ئەگەر نیگەرانی هەناردەی نەوتن، سەرەتا بۆردومانەکان ڕاگرن
ئەگەر حكومەتی عێراق بەڕاستی نیگەرانه لە ڕازی نەبوونی هەرێمی كوردستان بە زیادكردنی هەناردەی نەوت بە بۆری كوردستان بۆ جیهان، پێویستە سەرەتا لە خۆی بپرسێت؛
چونكە چەندین ساڵە ئابلۆقەی ئابوری خستووەتە سەر هەرێمی كوردستان، بوجه و مووچەی خەڵكی كوردستانی ڕاگرتووه و هەموو ڕۆژێكیش بیانوویەكی نوێ بۆ نە ناردنی مووچە دەدۆزێتەوە, ئەمە هاوبەشی نییە، ئەمە فشاری سیاسی و هەوڵێكە بۆ خنكاندنی خەڵكی كوردستان.
هەروەها باشترە حكومەتی عێراق ئەو پرسیارە لەو گرووپە میلیشیا تیرۆرستییانەش بكات كە بەردەوام كێلگەكانی نەوت و سەرچاوەكانی وزەی كوردستان بۆردومان دەكەن و بوونەتە مەترسییەكی ڕاستەقینە بۆ ئابوری و ئاسایشی هەرێم.
بۆچی كاتێك ئەم تاوانانە ڕوو دەدەن، هیچ بەیاننامەیەك لە لایەن بەغداوە دەرناچێت؟ بۆچی حكومەتی فیدراڵ بە پێی دەستوور ئەركی خۆی جێبەجێ ناكات بۆ پاراستنی سەرچاوەی وزە و ئاسایشی وڵات و بەرنگاربوونەوەی ئەو گرووپە تیرۆرستیانه؟
بۆچی ئەو كاتانه دەنگتان نیه؟
باشە ئەو پرسیارە لە گرووپە تیرۆرستیهكانی حەشدیش بكەن؛
كاتێك كێلگەكان بۆردومان دەكرێن و سەرچاوەكانی وزە دەكرێنە ئامانج، بیانیەكان هەموویان ڕوویشتوون و هیچ كەسێك بەرپرسیاریەتی نەگرتە ئەستۆ.
ئەگەر حكومەتی فیدراڵ بەڕاستی باوەڕی بە هاوبەشی و دەستوور هەیە، پێویستە بە یەكسانی مافەكانی هەرێمی كوردستان بپارێزێت، سەرچاوەكانی وزە بپارێزێت و ئاسایش و ئارامی كوردستان دابین بكات.
نەوەكو لە كاتی قەیران و لاوازیدا بە شێوەیەكی تاكتیكی دوو مانگ مووچە پێش بخات و دواتر دووبارە دەستی بخاتە بێنەقاقای خەڵكی كوردستان و بە ئابلۆقەی ئابوری هەوڵی خنكاندنیان بدا .

ئـــهحــمــهد گـــلــی