٨ ی مارس، جەژنی شۆڕش، دادپەروەری و وەستانەوە لە ڕووی ستەم
لە دڵی بەهاردا، ڕێکەوتی ٨ ی مارس وەک دەنگێکی بڵند لە مێژوودا دەمێنێتەوە کە یادگاری خەباتی ئافرەتانە بۆ ئازادی، یەکسانی و ڕێز. ئەمڕۆ جیهان ڕۆژی جیهانیی ئافرەتانی بەڕێز دەکات، ڕۆژێک کە تەنیا بۆ پیرۆزبایی کردن نییە، بەڵکو ڕۆژی بیرهاتنەوەی خەباتی ڕابردوو و پێداگری لەسەر خەباتی داهاتووە.
زۆر کەس ٨ی مارس وەک ڕۆژێکی ئاسایی بۆ پێشکەشکردنی گوڵ و دیاری دەبینن، بەڵام ڕەگی ئەم ڕۆژە لە خەباتی کرێکاری و شۆڕشگێڕیدا قوڵ بووەتەوە. مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٠٨، کاتێک ١٥ هەزار ئافرەتی کرێکار لە شاری نیویۆرک ڕێپێوانیان ئەنجامدا و داوای کەمکردنەوەی کاتی کار، زیادکردنی کرێ و مافی دەنگدانیان دەکرد . دواتر لە ساڵی ١٩١٠دا، کلارا زێتکین، بیرمەندی سۆسیالیستی ئەڵمانی، لە کۆنگرەی نێودەوڵەتی ئافرەتانی کرێکار لە کۆپنهاگن پێشنیاری ئەوەی کرد کە ڕۆژێک ببێتە ڕۆژی خەباتی جیهانی ئافرەتان، کە بە کۆی دەنگ پەسەند کرا .
بەڵام هۆکاری هەڵبژاردنی ٨ی مارس، پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەیە بە شۆڕشی ڕووسیاوە. لە ساڵی ١٩١٧، لە کاتی جەنگی جیهانی یەکەم، ئافرەتانی کرێکاری ڕووسیا لە ٨ی مارس (کە لە ڕۆژژمێری جولیانی دەکاتە ٢٣ی شوبات) دەستیان بە مانگرتنێکی گەورە کرد بۆ "نان و ئاشتی". ئەم ڕێپێوانە بڵاو بووەوە و بووە هۆی ڕووخانی ڕژێمی تەزار و بەدەستهێنانی مافی دەنگدان بۆ ئافرەتان . ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٧٥دا بەفەرمی ٨ی مارسی وەک ڕۆژی جیهانی ئافرەتانی ناساند .
بابەتی ساڵی ٢٠٢٦: "ڕایتس. جەستس. ئاکشن. فۆر ئۆڵ ویمێن ئەند گرڵز" (ماف. دادپەروەری. کار. بۆ هەموو ئافرەتان و کچان)
ئەمساڵ، نەتەوە یەکگرتووەکان بابەتی "م.اف، دادپەروەری و کار" ی هەڵبژاردووە بۆ هەموو ئافرەتان و کچان. ئامانج لەم بابەتە ڕەخساندنی دادپەروەری یاسایی بۆ هەمووانە، بە تایبەت لە وڵاتانی جیهانی سێیەم و کۆمەڵگا ناجێگیرەکاندا . بەپێی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئافرەتان لە سەرانسەری جیهاندا تەنیا خاوەنی ٪٦٤ی ئەو مافانەن کە پیاوان خاوەنیانن. بەم ئاراستەیە، بۆ داخستنی ئەم بۆشاییە یاساییە دەیان سەدە دەخایەنێت . بابەتی "کار" لێرەدا بە واتای هەنگاو و جوڵەی کرداری دێت بۆ جێبەجێکردنی یاساکان لە ژیانی ڕۆژانەدا، نەک تەنها لەسەر کاغەز.
لە ڕوانگەیەکی ترەوە، هەندێک لە چالاکوانان بابەتی "Give to Gain" (ببەخشە بۆ ئەوەی بەدەستی بهێنیت) جەخت لەسەر دەکەنەوە. ئەمەش بانگهێشتنامەیەکە بۆ پێکهێنانی کەشوھەوای هاوکاری و پشتیوانی کۆمەڵایەتی بۆ بەرەوپێشچوونی ئافرەتان. چالاکوانانی ئەم بوارە پێیان وایە بە پشتیوانی یەکتری، دەرفەتی بەرەوپێشچوون بۆ ئافرەتان زیاتر دەبێت .
لە زنجیرە چیاکانی کوردستانەوە هەتا دەشتەکانی دیجله و فورات
ئافرەتی کورد هەمیشە بەشێکی سەرەکی و دیاری مێژووی شۆڕش و خەبات بووە. ئەگەرچی ٨ ی مارس ڕۆژێکی نێودەوڵەتییە، بەڵام لە ناوچەکەماندا لەگەڵ خەباتی ڕزگاریخوازی کچان و دایکانی کوردستان تەوانە. لە کوردستاندا، ڕۆژی ٨ ی مارس تەنیا یادکردنەوەی خەباتی جیهانی ئافرەتان نییە، بەڵکو وەک ئاوێنەیەک ڕەنگی خەباتی رۆژانەی ئافرەتی کوردستانیشی تێدا دەردەکەوێت، ئەو ئافرەتەی لە ناوچە شاخاوییەکاندا بەرگری لە خاک و ناسنامەی خۆی دەکات و لە شارەکاندا بە دەست بێکاری و نادادپەروەری یاسایی دەناڵێنێت.
بەڵام ئایا لە ڕۆژگاری ئێستادا، ئافرەتی کورد تەنیا پێویستی بە گوڵ و پیرۆزبایی هەیە؟ بێگومان نا. پێویستی بە جێبەجێکردنی یاسای بەرگری لە ئافرەتان، ڕێگری لە کوشتن و خۆکوشتنەکانی ناو خێزان، دابینکردنی دەرفەتی کاری یەکسان، و ڕێزگرتن لە ڕۆڵی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆی هەیە.
٨ ی مارس بۆ ئێمە، بۆ ئافرەتی کورد، ڕۆژی بەرقەرار بوونەوەی شۆڕش، دادپەروەری و بەردەوامی خەباتە. ڕۆژێکە بۆ ئەوەی بە دەنگی بڵند بڵێین، مافی ئێمە، دادپەروەری بۆ ئێمە، و دەستکەوتەکانمان دەبێت بە کرداری ڕۆژانە ببینین. هەروا ڕۆژێک کە لە کاتی خۆیدا کلارا زێتکین خەونی پێوە دەبینی، بەرەو شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی و ڕزگاریی هەمووان.
ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان پیرۆز بێت بۆ هەموو ئەو ئافرەتانەی کە لە ژێر بارگرانی نەریت و جەخت و نادادپەروەریدان، و هێشتا خەون بە ڕۆژێکی باشتر دەبینن.

بێلان عاسی ڕۆژبەیانی