ڕێبەرێک لە پێناو نەتەوەدا
لە مێژووی گەلاندا هەندێک کەسایەتی دەبنە هەوێنی ناسنامە و نیشانی شکۆمەندی نەتەوەکەیان مەلا مستەفا بارزانی ئەو سەرکردە دەگمەنە بوو کە ژیانی خۆی کردە قوربانی بۆ ئەوەی کورد لە ژێردەستەیی ڕزگار بکات ئەو هەر لە منداڵییەوە و لەناو زیندانەکانی عوسمانییەوە فێری ئەو ڕاستییە بوو کە ناسنامەی نەتەوەیی باجێکی گەورەی دەوێت بەڵام شکۆمەندی تەنها لە ڕێگەی تێکۆشان و کۆڵنەدانەوە بەدەست دێت
بارزانی لە یادەوەرییەکانیدا جەختی لەسەر خاڵێکی جەوهەری کردووەتەوە کە ئەویش یەکڕیزییە ئەو پێی وابوو ئەگەر کورد تەنها ساڵێک یەکگرتوو بێت دەتوانێت بۆ چەندین دەیەی داهاتوو دوژمنانی ناچار بە کڕنووشبردن بکات بەڵام گەورەترین ئازاری ئەو ئەوە بوو کە زۆرجار بەرژەوەندییە تایبەتییەکان خراونەتە پێش بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمان و گەل هەر ئەمەش ببووە هۆی ئەوەی شۆڕشەکان تووشی بەربەست ببن
کاتێک لە یەکی ئاداری ساڵی هەزار و نۆسەد و حەفتا و نۆدا لە دوورەوڵاتی و لە ئەمریکا کۆچی دوایی کرد جیهان سەرکردەیەکی مەزنی لەدەستدا کە تەواوی تەمەنی لە شاخەکان و لەناو سەختییەکاندا بەسەر بردبوو گەڕانەوەی ڕوفاتە پیرۆزەکەی بۆ خاکی بارزان تەنها مەراسیمێکی ناشتن نەبوو بەڵکو گەڕانەوەی شکۆی شۆڕش بوو بۆ ناو دڵی نیشتمان
ئەمڕۆ مەزارگەکەی لە بارزان تەنها شوێنێکی ئاسایی نییە بەڵکو قوتابخانەیەکە بۆ فێربوونی نیشتمانپەروەری و وەفا بۆ خاک ئەو میراتەی بارزانی بۆی جێهێشتین عەقیدەیەکی پتەوی ئازادیخوازییە کە تا ئێستاش ڕێڕەوی خەباتی کورد ڕووناک دەکاتەوە و جیهان بەو ناسنامەیەوە ڕێز لە گەلی کورد دەگرێت.

لوقمان عوسمان گە ڵاڵی