زەڕافەی كۆپی كراوی Okapi
Okapi زۆرجار پێی دەگوترێت زەڕافەی دارستان، چونكە نزیكترین خزمی زەڕافەیە، بەڵام لە شێوەی دەرەوەی وەك تێكەڵەیەك لە زەڕافە و ئەسپ دەردەكەوێت. باوانە هاوبەشەكانی ئــۆكــاپی نزیكەی 1٦ملیۆن ساڵ لەمەوبەر لە ئاژەڵێك بەناوی Canthumeryx پەیدا بووە، ئەم ئاژەڵە باوانی هاوبەشی هەردوو خێزانی زەڕافە و ئۆكاپییە لە درەختی پەرەسەندندا، لە ئێستادا ئۆكاپی یەكێكە لە دوو جۆرە زیندووەكەی خێزانی زەڕافە. خێزانی زەڕافەكانی دابەش كراون بۆ دوو لقی سەرەكیی زیندوو، یەكێكیان زەڕافە و دووەمیان ئۆكاپی، كە ملیان كورتترە و شێوەی جەستەیان بۆ خۆشاردنەوە لەناو دارستانەكاندا گونجاوترە، بۆیە لە ناودارستانە قووڵ و تاریكەكانی ئەفریقادا دەژین. لەكاتێكدا زەڕافەكان خاوەن ملێكی زۆر درێژن و پەرەیان سەندووە بۆ ژیانی دەرەوەی دارستانەكان وەك دارستانەكانی ساڤانا، هەڵبژاردنی سرووشتی و گونجاندن لەپێناو مانەوە، شێوە و ژیانی هەردوو جۆرەكەی گۆڕیوە و بوونەتە دوو لقی جیاوازی زەڕافە.
