یاسا، سكاڵا كردن لە دراوسێ

یاسا، سكاڵا كردن لە دراوسێ

داواكاری و هاوپێچكردنی واژۆی چەند دراوسێیەك، بە مەبەستی دەركردنی دراوسێیەكی دیاریكراو لە گەڕەك، لە چوارچێوەی یاسادا نییە و بەدەرە لە یاسا. ئەوەی لە ڕابردوو كراوە یاز ئەوەی بۆ لەمەودوا دەكرێت و لەلایەن هەر دامەزراوەكیشەوە كرابێت یان بكرێت، ئەگەر كەسێك لە دراوسێیەكی ناڕازی بێت ئەوا دەبێت دیاریی بكات كە ناڕازیبوونەكە چییە و پاشان سكاڵایەك تۆمار بكات یان داوایەك بەرز بكاتەوە لەبەردەم دادگای تایبەتمەند، پاشان بەڵگەكانی بخاتە ڕوو بۆ ئەوەی دادگا بڕیاری دروست لەبارەیەوە بدات. بەگوێرەی مادە (15) لە دەستوری عێڕاق (هەموو كەسێك مافی ژیان و ئاسایش و ئازادیی هەیە، ناكرێت ئەم مافانە بێبەشبوونی تێدا بكرێت یان سنووردار بكرێت، تەنیا بەپێی یاسا و بەپێی بڕیاری دەرچوو لەلایەن دەسەڵاتی دادوەریی تایبەتمەندەوە نەبێت. هەروەها لە مادە (44)ــدا هاتووە: بۆ عێراقی ئازادی شوێنگۆڕكێ و سەفەر و نیشتەجێبوون لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق هەیە، بۆیە لە كاتی بوونی هەر حاڵەتێك لە مانەی خوارەوە ناكرێت بەبێ بوونی داوا و بڕیاری دادگا، هیچ كەس ناچار بكرێت كە خانووی خۆی جێ بهێڵێت و ڕەوانەی ناوچەیەك یان گەڕەكێكی دیكە بكرێت، ئەوانیش وەك: دروستكردنی ژاوەژاو و دەنگی بەرز، بەخێوكردنی باڵندە و كۆتر لەسەربان یان لە پێش دەرگا یان بەخێوكردنی ئاژەڵ لە ناو گەڕەك و كۆڵان. دانانی كامێرا بەرامبەر خانووی دیكە، ئەنجامدانی كاری بەدڕەوشتی كە نەكرابێت بە پیشە یان ئەنجامدانی كاری بەدڕەوشتی بە شێوەی پیشە، ئەنجامدانی كرداری تاوانكاریی دیكە دەرحەق بە دراوسێ وەك جنێودان، لێدان، بوختان، دزی، لێدانی تانە و تەشەر.

 

Top