دەسەڵات لە نێوان ترس و داد

دەسەڵات لە نێوان ترس و داد

 

لە مێژووی مرۆڤایەتیدا جارەها شتێک دووبارە بووەتەوە: دەسەڵاتێک بە هێزی چەک و ترس سەرکەوتووە، بەڵام لە کۆتاییدا لە ناوخۆی خۆی تێکچووە. ئەمە ڕووداوێکی سەرەکی نییە، بەڵکو یاسایەکی کۆمەڵایەتییە. چونکە دەوڵەت تەنها بە سەرکەوتنی سەربازی ناژیت؛ بە ڕەزامەندی و باوەڕی گەل دەژیت.

ئەگەر دەسەڵات لەسەر خوێن و قڕکردن بنیات بنرێت، لە ڕووی دەرەوە بەهێز دەردەکەوێت. دامەزراوەکان کاردەکەن، یاساکان دەسەپێنرێن، و سەکوت بەسەر شەقامەکاندا زاڵ دەبێت. بەڵام ئەو سەکوتە، سەکوتی ئارامی نییە؛ سەکوتی ترسە. ترس دەتوانێت دەم داخات، بەڵام ناتوانێت بیر بکوژێت. کاتێک بیرەکان کۆدەبنەوە، ڕۆژێک بە شێوەیەکی تر دەردەکەون.

بنەمای هەر سیستەمێکی سیاسی دادپەروەرییە. داد نەک تەنها وەک دروشم، بەڵکو وەک پرەنسیپی ڕێکخستنی دەسەڵات. کاتێک یاسا بۆ پاراستنی مرۆڤ نەبێت بەڵکو بۆ پاراستنی دەسەڵات بێت، ئەو یاسایە بۆ ماوەیەکی کەم کاردەکات. چونکە یاسا ئەگەر پشت بە باوەڕی گشتی نەبەستێت، تەنها کاغەزێکی بەهێزکراوە بە چەکەوە.دەوڵەت و هێزێک کە لەسەر خوێن و قڕکردن بنیات بنرێت، وەک خانوویەکە کە لەسەر خۆڵی تەڕ دروست کراوە؛ لە دەرەوە بەهێز دەردەکەوێت، بەڵام لە ناوەوە پووچە.
ئەو بنەمایەی لەسەر نادادپەروەری دانراوە، هەر لە سەرەتاوە تۆوی ڕووخانی خۆی هەڵگرتووە.

مێژوو ئەو ڕاستییە دووبارە کردووەتەوە: هەر دەسەڵاتێک کە بە ترس دەمەکان داخستووە، ڕۆژێک بە دەنگی هەمان دەمەکان دەڕووخێت.
ترس دەتوانێت کاتێک سەکوت بسەپێنێت، بەڵام ناتوانێت مێژوو بگۆڕێت.
خوێن دەتوانێت خاک سور بکات، بەڵام ناتوانێت بنەمایەکی سەقامگیر دروست بکات.

هەر شتێک لەسەر باتڵ بنیادبنرێت، هەر باتڵ دەبێت؛
چونکە سەقامگیری لە دادەوە سەرچاوە دەگرێت، نە لە زۆرداری.
ئەوەی ڕیشەی لە دڵی گەلدا بێت، دەماوێت؛
ئەوەی لەسەر ستەم بنیاتنراوە، هەرچەند درێژ بێت، کاتێک دەڕووخێت

مێژوو پیشانی داوە کە دەسەڵاتی ترس لە هەمان شوێنێکدا لاوازە کە تێیدا بەهێز دەردەکەوێت: لە دڵی خەڵکدا. چونکە دەسەڵات ئەگەر لە دڵەکاندا جێ نەگیرێت، ناچارە هەمیشە هێز بەکاربهێنێت. و سیستەمێک کە پێویستی بە بەردەوامی هێز هەیە بۆ مانەوە، بە ڕاستی لە بارودۆخێکی بەرگری‌دایە، نە لە بارودۆخی سەقامگیری.

خوێن دەتوانێت ترس دروست بکات، بەڵام ناتوانێت متمانە دروست بکات. متمانەش سەرمایەی سەرەکی هەر دەوڵەتێکە. ئەگەر ئەو سەرمایەیە لەناوچوو، دەوڵەت ناچار دەبێت بە هێزی زیاتر پشت ببەستێت، و ئەمەش بازنەیەکی خۆلەناوبردن دروست دەکات.

سەقامگیری ڕاستەقینە لە دادەوە سەرچاوە دەگرێت، نە لە زۆرداری. دەوڵەتێک کە یاسا بە یەکسانی بەسەر هەموواندا جێبەجێ بکات، کە کرامەتی مرۆڤ بپارێزێت، و کە دەنگی جیاواز بە هەڕەشە نەبینێت، ئەوە دەسەڵاتێکی بەهێزە — تەنانەت ئەگەر چەکی کەمیشی هەبێت.

بەڵام ئەو دەسەڵاتەی کە لەسەر نادادپەروەری بنیاتنراوە، هەرچەند درێژ بێت، لە ناوخۆیدا تۆوی ڕووخانی خۆی هەڵگرتووە. چونکە کاتێک خەڵک هەست بە نادادی بکەن، هاوکارییان لەگەڵ سیستەم کەم دەبێتەوە. و دەوڵەتێک کە هاوکاری گەل لەدەست بدات، تەنها بە هێزی ڕووت دەمێنێت — و هێزی ڕووت هەمیشە کاتییە.

لە کۆتاییدا، پرسیارەکە ئەوە نییە کە دەسەڵات چەند هێزە؛ پرسیارەکە ئەوەیە لەسەر چی بنیاتنراوە. ئەگەر لەسەر داد و ڕەزامەندی بێت، دەتوانێت ماوەدار بێت. ئەگەر لەسەر ترس و ستەم بێت، تەنها کاتەکە دیاری دەکات کە کەی دەڕووخێت

Top