بۆ زانیاریت نەوت چۆن دروست دەبێت؟

بۆ زانیاریت  نەوت چۆن دروست دەبێت؟

 گەشتێك بۆ ملیۆنان ساڵ پێش ئێستا، ئایا تا ئێستا بیرت لەوە كردووەتەوە ئەو سوتەمەنییەی ئەمڕۆ بزوێنەری جیهان بەگەڕ دەخات، سەرچاوەكەی چییە؟ نەوت تەنیا شلەیەكی ڕەش نییە، بەڵكو چیرۆكێكی جیۆلۆجیی ئاڵۆزە، كە ملیۆنان ساڵی خایاندووە.

 قۆناغەكانی دروستبوونی نەوت: سەرچاوە زیندووەكان، ملیۆنان ساڵ لەمەوبەر، زیندەوەرە دەریاییە وردەكان (پلانكتۆن) و قەوزەكان دوای مردنیان لە بنكی زەریاكاندا نیشتوون. پەستان و گەرمی ئەم پاشماوە ئەندامییانە لەژێر چینە ئەستوورەكانی قوڕ و نیشتەنییەكاندا بزر بوون، بەهۆی نەبوونی ئۆكسجین و زیادبوونی پەستان و پلەی گەرمی لە ناخی زەویدا، ئەم ماددانە گۆڕان بۆ مادەیەك كە پێی دەگوترێت «كیرۆجین». پێگەیشتن: بە تێپەڕبوونی كات و زیادبوونی گەرمی وەك فڕنێكی سرووشتی، ئەو كیرۆجینە گۆڕا بۆ هایدرۆكاربۆنی شل (نەوت) و گاز. كۆچكردن و كۆبۆنەوە: نەوتەكە لە ناو بەردە كونیلەدارەكانەوە (Porous rocks) جوڵاوە و بەرەو سەرەوە كۆچی كردووە، تا گەیشتووەتە ژێر چینە بەردینە توندەكان (وەك بەردی خوێ یان قوڕی توند) كە ڕێگرییان لە چوونە دەرەوەی كردووە و «كێڵگە نەوتییەكان»یان پێك هێناوە.

 

Top