لە ئاگری شەڕدا ئێران و گۆڕانکاریی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

لە ئاگری شەڕدا ئێران و گۆڕانکاریی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

 

 

دوای ئۆپەراسیۆنەکانی “Operation Roaring Lion” _”Operation Epic Fury”چی ڕووی دا؟، لە ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦، ئەمریکا و ئیسرائیل گەورەترین ئۆپەراسیۆنی ئاسمانیی هاوبەشیان بۆ سەر ئێران ئەنجام دا، هێرشەکان زۆربەی زۆری شارەکانی ئێرانی گرتووەتەوە لە  تارانەوە بۆ ئیسفەهان، قوم، کەرەج و کرماشان و شارەکانی دیکەی ئەو وڵاتە، لەگەڵ کوشتنی زۆرترین سەرکردە سیاسی و سەربازییەکانی لە سەرووی هەموویانەوە عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، شەڕەکەی گەیاندە لووتکە.

ئەو لێدانانە تەنها دوو ڕۆژ دوای کۆتاییهاتنی دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران لە جنێڤ بە نێوەندگیری عومان هاتە ئاراوە، لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٥، ئیسرائیل هێرشی بەرفراوانی بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمی و سەربازییەکانی ئێران دەست پێ کرد، ئێران بە هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر شارەکانی ئیسرائیل بەرپەرچی دانەوەی هەبوو، پاشان لە ٢٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، ئەمریکا ئۆپەراسیۆنی چەقۆی نیوەشەوی ئەنجام دا و بنکە ئەتۆمییەکانی ئێرانی کردە ئامانج.

لە کۆتاییەکانی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥دا، ناڕەزایەتییە جەماوەرییە بەربڵاوەکان لە ئێران سەریهەڵ دا، کە بە هۆی قەیرانی ئابوورییەوە، ئەو ناڕەزایەتییانە زیاتر لە ١٠٠ شاری گرتەوە و بووە گەورەترین ناڕەزایەتی لە دوای شۆڕشی ١٩٧٩ەوە، ڕژێمیش بە زەبر و زەنگ و کوشتن و گرتن وەڵامی داواکارییەکانی خەڵکی دایەوە و هەزاران کەس بوونە قوربانی.

ڕەهەندە سەربازییەکان و لێدانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ دامەزراوە ئەتۆمی و سەربازی و فەرماندەییەکان، هەواڵی کوشتنی عەلی خامنەیی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، وەزیری بەرگری و سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی و فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران ڕاگەیەنرا، ئێران ٤٠ ڕۆژ ماتەمینی ڕاگەیاند.

 

هێرشەکان ئەو شوێنانەیان کردە ئامانج، کە پەیوەندییان بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و دامەزراوەکانی بەرهەمهێنان و عەمبارکردنی مووشەکەوە هەبووە و هەوڵی زیاتر بۆ پەکخستنی توانا سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامیی دەدرێت.

وەڵامی ئێرانییەکان و سوپای پاسداران، هێرشکردن بۆ سەر هەموو بنکەکانی هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها دامەزراوە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە تەلئەبیب و شارەکانی دیکەی دەست پێ کرد، هێرشەکانی ئێران، ئیسرائیل و بەحرەین، ئیمارات، سعودیە، قەتەر، ئوردن، کوەیت و عومان و عێراقی کردە ئامانج، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لە فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی ئیمارات و کوەیتی بۆردوومانەکان کرد و کوژراو و برینداری لێ کەوتەوە.

ڕەهەندی سیاسی و دیپلۆماسییەکانی ئەم دۆخە، ئەو کاتەی ترامپ ڕایگەیاند، کە ئامانجی ئۆپراسیۆنەکە "نەهێشتنی هەڕەشەکانی ئێران" و لەناوبردنی بەرنامەی ئەتۆمی و توانا دەریاییەکانی و گۆڕینی سەرکردایەتییەکەیەتی، داوای لە گەلی ئێران کرد ڕاپەڕن بە دێڕێک ئەو پەیامەی گەیاند وتی: "کاتژمێرێک دەبێتە کاتژمێری ئازادیتان".

هەڵوێستی زلهێزە نێودەوڵەتییەکان و یەکێتیی ئەورووپا و نەتەوە یەکگرتووەکان داوایان لێ کرا، "هێندەی دەتوانن دان بە خۆدا بگرن"، ئەورووپییەکان جەختیان لەوە کردەوە، کە قەیرانەکە تەنیا بە دیپلۆماسیی چارەسەر دەکرێت، لە هەمان کاتدا هێرشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی دراوسێی شەرمەزار کرد.

