تى ئه‌و جۆره خه‌باته‌یه، كه له شۆڕه‌شه یه‌ك له دواى یه‌كه‌كانى به‌شه جیاوازه‌كانى كوردستان به به‌هاى له‌سێداره‌دان و جینۆساید و ئه‌نفال و كیمیابارانكردنى سه‌دان هزار كه‌س ته‌واو بووه و ده‌هان هزار گوند و شارۆچكه و شاریش تێكدراون.
2- گرووپى دووه‌م ئه‌وانه‌ى كه وه‌ك دیارده‌یه‌كى كۆمه‌ڵایه‌تى له خه‌باتى كورد ده‌ڕوانن، ئه‌وانه‌ن كه پێیانوایه كه خه‌باتى كورد ده‌بێ به شێوه‌یه‌كى شارستانیانه بێ، و ئه‌وانیش بیردۆزه‌كه‌یان له سه‌ر بنه‌ماى ئه‌و گریمانانه‌ى خواره‌وه داده‌نێن:
أ-قۆناغێكى نوێى نێوده‌وڵه‌تى له ژیانى سیاسیى كورد هاتووه‌ته ئاراوه، و به خه‌باتى شارستانیانه و مه‌ده‌نى ده‌توانرێ ده‌ستكه‌وت بۆ نه‌ته‌وه‌ى كورد مسۆگه‌ر و گه‌ره‌نتى بكرێ.
ب-بۆیه كورد به په‌نابردنه به‌ر شێوازى خه‌باتى مه‌ده‌نیانه و شارستانیانه هه‌نگاوێكى دیكه‌ى خێرا به‌ره‌و ئه‌وه بنێ كه له سایه‌ى دیمۆكراسى و جیهانى ئازادى ئه‌مڕۆى لیبراڵى و سیكۆلار و ته‌نانه‌ت لائیتیسه گه‌یشتن به‌و ده‌ستكه‌وتانه مسۆگه‌رتر بكات.
ئه‌م گرووپه له پاش هێنانى ئه‌م گریمانانه نموونه‌كانى كێبێك له كه‌نه‌دا، و كاتالۆنیا له ئیسپانیا، و سكۆتله‌ندى به‌ریتانیا، و ... هتد، ده‌هێننه‌وه كه له سایه‌ى ئه‌م گریمانانه‌دا و له چوارچێوه‌ى وڵاتانى خۆیان توانیویانه بۆ ناوچه‌كانى خۆیان هه‌موو مافه‌كانى كولتوورى و فه‌رهه‌نگى و سیاسى و ئابوورییه‌كانى گرنگ بۆ ژیانێكى به‌خته‌وه‌رانه مسۆگه‌ر بكه‌ن به بێ ئه‌وه‌ى په‌نا بۆ خه‌باتى چه‌كدارانه و تووندوتیژى و ناكۆكى و ململانێى تووند ببه‌ن. ئه‌و ڕوانگه‌یه‌ش به جۆرێك له جۆره‌كان ده‌چێته چوارچێوه‌ى تیۆرى داروین، چونكه خۆى له خۆیدا جۆرێكه له خۆگونجاندن (adaptation) له‌گه‌ڵ ژینگه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى و فیزیكى ده‌وروبه‌ر و هه‌لومه‌رجى ناوچه‌یى و نێوده‌وڵه‌تى، كه یه‌كێكه له چه‌مكه سه‌ره‌كییه‌كانى ئه‌م تیۆره، و به هه‌وێنى پاراستنى گیانه‌وه‌ران ( و مرۆڤه‌كان) داده‌نرێت چونكه داروین پێیوایه هه‌ر گیانه‌وه‌رێك كه بتوانێ به باشترین شێوه خۆى له‌گه‌ڵ ژینگه‌ى خۆیدا بگونجێنێ ئه‌وه شانسى مانه‌وه‌ى خۆى زیاتر ده‌كات و له له‌نێوچوون ده‌پارێزێت و پێچه‌وانه‌شى دروسته.
