تووڕەبوون لە ساتەكاتی ڕۆژوودا
تووڕەبوون لە ساتەكاتی ڕۆژوودا حاڵەتێكی باوە لەبەر دابەزینی ئاستی شەكری خوێن، كەمبوونەوەی ڕێژەی شلەی لەش، هەروەها سترێس و هیلاكیی فیزیكی كە لە توانای ڕێكخستن و كۆنتڕۆڵكردنی هەستەكان كەم دەكەنەوە. لەكاتی ڕۆژوودا، ئاستی شەكری خوێن دادەبەزێت، وزەی مێشك كەم دەبێتەوە، ئەمەش هۆكارە بۆ هەستكردن بە ناڕەحەتی و كەمبوونەوەی توانای بەرەنگاربوونەوەی سترێس، هەروەها كەمبوونەوەی ڕێژەی شلەی لەش كە كاریگەریی نەرێنی دەكات سەر فرمانەكانی میشك و دەبێتە هۆی پەستی و هەڵبەزین و دابەزینی مەزاج. خۆپاراستن: بڕێكی باشی ئاو و شلەمەنی لەكاتی پارشێو و بەربانگ و شەودا بخۆرەوە، كاربۆهیدراتی ئاڵۆز بخەرە ژەمەكانی پارشێو و بەربانگ، وەك: دانەوێڵەی تەواو و پاقلەمەنییەكان و خۆراكی دەوڵەمەند بە ڕیشاڵ، سترێسی فیزیكی بە ناوە ناوە پشووودان كەم بكەوە، خۆت سەرقاڵ بكە چەند چالاكییەكی سووكەوە بۆ بەلاڕێدابردنی هەستی برسیبوون، هەروەها دووركەوە لە هەر ورووژێنەرێكی تووڕەبوون، بەتایبەتی لە ساتەكانی نزیك بەربانگدا.
