نەریت و یارییە میللیەكان لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا
مانگی ڕەمەزانی پیرۆزی ئەمساڵ، كەوتە ناو وەرزێكی فێنك و لە ماوەی بەرۆژووبوونیشدا كورت بوو، بەڵام بەهۆی بوونی ئەو جەنگەی لە وڵاتانی دەوروبەر، خەڵك هێندە تامەزرۆیی بۆ ڕەمەزان نەما، بەهۆكاری ئەوەی زیاتر خەریكی هەواڵەكان و بوونی ئەو هێرشانەی سەر شارەكانی كوردستان، وێڕای ئەوەش خەڵكی كوردستان لە یادكردنەوەی مانگی ڕەمەزان و شێوازەكانی ئەو مانگەدا بەردەوامن. جاران نەریتێكی جوان لە كوردستاندا هەبوو، كە تا ئێستاش ماوە، ئەوەش بردنی خواردن و خواردنەوە و شیرینی بوو بۆ ماڵانی دراوسێ و خزم و كەس، هەروەها یارییە میللەكانی شەوانەی گەنجان و پیاوان تا ئێستاش ماوە، بەڵام وەك جاران نییە، لەوانە: یاریی سنی سنیانێ، كڵاوێن، كە سەر لە ئێوارەوە لە ماڵان و باخچە و شوێنە گشتییەكاندا هەبوون. بەهۆی سەرمای ئەمساڵەوە باخچەكان نەبوونە شوێنی كۆبوونەوە و یاریكردن، هەر بۆیە لە ماڵان و لە شوێنی تایبەتەدا یارییە میللییەكان ئەنجام دەدرێن، یەكێك لەو یارییە كەلتوورییانە بریتییە لە سنی سنیانێ، كە یاریزانان بەدەم خواردنەوەی چا و خواردنی شەوچەرە و میوزیك و گۆرانییەوە، تاوەكو نزیكی پاشیڤ بەردەوامن لە یاریكردن. سینی و زەرف یارییەكی دێرینە و زیاتر لە 200 ساڵە لە شەوانی ڕەمەزاندا لە هەولێر دەكرێت، جگە لە هەولێر، لە كەركووكیش یارییەكی باوە، ئەو یارییە كەلتوورییە لە سینییەك و 11 فنجان پێك هاتووە، لەژێر یەكێك لە فنجانەكاندا موروویەك دەشاردرێتەوە، ئەو كەسەی مورووەكە بدۆزێتەوە، دەبێتە براوەی یارییەكە.