دیاره ئه‌و گرووپه له بیروباوه‌ره‌كانى خۆیان پشت به تیۆریى سیاسیى دامه‌زراوه‌كان ده‌به‌ستن كه پێشه‌نگه‌كانى ئه‌م بیردۆزه پێیانوایه كه سیاسه‌ت شتێك نیه جگه له هه‌ندێ چالاكى حكومی و ناحكومى و په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ تاكه‌كانى كۆمه‌ڵگه، كه ئه‌و دامه‌زراوانه‌ش خۆیان له هه‌ندێ پارتى سیاسى، ڕێكخراوه‌كانت و سه‌ندیكاكان و داموده‌زگاى یاسادانان و جێبه‌جێكارى وه‌ك په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تى، و ... هتد، دا ده‌بینن، كه هه‌ڵسوكه‌وتكردنیان له‌گه‌ڵ یه‌كتر به‌ردى بناغه‌ى داڕشتنى بڕیاره‌كان و كاریگه‌رییه‌كانى سه‌ر نواندنى كۆمه‌ڵگه، و ره‌فتارى تاك و سه‌ركرده‌كانى سیاسییه.
و ئه‌گه‌ر ته‌ماشه‌ى نموونه‌كانى سه‌ره‌وه بكه‌ین ده‌بینین وه‌ك هه‌رێمى كوردستان جۆرێكن له فیدڕالیه‌ت یان هاوشێوه‌ى ئه‌و جۆره كیانى سیاسییه، كه وه‌ك دیاره فیدڕالیه‌ت شێوازێكى هاوپه‌یمانییه له باره‌ى ده‌سه‌ڵات له نێوان حكومه‌تى ناوه‌ند و حكومه‌تى فیدڕالى، له پێناو زاڵبوون به سه‌ر كێشه و گیروگرفت و ناكۆكییه‌كان، و مسۆگه‌ر و گه‌ره‌نتیكردنى مافه نه‌ته‌وه‌یى، كولتوورى و فه‌رهه‌نگى، ئابوورى، سیاسییه‌كانى ئه‌و به‌شه‌ى كه ده‌كه‌وێته نێو بازنه‌ى حكومه‌تى فیدڕالى، و له سه‌ر بنه‌ماى په‌یوه‌ندى نه‌رم و نیان له نێوان و مسۆگه‌ركردنى مافه‌كانى هه‌موو لایه‌ك به بێ په‌نابردنه به‌ر پێكدادان و تووندوتیژى و ململانێیه‌كانى وه‌ك جه‌نگ و كوشتار.
هه‌مان ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ى كه مه‌حموود تلوعى، توێژه‌رى ئێرانى، له په‌رتووكى خۆیدا له ژێر ناونیشانى " فه‌رهه‌نگى گشتى سیاسى" له لاپه‌ڕه‌ى 889 له باره‌ى كورده‌كان، و دواى ئه‌وه‌ى به‌درێژایى باس له مێژووى سیاسى كورد له ناوچه‌كه ده‌كات، و ئاماژه‌ش به‌وى داوه كه كورده‌كانى باشوورى كوردستان له چوارچێوه‌ى عێراقدا و به جۆرێكى حكومه‌تى كۆنفێدڕالى (فێدڕالى) به‌شێك له مافه‌كانى خۆى به‌ده‌ست بهێنێ، و له‌وانه‌یه ئه‌وه به جۆرێك له جۆره‌كان هه‌ڵوێستى وڵاتێك بێ كه به‌شێكى كورده‌كان به‌سه‌ریدا دابه‌شكراون و به پێى هه‌ندێ خه‌ملاندنه‌كان ژماره‌یان نزیكه‌ى 15 ملیۆن كه‌س تیایدا ده‌ژین و حه‌ز ناكات كه زیاتر له‌وه ماف به كورده‌كان بدرێت.
هه‌رچۆنێك بێ ئه‌و روانگه‌یه له خه‌باتى كورد و لایه‌نگرانى پێیانوایه كه كورد ده‌توانێ له‌م قۆناغه‌ى ژیانى سیاسیى خۆیدا له‌و وڵاتانه‌ى كه تیایدا ده‌ژین له ڕێگه‌ى دیمۆكراسیى وه‌ك هه‌ڵبژاردن و به‌شدارى كارا له رێكخراوه‌كانى مه‌ده‌نى و جه‌ماوه‌رى و سیاسى و دامه‌زراوه‌كانى فه‌رمى حكومى وه‌ك په‌رله‌مان و حكومه‌ت به‌رده‌وامى به خه‌باتى خۆیان بده‌ن له پێناو ده‌سته‌به‌ركردنى مافه‌كانى خۆیان، لانیكه‌م به‌شێكى كولتوورى و فه‌رهه‌نگى و ئابوورى و كۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسى، ته‌نانه‌ت بتوانن له‌و وڵاتانى خۆیاندا فراكسیۆنى كوردى به‌هێز له په‌رله‌مانه‌كانیان پێكبهێنن كه بتوانرێ به هۆیانه‌وه پشتگیرى له مافه‌كانى كورد له وڵاتانى خۆیان و ته‌نانه‌ت پارچه‌كانى دیكه‌دا بكه‌ن.
