خوێنی پێشمەرگە هەوێنی کوردستانێکی بەهێزتر و شکستی نامەرد و تیرۆریستانە
مێژوو گەواهیدەرە گەلی کورد،وەک نەتەوەیەکی ڕەسەنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، هەرگیز هەڕەشە و مەترسیی و داگیرکەر نەبووە بۆ سەر دراوسێیەکان و گەل و نەتەوەکانی ناوچەکە ، بەڵکو خەبات و بەرخودانی تەنها لە پێناو کۆتایی هێنان بە جەنگ و هێنانەدی ئاشتی بوو ، بەتایبەتی گەلی کورد خاوەن هێزێکی خۆڕسکە بەناوی پیشمەرگەی کوردستان کە خوێن و ڕۆح و چیاو دۆڵ و دەشتی کوردستان سەری هەڵێناوە و گەشەی کردووە جیاواز لەگەڵ هەموو هێزە سەربازییەکانی ناوچەکە و جیهان ، هەر ئەوەشە هەمیشە وەک هێزێکی فڕیادڕەس و ئاشتیخواز نەک تەنها بۆ کوردوکوردستان بەڵکو هەمیشە مایەی سەقامگیری و دڵنییایی بووە بۆ گەل و نەتەوە و فەراهەمکردنی ئاشتی بۆ پێکهاتە ئایینی و ئایینزاکان و بە کردەوەو مێژوویش سەلمێنەرە و لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتییش متمانە پێکراو ترین هێزە
لەڕووی دەستووری و یاساییشەوە لە نێو دەستووری هەمیشەیی ، هێزێکی متمانەپێکراو و ئاشتیپارێزە و هەمیشە هۆکار و پارێزەری سەقامگیری و ئارامی بووە ، هەرگیزیش وەک سوپایەکی داگیرکەر هەڕەشە نەبووە بۆ سەر هیچ وڵاتێک و نەتەوەیەکی ناوچەکە
ئەوەی جێگەی هەڵوەستەکردنە ، دوژمنانی پێشمەرگە و کوردستان ،چاویان بەشکۆ و پێگەی پێشمەرگە هەڵنایەت و چاویان بە سەرکەوتن و گەشەسەندنەکانی کوردستان هەڵنایەت ، چونکە گروپ ومیلیشیاکانی دیکە وەک تاقمی مورتەزەقە و بەکرێگیراو لەلایەن وڵاتانەوە بۆ مەرامی تایبەتی خۆیان و کاری تێکدەرانە بەکار دەهێنرێن و نموونەی بەرچاویش میلیشیاکانی حەشدی مورتەزەقەیە , ئەوەش وایکردووە دوای هۆشدارییەکانی ئەمەریکاو هاوپەیمانان بۆ هەڵوەشاندنەوەیان بەڵام لە ژێر کاریگەری ئێران بوونەتە مەترسی بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و جیهان و بەتایبەتی هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان کە لەماوەی رابردوو دا چەندین جاری هێرشی مووشەکی و درۆنی دوژمنکارانەیان بۆ سەر خەڵکی کوردستان و بارەگاکانی هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان و دامودەزگاکانی کوردستان ،ئەوەش ئاماژەیەکی روونە بە شکستی ئەو وڵاتە و ڕیسوایی ئەو تاقم و گروپە میلیشییایانە بۆ ئەوەی کوردستان لە نێو ئەو شەڕ و ململانێیەکانی ناوچەکە دا تێوە بگڵێنن ، شکست و کردەوە تیرۆریستەکانیان بشارنەوە ، بەشێوەیەکی زۆر دوژمنکارانە بە مووشەک و درۆن پەلاماری قەوارەی کوردستان و بەرژوەندییە ئابووری و شوێنە سڤیلەکان دەدەن ، ئەوەش پێشێڵکردنێکی ئاشکرایە سەروەری خاکی کوردستان هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکانە
ئەو هێرشە تیرۆوریستانە کاری رۆژ و شەوێک نین , بەڵکو ئەمەش جاری چەندەمینە پەلاماری کوردستان و پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی دیکە بدەن ،بۆیە ، پەیامە مێژووییەکەی سەرۆک مسعود بارزانی ، دژی ئەو کردەوە تیرۆریستانەیە و لە هەمانکاتدا ستەمێکی گەورەیی دیکەیە بەرامبەر بە گەلی کورد ، جارێکی دیکەش بەهەموو جیهانی گووت : پێشمەرگە ئازیزترین و بەنرخترین سەرمایەی گەلەکەمانە ، ئەوەش ئاماژەیەکی روون و راستییەکی قووڵی نەتەوەییە بەرانبەر بە پێشمەرگە ، چونکە مێژوو گەواهیدەرە ، تاکە هێزی ئاشتی و سەقامگیرییە و هەمیشە سنگی خۆی کردۆتە قەڵغانی ئاشتی و پارێزگاریکردن لە مرۆڤایەتی و ئاشتی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی
