لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی لوبنان دەیان کەس کوژران و بریندار بوون
وەزارەتی تەندروستی لوبنان ڕۆژی شەممە 7ی ئادار ڕایگەیاند: کە بە هۆی هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە لانیکەم ١٦ کەس کوژراون و زیاتر لە ٣٠ کەسیش بریندار بوون.
هێرشە کوشندەکان لە ناوچەی دۆڵی بەقاع ڕوویانداوە و پێدەچێت ژمارەی قوربانییان زیاتر بێت لە ئامارە سەرەتاییەکان.
بە پێچەوانەوە، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، کە بەردەوام دەبێت لە ئۆپەراسیۆنەکانی بۆ لاوازکردنی توانا سەربازییەکانی حیزبوڵڵا.
لە ڕاگەیەندراوەکەی سوپای ئیسرائیلدا هاتووە، شەپۆلێکی نوێی هێرشەکان موشەکهاوێژ و کۆگاکانی چەک و دامەزراوە سەربازییەکانی دیکەی لە باشووری لوبنان و دۆڵی بەقاع کردۆتە ئامانج.
سوپای ئیسرائیل هەروەها ڕایگەیاند: کە هێرشەکان چەند فەرماندەیەکی یەکەی ڕەدوانی حیزبوڵڵا و دوو بنکەی فەرماندەیی لە ناوچەی مەجدەڵ سالم لە باشووری لوبنان کردۆتە ئامانج.
گوڵان: سەردار خەلیل