لایه‌نگرانى ئه‌و بیردۆزه پێیانوایه كه تێچووى ئه‌م شێوازه له خه‌بات كه‌متره له خه‌باتى چه‌كدارى كه هه‌ندێ جار به به‌هاى گیانله‌ده‌ستدانى ده‌هان هزار مرۆڤ كۆتایى پێدێت و نموونه‌شى له هه‌موو پارچه‌كانى كوردستان هه‌ن كه به دڕندانه‌ترین شێواز ئه‌و خه‌باته چه‌كداریانه سه‌ركوتكراون و هزاران كه‌س جینۆساید و ئه‌نفال و كیمیابارانكراون و هزاران گوند و شار وێران و خاپوور كراون.
به‌ڵگه‌یه‌كى دیكه‌ى كه لایه‌نگرانى ئه‌م بیردۆزه پێشكه‌ش ده‌كه‌ن ره‌فتاره‌كانى كه‌سانى وه‌ك تۆم باراك و ئیداره‌ى نوێى ئه‌مریكایه كه هه‌وڵى به‌هێزكردنى حكومه‌ته ناوه‌ندییه‌كان ده‌ده‌ن و نموونه‌شى هه‌وڵوێستیان به‌رامبه‌ر به كورد و رۆژئاواى كوردستان بوو، كه ئه‌گه‌ر هه‌ڵوێسته جدیانه‌ى جه‌نابى سه‌رۆك بارزانى و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و كوردستانیانى هه‌رێمى كوردستان و پارچه‌كانى دیكه و تاڕاوگه و هه‌وڵه دیپلۆماسییه‌كانى كورد نه‌بوایه دوور نیه به به‌هاى زیانێكى گه‌وره بۆ ئه‌م پارچه‌ى كوردستان ته‌واو ببایه.
خاڵێكى دیكه‌ى كه هه‌ڵگران و شوێنكه‌وتوانى ئه‌م بیرۆكه‌ى سیاسى ئاماژه‌ى پێده‌ده‌ن ئه‌و گۆڕانكارییه سه‌ره‌كیانه‌ن كه خۆى له گۆڕینى سیسته‌مى جه‌نگ و ململانێیه‌كانى سه‌رده‌مدا ده‌بینێ به هۆى ته‌كنه‌لۆژییاوه جه‌نگه‌كان له شێوازى جه‌نگى كلاسیك ده‌ركه‌وتوون و چوونه‌ته ئاست جه‌نگى ته‌كنه‌لۆژى و ژیرى ده‌ستكرد و چه‌كه پێشكه‌تووه‌كانى ده‌ریایى و ئاسمانى، كه كورد له‌م قۆناغه‌دا توانایى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ هیچ كامیان نیه، له‌گه‌ڵ ئه‌وشدا كه له یادمانه میلله‌تى كورد له به‌رده‌م چه‌كه كیمیاوى و فۆسفۆرییه‌كانى رژێمى گۆڕبه‌گۆڕى صه‌دام و به‌عسیش خۆى نه‌چه‌ماندووه.
جگه له‌وه‌ش و له خه‌باتى چه‌كدارى له یادمان نه‌چێ كه زۆر جار چه‌ك رێگرى له ڕوودانى جه‌نگه‌كان ناكات. باشترین نموونه‌شى هێڕشه‌كه‌ى ئه‌م دواییه‌ى ئه‌مریكا و ئیسرائیل بوو بۆ سه‌ر ئێران، له كاتێكدا كه هه‌م ئێران چه‌كى قورسى هه‌بوو و ئه‌م چه‌كانه نبوونه هۆكارى ئه‌وه‌ى رێگرى له هێڕشه‌كه‌ى ئه‌مریكا و ئیسرائیل بۆ سه‌ر خۆى بكات، و به هه‌مان ئه‌ندازه‌ش هه‌رچه‌نده كه ئیسرائیلیش خاوه‌ن چه‌كى زۆر پێشكه‌وتوو و ته‌نانه‌ت چه‌كى ئه‌تۆمیش بوو به‌ڵام ئێران هێڕشى كرده سه‌ر ئه‌م وڵاته، و سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه ئێران هه‌روه‌ها هێڕشى كرده سه‌ر وڵاتانى كه‌نداو، له كاتێكدا كه ئه‌م وڵاتانه به ساڵهاى ساڵه چه‌كى زۆر پێشكه‌وتوو له ئه‌مریكا و رۆژئاواییه‌كان ده‌كڕن و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ساڵانه به ملیارها دۆلار خه‌رجى پڕچه‌ككردنى سوپاى خۆیان ده‌كه‌ن، به‌ڵام هه‌موو ئه‌و چه‌كانه نه‌یانتوانى رێگرى له‌وه بكه‌ن كه وڵاته‌كى وه‌ك ئێران هێڕشى نه‌كاته سه‌ر ئه‌وان. به‌واتایه‌كى دیكه هه‌موو ئه‌و خه‌رجى و پڕچه‌ككردنه ئه‌وانى نه‌پاراست، و ئه‌وه‌ش هه‌ڵوێستى گرووپى دووه‌م به‌هێزتر ده‌كات و ئاماژه‌یه‌كن بۆ ئه‌وه‌ى كه چه‌ك هه‌میشه فریادڕه‌سى وڵاتان نابێ.