بەدڵنییاییەوە ، ئەو کردەوە تیرۆریستانە نەک هەر ناتوانن ئیرادەی کوردستان لاواز بکەن بەڵکو هەمیشە دەبنە هۆکاری بەهێزتر بوونی ڕیزەکانی گەلی کورد ، ئەوەش روون و ئاشکرایە , بە پێی مادەدی 117ی دەستوور نەک هەر هەرێمی کوردستان ، قەوارەیەکی فیدڕاڵییە و مافەکانی تێیدا دەستبەرە دەکات و ماددەی 121یش ئەو مافە بۆ خۆبەڕێوەبردن دەبات لە ڕووی کاروباری دەزگە ئەمنییەکان و بەتایبەت بەفەرمی ناساندنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ پارێزگاریکردن لە خاک و نیشتیمانی کوردستان
شاراوە نییە ، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕووبەڕووی شەڕێکی گەورە و قورس لەنێوان ئەمەریکاوئیسرائیل و ئێران بووەتەوە ، بەڵام لە سەرەتایی ئەو گۆڕانکاری و پێشهاتانە , سەرکردایەتی سیاسی گەلی کورد زۆر ژیرانە و لۆژیکانە مامەڵەی لەگەڵ رووداوەکان کردووەو هەرگیز نەبووەتە لایەنی ئەو شەڕانە , بەڵام پێدەچێت ئێران ومیلیشیا تیرۆریستەکان نەتوانن هەرسی سەقامگیری و ئارامی و پێشکەوتنەکانی کوردستان نەکەن ، بۆیە زۆر ترسنۆکانە و نامەردانە و دوور لە هەموو بنەما نێودەوڵەتییەکان بە درۆن و مووشەکی بالستیک پەلاماری کوردوکوردستان و پێشمەرگە دەدەن و هێرش دەکەن سەر ماڵ خەڵکی سڤیڵ و موڵکی گشتی ئەوەش ئەوپەری کردەوەیەکی ترسنۆکانە و تیرۆریسیتە بەرامبەر کوردوکوردستان
بۆیە ، بە پێی یاسا و دەستووریش ، یاسا نێودەوڵەتییەکانیش هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان مافی بەرگریکردنی هەیە لە خاک و نیشتیمانی خۆی و لە هەر جۆرە هێرشێکی تیرۆریستی وڵاتانی ناوچەکە و یانیش میلیشیا و گروپە تیرۆریستەکان ، بۆیە ، هەرێمی کوردستان چەندین ساڵە بە پشوودرێژی مامەڵەی کردووە و تەنها لە چوارچێوەی سیاسەت و ستراتیژی بەرگریکردن بووە , بۆیە چیتر نابێت چاوەروانی هێرش وپەلاماردانی تیرۆریستی و نامەردانە بکات و دەبێت مەترسی و هەرەشەی تیرۆریستان لەسەر قەوارە کەی دوور بکاتەوە ،بەتایبەتی کە عێراق دەوڵەتێکی لاوازە و توانایی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو میلیشیاو گروپانە نییە و چەندین جاریش لێژنەی پێکهێنان بەڵام هیچ هەنگاوێک نەهاویشترا , بە پێچەوانەوە ئەو تاقم و گروپانە لەلایەن حکومەتی بەغداوە و پارە و چەک و بودجە بۆ ئەو گروپ و میلیشیایانە دابینکردووە
ئەم کردەوە تیرۆریستیانە بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان خەونێکە بۆ ئەوەی هەریمی کوردستان لە ئامانجەکانی پاشگەز بکاتەوە و شکۆ وئیرادەی گەلی کورد لاواز بکات , بەڵام گەلی کوردستان خاوەن سەرکردایەتیەکی بەهێز و رابەرێکی دانا و گەلێکی بەهێز و خۆڕاگرە و هەمیشە ژیرانە دەستی بۆ ئاشتیخوازی بۆ هەمووان درێژکردووە , لەهەمانکاتیشدا سەروەری خاک و نیشتمان و قەوارەکەی هێڵی سوورە
بۆیە،پارێزگاریکردن لە قەوارەیەی کوردستان هەمیشە پابەندبوون بە دەستوور و یاسایی نێودەوڵەتیی ،لەهەمانکاتیشدا مافی رەوای خۆیەتی ڕووبەڕووی هەموو ئەو هێرشە تیرۆریستیانە ببێتەوە کە سەروەری و ئائارام وسەقامگیری کوردستان دەخانە مەترسییەوە کاتی کۆتاییهێنانە بەو کردەوە تیرۆریستانە و نامەردانەی نەیارانی کوردستان و خوێنی شەهیدانی پێشمەرگە دەبێتە هەوێنی بەهێزتر بوونی کوردستان و سەرکەوتنی گەورە و دوژمنان و نەیارانیش سەریان لە چیا سەرکەشەکانی کوردستان دەدەن

رێبوار حەمەلاو شوانی