هاوپەیمانانی ئەورووپییەکان پێشوەختە لە وردەکارییەکانی ئۆپەراسیۆنەکە ئاگادار نەکرانەوە، ئەوەش ناڕەزایی دیپلۆماسیی بەربڵاوی لێ کەوتەوە، سعودیە خۆی لە دۆخێکی زۆر ئاڵۆزدا بینییەوە، بە توندترین شێوە هێرشەکانی ئێرانی بۆ سەر خاکەکەی و ناوچەی کەنداو ئیدانە کرد، لەگەڵ ئەوەشدا خۆی لە پشتیوانیکردنی ئاشکرای ئۆپەراسیۆنی ئەمریکا و ئیسرائیل بە دوور گرت.

حکوومەتی عێراق سێ ڕۆژ ماتەمینی ڕاگەیاند و سەرەخۆشی خۆی ئاڕاستەی ئێران کرد، وتەبێژی حکوومەت ئۆپەراسیۆنی ئەمریکا و ئیسرائیلی بە “دەستدرێژییەکی ئاشکرا” وەسف کرد، لە پارێزگاکانی باشووری زیقار و بەسرە و بەغدا، جەماوەرێکی تووڕە ڕژانە سەر شەقامەکان بۆ ئیدانەکردنی کوشتنی خامنەیی، لە بەغداش ئەندامانی گرووپە نزیکەکان لە ئێرانەوە هەوڵیاندا بچنە ناوچەی سەوز و هێرش بکەنە سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا.

کەتایبی حزبوڵای عێراقی ڕایگەیاند: بەم نزیکانە دەست دەکەن بە هێرشکردنە سەر بنکەکانی ئەمریکا، گرووپێک، کە خۆیان بە “بەرخودانی ئیسلامی لە عێراق – پاسەوانانی لیواکانی خوێن” ناو دەبەن، بەرپرسیارێتیی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر بنکەیەکی ئەمریکی لە هەولێر لە ئەستۆ گرت، بەغدا ڕووبەڕووی دووڕیانێکی زۆر ئاڵۆز دەبێتەوە، بەپێی ڕێککەوتنە بەرگرییەکان، عێراق بەرگری لە هێزەکانی ئەمریکا دەکات لەم وڵاتە، لە هەمان کاتدا لایەنە چەکدارەکانی لایەنگری ئێرانی لە عێراقدا باڵادەستن و بە شێوەیەکی کاریگەر زاڵن بەسەر بەشێک لە دیمەنە سیاسی و ئەمنییەکان، کوشتنی خامنەیی ئەو پردە ئایدیۆلۆژییە لاواز دەکات، کە ئەو کوتلانە شەرعییەتی خۆیان لێ وەردەگرت، ئەوەش ڕەنگە هانیان بدات بەرەو کردەوەی تۆڵەسەندنەوە هەنگاو بنێن و کەمتر ستراتیژییانە حیساب بۆ هەنگاوەکانیان بکەن.

وڵاتانی کەنداو  لەنێوان دوو ئاگردا گیریان خواردووە، هەریەک لە وڵاتانی سعودیە، قەتەر، ئیمارات، بەحرەین، کوەیت و ئوردن کراونەتە ئامانجی مووشەکەکانی ئێران، ئەو وڵاتانە دەمێکە هەستیان بە هەڕەشەی ئێران کردووە، بەڵام لە هەمان کاتدا شەڕێکی ئاشکرایان ناوێت، کە بیانخاتە گۆڕەپانی شەڕێکی راستەوخۆوە، پێدەچێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا سعودیە و قەتەر و ئیمارات داوای کەمکردنەوەی ئاستی گرژییەکان بکەن، چونکە ناسەقامگیریی ناوچەکە هەڕەشە لەو مۆدێلە ئابوورییەیان دەکات، کە دروستیان کردووە، لەسەر بنەمای هەناردەکردنی وزە و گەشتیاری و ڕاکێشانی بیانییەکان و سەرمایەگوزارییەکانیان، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دوبەی، کە قەرەباڵغترین فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتییە بۆ گەشتە نێودەوڵەتییەکان، سەرجەم گەشتەکانی بۆ ماوەیەکی نادیار ڕاگرت، ئەوەش ڕەنگدانەوەی ئەوەیە چۆن حیساباتی ئابووریی کەنداو دەکرێت لە شەوێکدا بگۆڕێت.

قەیرانە یەک لە دوا یەکەکان لە ئێراندا، دوای گیانلەدەستدانی زیاتر لە چل بەرپرس لە هێرشەکاندا قەیرانێکی سەختی جێنشینی بە خۆیەوە دەبینێت، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە خامنەیی نزیکەی شەش ڕۆژ پێش مردنی عەلی لاریجانی وەک جێنشینی خۆی دەستنیشان کردووە، کاندیدەکانی دیکەی بریتین لە حەسەن خومەینی، نەوەى دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی؛ موجتەبا خامنەیی، کوڕی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێرانی و سادق لاریجانی.