هه‌ڵبه‌ت نابێ له یاد بكه‌ین كه ئه‌و ڕوانگه‌یه‌ى خه‌باتى سیاسیى كورد ره‌خنه‌شى لێده‌گیرێت. بۆ نموونه له‌و وڵاتانه‌ى رۆژئاوا و كه‌نه‌دا، كه له سه‌ره‌وه ئاماژه‌یان پێدراوه وڵاتى دیمۆكراسین و جیاوازن له‌و وڵاتانه‌ى كه كورده‌كان به‌سه‌ریاندا دابه‌شكراون، كه له قۆناغه‌كانى سه‌ختى خه‌باتى كورددا نه‌ك ته‌نها چه‌كى كۆمه‌ڵكوژ و قه‌ده‌غه‌كراویان به‌كار هێناوه، ته‌نانه‌ت له دیمۆكراسیترینیشیان ئه‌و رێگه‌یه‌یان به كورد نه‌داوه كه خه‌باتى دسمۆكراسى و شارستانیه‌ته‌ى خۆى به‌كاربێنێ، و نموونه‌شى دیاریكردنى قه‌یووم له جیاتى كه‌سانى هه‌ڵبژێردراو له لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه له شاره‌وانیه‌كانى باكوورى كوردستان و گرتن و ده‌سته‌سه‌ركردنى سه‌ركرده‌كانى سیاسیى وه‌ك سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاشه، كه به‌شێكن له بنپێكردنى بنه‌ما دیمۆكراسییه‌كانى خه‌باتى شارستانیانه و مه‌ده‌نى كورد له‌م وڵاتانه. له لایه‌كى دیكه‌شه‌وه هێشتان، وه‌ك به‌رپرسانى سه‌ربازى و سیاسى ناوچه‌كه و هه‌رێم ئاماژه‌ى پێده‌ده‌ن مه‌ترسیى رێكخراوى تیرۆریستیى داعش له ئارادایه، و ئه‌و ڕاستییه تاڵه هێشتان ده‌خوازێ كه له به‌رامبه‌ر ئه‌و هێزه وێرانكه‌ره‌ى تیرۆریستى په‌نا ببردرێته به‌ر چه‌ك.
دوا وته و ئه‌نجام:
خه‌بات وه‌ك پرۆسه‌یه‌كى كۆمه‌ڵایه‌تى درێژخایه‌ن یان كورت مه‌ودا، ڕه‌هه‌ندێكى چه‌ند لایه‌نه‌ى هه‌یه، كه كۆمه‌ڵێك فاكته‌رى كه‌سێتى و كۆمه‌ڵایه‌تى و مرۆیى و ژینگه‌یى و فیزیكى و لۆجێستیكى رۆڵ تیایدا ده‌گێڕن، و هه‌ر یه‌كه له‌م فاكته‌رانه ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ به‌شدارى له سه‌ركه‌وتن و گه‌یشتن به ئامانجه‌كانى، یان شكست و سه‌رنه‌كه‌وتن له به‌دیهێنانى ئه‌و ئامانجانه‌دا ده‌كه‌ن، و هه‌ر یه‌كه له‌م فاكته‌رانه له هاوكێشه‌یه‌كى تۆپۆلۆجیاییدا و به ئه‌ندازه‌ى توانایى و كاریگه‌ریى خۆیان ده‌بن به سه‌نگى مه‌حه‌ك له‌وه‌ى كه له ئێستا و داهاتوودا لایه‌نه‌كانى په‌یوه‌ست به‌و پرۆسه‌یه ته‌كتیك و ستراتێژییه‌كانى خۆیان بگۆڕن یان جێبه‌جێیان بكه‌ن.
