پێویستە ڕاگەیاندنەكان لە ڕووماڵكردنی ڕووداوەكان ڕەچاوی باری دەروونی هاووڵاتیان بكەن

پێویستە ڕاگەیاندنەكان  لە ڕووماڵكردنی ڕووداوەكان ڕەچاوی باری دەروونی هاووڵاتیان بكەن

 

 لە ڕووی دەروونییەوە جەنگ كارەساتێكی گەورە و جۆرێك لە نەهامەتی دروست دەكات، بە حوكمی ئەوەی شەڕ هەموو شتەكان بەیەكەوە هەڵدەلوشێت ترس و دڵڕاوكێ لای تاك دروست دەكات، كە تێیدا دیار نییە كێ لەناو دەچێت و كێش سەلامەت دەردەچێت، ئەم ترس و نیگەرانییە ئەگەر سنووردار نەكرا وەكو فۆبیایەك ژیان تاڵ دەكات، لە كۆتاییدا شەڕی ئاسن و ئاگر كۆتایی دێت بەڵام زۆرجار شەڕی دەروونی كۆتایی نایەت و بەردەوام دەبێت، كە ئەوەش مرۆڤ تووشی نەخۆشی و تێكچوونی ژیانی ڕۆژانە و تێكچوونی خەو خواردن و تێكچوونی سیستەمی بەرگری لەش دەكات، ئەوەش دوور نییە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی فشاری خوێن و جەڵتەی دڵ و مێشك.

لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا تاك دووچاری گرژی دەروونی دەبێت و توڕە بوون و هەڵچوونی زیاد دەبێت، كە پێویستی بە چارەسەری زەبری دەروونی و دابینكردنی چارەسەری دەروونی وەك چارەسەری ڕەفتاری مەعریفی بۆ ئەو كەسانەی كە تووشی زەبر و زەنگ بوون، چونكە زەبر و زەنگی چارەسەرنەكراو دەتوانێت ڕەفتاری شەڕانگێزی دروست بكات.

 لای هەمووان ڕوونە كە جەنگەكان ماڵوێرانی و ئاوارەیی و دەربەدەری بەدوای خۆیدا دەهێنێت، زۆرجار تاك وای لێ دێت كە بێ ئومێد بن لە ژیان متمانەیان بە دەسەڵات و پاشەڕۆژی خۆیان نەمێنێت و كۆنتڕۆڵ لە دەست بدەن، نموونەی ئەوانەی لە جەنگی دووەمی جیهان ڕزگاریان بوو ئاسەواری دەروونیان هەر پێوە مابوو.

هەروەها لە شەڕدا مرۆڤ بە گشتی و ئافرەت و منداڵ بەتایبەتی تووشی جۆرێك لە خەمۆكی و هێدمەی دەروونی دەبن، تەنانەت لێكۆڵینەوە پزیشكییەكان ئەوەیان سەلماندووە كە ئەو منداڵانەی لە كاتی شەڕ و گرژییەكانی وڵات لە دایك دەبن لە ڕووی دەروونییەوە جیاوازن لەو منداڵانەی كە لە كاتی ئارامی و ئاشتیدا لە دایك دەبن.

مامەڵ كردن لە هەلومەرجی لەم شێوەیەدا كارێكی ئاسان نییە، چونكە لە كاتی جەنگەكان تاك بەردەوام گوێبیستی تەقینەوەكان دەبێت و بۆردوومانەكان دەبینێت و ناتوانرێت لێی بشاردرێتەوە، هاوكات سۆشیال میدیا بە بەربڵاوی و ڕاستەوخۆ ڕووداوەكان بۆ خەڵك دەگوازنەوە كە ئەمەش كاردانەوەی دەروونی زۆر خراپ لای تاكەكان دروست دەكات، لە كاتێكدا پێویستە منداڵ لە زانیاری ئاكامە خراپەكانی جەنگ و ماڵوێرانی بە دوور بن.

