فێستیڤاڵی بازاڕی گشتی شەوانەی رەمەزان لە كوردستاندا
لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا، چەندین چالاكیی كۆمەڵایەتی و گشتی ساز دەكرێن، لەوانە: یارییە كەلتووری و كۆمەڵایەتییەكان، هەروەها چالاكیی گشتیی وەك بازاڕی شەوانە و فێستیڤاڵ. ئەمساڵیش لە سەنتەری شاری هەولێر و لەبن قەڵای هەولێردا فێستیڤاڵ و بازاڕی خێزانیی تایبەت بە مانگی ڕەمەزانی پیرۆز كرایەوە. ئەو فێستیڤاڵە لەلایەن سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولیرەوە ڕێك خراوە، ژمارەیەكی زۆر كۆشك و ستاند دانراون و تێیاندا خواردنی كوردەواری و خواردنی بیانی و كاری دەستی و چالاكیی هونەری و جۆراوجۆری دیكە نمایش دەكرێن، ئەمە جگە لەوەی جووڵەیەكی زۆریشی بە سەنتەری شاری هەولێر بەخشیوە، ستاند و كۆشكەكانی فێستیڤاڵەكە بە شێوەیەكی مۆدێرن دانراون، لە بەرامبەر نرخێكی ڕەمزی و بە درێژایی مانگی ڕەمەزان بەردەوام دەبێت. ئەوانەی بەشدارییان كردووە بەرهەم و كەرەستەكانیان لەم كۆشكانە نمایش دەكەن، گەشتیاران و خەڵكی شارەكانی كوردستانیش بۆ سەردانی و وێنەگرتن و بەسەربردنی كاتێكی خۆش سەردانی فێستیڤاڵەكە دەكەن.