به‌واتایه‌كى دیكه و به پشتبه‌ستن به‌و ڕه‌خنانه ده‌بێ پرسیار له خۆمان بكه‌ین كه ئایا به پێى تۆپۆلۆجیى سایكۆلۆژیاى سیاسى و له‌شكه‌ریى وڵاتانى ناوچه‌كه و به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ى كه كوردیان به سه‌ردا دابه‌ش بووه و هێشتان له هه‌ندێكیان به دڕندانه‌ترین شێوه هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ كورددا ده‌كرێت كاردانه‌وه‌ى وڵاتان و ئه‌و حكومه‌تانه له ئاست داخوازییه ڕه‌وا و مافه سرووشتیه‌كانى كورد له چ ئاستێكدان و وه‌ك پێویست و یان ئه‌رێنى یان نه‌رێنین؟ ئایا وڵاتێكى وه‌ك ئێران له ئه‌گه‌رى په‌نابردنى كورده‌كان بۆ شێوازه‌كانى مه‌ده‌نى و دیمۆكراسییه‌كان، ئه‌وانیش وه‌ك نه‌ته‌وه‌ى ئازه‌رى شیعه‌مه‌زهه‌ب كه له دواى كۆمارى ئازه‌ربایجان له سه‌رده‌مى شاهى ئێران وه‌ك كۆمارى مهاباد سه‌ركوتكرا و ئێستا خۆیان له خه‌باتى چه‌كدارى دوورخستووه له ئارامى و ئاسووده‌ییدا ده‌بینن و وه‌ك ئه‌وان گونده‌كانمان ئاوه‌دان ده‌كرێن و وێران و چۆڵ ناكرێن، یان ئه‌و ڕه‌فتاره‌یان به‌رامبه‌ر به كوردى زۆرینه سۆننه جیاواز و به‌پێچه‌وانه ده‌بێت؟ هێشتان وڵامه ئه‌م پرسیارانه ناڕوون و لێلن. به هه‌مان شێوه له وڵاتانى دیكه‌ى كه كوردى لێ ده‌ژین و ئاواته‌خوازى گه‌یشتن به مافه‌كانى خۆیانن، دۆخى كورد له سایه‌ى خه‌باتى شارستانیانه‌ى كورد به چ ئاراسته‌یه‌كدا تێپه‌ڕده‌كات و چۆن ده‌بێ؟
به‌ڵام له دواى ڕوونكردنى ئه‌م دوو بیردۆزه له خه‌باتى كورد له قۆناغه‌كانى ڕابردوو و ئێستا و داهاتووه، ئۆمێد ده‌كه‌ین كه جه‌نگه‌كه‌ى ئه‌م دواییه‌ى ناوچه‌كه به ئاقارێكى ئاسایی‌دا تێپه‌ڕ بكات و دواترى به‌رچاوڕوونییه‌ك بۆ دۆزى ڕه‌واى كورد په‌یدا ببێ، و ئێمه‌ى كورد، كه له ئێستادا پشته‌وانییه‌كى جیهانیمان هه‌یه و رۆژئاواییه‌كان و جیهان و زۆربه‌ى وڵاتانى ناوچه‌كه ڕێزمان لێده‌گرن، و هزر و بیردۆز و سیاسه‌تى پێكه‌وه‌ژیانى ئێمه، و ئه‌زموونه سه‌ركه‌وتووه‌كانمان له هه‌رێمى كوردستان و رۆژئاواى كوردستان بووه‌ته جێگه‌ى ڕه‌زامه‌ندى و سه‌رسۆڕمان و دڵخۆشیى جیهانیان و به‌تایبه‌ت كه جه‌نابى سه‌رۆك بارزانى به سیاسه‌تى حه‌كیمانه‌ى خۆى زیاتر له هه‌ر كه‌س و لایه‌نێك جه‌خت له‌و ره‌َفتار و هه‌ڵسوكه‌وت و سیاسه‌ت و به‌هایه ده‌كات، خۆى له خۆیدا هه‌نگاوێكه كه كورد به‌ره‌و كولتوورى مه‌ده‌نیه‌ت و خه‌باتى شارستانى له قۆناغێكى هه‌ستیارى ژیانى سیاسیى كورد له ناوچه‌یه‌كى پڕ له شڵه‌ژان و په‌شێوى ده‌بات، ده‌روازه‌یه‌ك بێ بۆ ئه‌وه‌ى كه وڵاتانى ناوچه‌كه‌ش پێداچوونێك به ره‌فتار و هه‌ڵسوكه‌وتى خۆیان به‌رامبه‌ر كورددا بكه‌ن و