 ناکرێ  لە بەراوردکردن لەگەڵ شەڕی عێراق ساڵی ٢٠٠٣ پشتگوێ بخەین، ئەو شەڕە دەریخست، کە ڕووخاندنی ڕژێمێک زۆر ئاسانترە لە دروستکردنی ئەوانەی جێگەی دەگرنەوە، ترامپ باس لە ئازادیی گەلی ئێران دەکات، ئەوەش پەیامێکی بەهێز و گرنگە، بەڵام زەحمەتە بیهێنیتە پێش چاوت چۆن گۆڕانکاریی سیاسیی ڕاستەقینە لەنێوان شەڕ و ئاژاوە و پارچەپارچەبوونی ئەگەریدا سەرهەڵ دەدات.

ڕەهەندە ئابوورییەکان لە ئێران، هەر لە سەرەتاوە ماندوو بوون، لانیکەم پێنج لە گەورەترین بانکەکانی ئێران دوای ساڵانێک لە سزاکان و خراپ بەڕێوە بردن، مەترسیی داڕمانیان لە سەرە، ڕژێم ئەمڕۆ لە شەڕی مان و نەمان دایە، توانای ئەوەی نییە ئەو بارودۆخە ئابوورییە داڕووخاوە ڕزگار بکات، ئەوەی دەتوانێت بە دوایدا بێت، تەنها قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووریی نییە، بەڵکوو نەدانی قەرز و داڕمانی خزمەتگوزاری و مووچەی حکوومەتە، دەکرێت کاریگەری لەسەر یاخی بوون و لەدەستدانی دڵسۆزی و وابەستە بوونی هێزە ئەمنییەکان تێک بدات.

لە ئاستی جیهانیدا، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە ململانێکان هەڕەشە لە بازاڕەکانی نەوتی جیهانی دەکات لە ڕێگەی داخستنی ئەگەری گەرووی هورمز، کە ڕۆژانە یەک لەسەر پێنجی نەوتی جیهان تێیدا تێ دەپەڕێت.

گۆڕانکاریی چاوەڕوانکراوەکان لە سێ سیناریۆی سەرەکیی دەکرێ سەرهەڵ بدەن:

سیناریۆی یەکەم - خێرا داڕمانی ڕژێم، لێدانەکان و ئەو بۆشاییە لە سەرکردایەتی و ناڕەزایەتییە کەڵەکەبووەکانی جەماوەری گۆڕانکارییەکی سیاسیی لێ بکەوێتەوە، بەڵام کەلێنی نێوان ڕووخانی ڕژێم و دامەزراندنی بەدیلێکی سەقامگیری دیموکراسی، یەکێک لە مەترسیدارترین قۆناغەکانی مێژووە.

سیناریۆی دووەم - بەردەوامی لە ئاڵۆزییەکان، ڕژێم لە ڕێگەی دامەزراوەی ئایینی و ئەنجوومەنی شارەزایانەوە خۆی پێک دەهێنێتەوە، توانیویەتی لە ڕێگەی وتارێکی ناسیۆنالیستی بنەڕەتییەوە یەکگرتوویی خۆی بپارێزێت، برینەکانی دەگۆڕێت بۆ سەرمایەی ڕەمزی.

سیناریۆی سێیەم - ئاژاوەیەکی کراوە و بەردەوام، دۆخی ئێران دەبێتە مەیدانێکی ئاڵۆزی ناسەقامگیر لەنێوان لایەنە کێبڕکێکارەکان و ناوچە پارچەپارچە کراوەکان، هاوشێوەی ئەزموونی لیبیا لە دوای ساڵی ٢٠١١، بە کاردانەوەی جیۆپۆلەتیکی زۆر قووڵتر.

ساتێکی مەترسیدار لە مێژووی ناوچەکەدا، ئەوەی ئێستا ڕوو دەدات، تەنها ئەڵقەیەکی دیکە نییە لە زنجیرەیەک لە گرژییەکاندا، بەڵکوو گۆڕانکارییەکە بە ئەگەرێکی زۆرەوە دەتوانێت نەخشەی جیۆپۆلەتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ دەیان ساڵ دووبارە بکێشێتەوە، پێدەچێت ترەمپ هەوڵی دووبارە پێناسەکردنەوەی مەرجەکانی ململانێی ٤٧ ساڵەی لەگەڵ ئێران و دەستەبەرکردنی پێگەی خۆی لە مێژوودا بە چارەسەرکردنی یەکلاکەرەوەی کێشەکان، بەڵام مێژوو فێرمان دەکات، کە سەرکەوتنی سەربازیی یەکسان نییە بە سەرکەوتنی سیاسی و ئەو بۆشاییەی، کە بە هۆی ڕووخانی ڕژێمەکانەوە بەجێی هێشتووە، بە دەگمەن بە سەقامگیریی پڕ دەکرێتەوە.

ناوچەکە لەسەر دووڕیانی قۆناغێکی نادیار وەستاوە، پرسی جێنشینی ئێران، ئایندەی کوتلە چەکدارەکان لە عێراق، چارەنووسی کورد، ئاسایشی کەنداو و نرخی نەوتی جیهانی، هەموویان لە یەک ئاستی ناجێگیردا پێکەوە گرێ دراون.

Top