باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق کرایە ئامانجی هێرشەکان
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕۆژی سێشەممە 16ی ئادار بڵاویکردەوە، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق کراوەتە ئامانجی هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.
ئەو دەزگایە میدیاییە بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئەمنییەکانی عێراق بڵاویکردەوە، مووشەک و لانیکەم پێنج فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئاراستەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا کراوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەلایەن سیستمی بەرگری ئاسمانییەوە خراوەتە خوارەوە و فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان خۆی کەوتووەتە سەر کۆمپیوندەکەی باڵیۆزخانەکە، لەوێشەوە دوکەڵ و ئاگر بینراوە.
هەروەها دەنگی تەقینەوە لە پایتەختی عێراق بیستراوە.
بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، تاقمەکانی سەر بە ئێران لە عێراق چەندین جار هێرشیان کردووەتە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا.
گوڵان: سەردار خەلیل