به چاوێكى مرۆڤایانه‌تر و له‌سه‌ر بنه‌ماكانى دیمۆكراسى و ڕێزله كورد گرتن به سیاسه‌ته چه‌وته‌كانى خۆیاندا بچن، و كورد ناچار نه‌كه‌ن كه وه‌ك جاران په‌نا ببه‌نه به‌ر چه‌ك و تووندوتیژى بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى، به‌ڵكو ببن به ده‌روازه‌ى خێر و خۆشى بۆ خۆیان و نه‌ته‌وه‌كانى ناوچه‌كه و به‌تایبه‌ت كورد، تا به یه‌كه‌وه ده‌ست له ناو ده‌ستى یه‌ك به‌خته‌وه‌رى له باوه‌ش بگرین و له جیهانێك كه له دواى ملیارها ساڵ له نه‌بوونى ژیان له 3.850 ملیار ساڵى دوواییدا ده‌رفه‌ت به سه‌رهڵدانى ژیان دراوه و له‌و ماوه‌یه به سه‌دان هزار بوونه‌وه‌ر و دار و دره‌خت و گیا و گیانه‌وه‌ر و له‌وانه‌ش مرۆڤ سه‌ریان هه‌ڵداوه، بزانین ئاخۆ عاقیبه‌تى چى ده‌بێ و ئایا مرۆڤ ئه‌م جیهانه له خۆى تێكده‌دات و به بۆمبه ئه‌تۆمى و كیمیاوییه‌كانى ژیان و مرۆڤایه‌تى له ناو ده‌بات یان دیارده‌یه‌كى دیكه‌ى بیگ به‌نگ جارێكى دیكه ڕووده‌دات و بۆ ملیارها ساڵى دیكه جیهان ده‌گۆڕێت؟
وه‌ك دیاره هه‌موو فاكته‌ره‌كانى كه له سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێدان ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ كاریگه‌رییان هه‌یه به سه‌ر تۆپۆلۆجیاى خه‌باتى كورد، له قۆناغه جیاوازه‌كانى ژیانى سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ى. به‌واتایه‌كى دیكه ئه‌م خه‌باته هه‌لقووڵاوى كاریگه‌رى كۆمه‌ڵێك فاكته‌رى نێوخۆیى و ده‌ره‌كین كه له سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان به به‌شێكیاندا، و له‌و پرۆسه‌یه‌دا خه‌باتى كورد خاڵى هاوبه‌ش و ناكۆكى له‌گه‌ڵ خه‌باتى نه‌ته‌وه و میلله‌تانى دیكه‌ى هه‌یه، كه هه‌ندێكیان ته‌نها تایبه‌تن به كورد و له شوێنى دیكه نموونه‌یان نیه، به‌ڵام هه‌ن ئه‌و شتانه‌ى له نێو كوردیش هاوشێوه‌ى نه‌ته‌وه‌كانى دیكه‌ن و تیایدا هاوبه‌شین. به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه كه كورد بتوانێ هاوسه‌نگییه‌ك له نێوان ئه‌و دوو جۆره خه‌باته‌ى دروست بكات له پێناو ده‌ستبه‌ركردنى مافه‌كانى نه‌ته‌وه سته‌ملێكراوه‌كه‌ى خۆى له هه‌ر پارچه‌یه‌ك له كوردستان به پێى هه‌لومه‌رجه‌كانى هه‌مان پارچه و حكومه‌ته‌كانى ناوه‌ندى له سه‌ر بنه‌ماى یه‌كده‌نگى و یه‌كڕه‌نگى كورد، و به هه‌مان ئه‌ندازه‌ش له چوارچێوه‌ى به‌ها مرۆییه‌كانى نه‌ته‌وه‌كانى دیكه‌ى ناوچه‌كه، كه هه‌موومان خاوه‌ن چاره‌نووسێكى هاوبه‌شین و سنووره كۆمه‌ڵایه‌تى و كولتوورییه‌كانمان كه‌من و ده‌بێ ڕێز له‌و سنوورانه بگیرێن.
*پرۆفیسۆرى یاریده‌ده‌ر/ زانكۆى زاخۆ

د. نه‌سره‌دین ئیبراهیم گولى*