گرژییەكان فاكتەرێكن بۆ ونكردنی ڕاستییەكان و ئامانجەكان، لە كۆتاییشدا ئەو تاكە ناتوانێت بڕیار بدات و ڕاستییەكان بزانیت، بۆیە دەرهاوێشتەی ئەم حاڵەتە لەڕووی دەروونییەوە كاریگەری نەرێنی هەیە و دەبێتە هۆكاری ڕەشبینی، گۆشەگیری، لاوازی پەیوەندی كۆمەڵایەتی، شكوگومان كردن لە هەمووشتـێك، نیگەرانی بەردەوام، هیلاكی و ماندووبوون، شەكەتی دەروونی، بێهێزبوون، تووڕەبوونی بەردەوام، خەوزڕان و خەونی ناخۆش.

زانایانی فسیۆلۆژی شڵەژان دەناسێنن بەوەی كاردانەوەی جەستەیی بەرامبەر بەشتێكی ڕاستی یان خەیاڵی بەهۆی شڵەژانەوە دەبێت. كەسانی دیكە دەیناسێنن بەوەی كە كاردانەوەی جەستەیی و سۆزی و زەهنییە بەرامبەر بە پێداویستییەكانی ژیان و گۆڕانەكانی و شێوازی ڕوبەڕووبوونەوەی جەستەیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ژیان و خۆئامادەكردن بۆ بەرەنگاربوونەوەی بارودۆخی قورس.

پێویستە بارودۆخ و هۆكاری شڵەژانەكە قبوڵ بكرێت، مامەڵە لەگەڵ گۆڕانكارییەكان بكرێت وەكو شتێكی ئاسایی، لە بەرامبەردا بە ژیانكردنێكی ئاسایی گوزەر بكرێت. لە نیگایەكەوە لە گرفتەكان دەڕوانین وەك ئەوەی كاتی بن و لە نزیكترین دەرفەتدا كۆتاییان پێ دێت، لێبوردەیی دەنوێنین و لە ژیاندا بەردەوام دەبین هەوڵ دەدەین كۆنتڕۆڵی ئەو بابەتانە نەكەین كە لە دەستی ئێمەدا نین، .شێوازێكی دروست و تەندروست بۆ ژیانمان دادەنێن، گەشبینی فاكتەر و ئامرازی بەرەنگاربوونەوەی شڵەژانەكانە، لەم پێناوەدا چالاكی جەستەیی و وەرزش بە ڕێكوپێكی دەكەین. پەیوەندی خێزانی دروستدەكەینەوە. پەیوەندی كۆمەڵایەتی چاڵاكتر دەكەین.

لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا ئێمە لە كوردستان لە شەڕ و ئاوارەیی و ماڵوێرانی و دەربەدەری پشكی شێرمان بەركەوتووە، تا ئاستێك لەگەڵ سایكۆلۆژیەتی ڕاهاتن ڕاهاتووین، شەڕ و ئاوارەیی و نەهامەتی زۆرمان بینیوە، دەتوانم بڵێم جۆرێك لەو بەرگرییەمان پەیدا كردووە، بەڵام بۆ سەلامەتی لایەنی دەروونی و هاووڵاتیان پێویستە ڕاگەیاندنەكان لە ڕووماڵكردنی ڕووداوەكان لە پاڵ ڕەچاوكردنی لایەنی ئەمنی و سەقامگیریی وڵات ڕەچاوی باری دەروونی هاووڵاتیانیش بكەن، هەوڵ بدەن نەبنە هۆكاری ترساندن و تۆقاندنی بیسەر و بینەرەكان، بە تایبەت منداڵ و بەساڵاچووان، چونكە دڵنەوایی دەروونی لە كاتی شەڕدا زۆر زۆر گرنگە و پێویستە لەلایەن خێزان و كۆمەڵگە و دەوڵەتەوە فەراهەم بكرێت.

 

 

د. یوسف عوسمان حەمەد

شارەزای بواری دەروونی

Top