نێچیرڤان بارزانی ئەندازیاری دیپلۆماسی و پارێزەری هاوسەنگییەكان لە هەرێمی كوردستان
لە مێژووی سیاسیی هاوچەرخی كورددا، كەمن ئەو سەركردانەی توانیویانە لە كاتە هەرە هەستیار و پڕ لە تەحەدییەكاندا، كەشتیی دۆزی كورد بەنێو گەردەلوولە سیاسییەكاندا بەرەو كەناری ئارام ببەن. نێچیرڤان بارزانی وەك كارەكتەرێكی سەرەكی و كاریگەر لە ناو كایەی سیاسیی هەرێمی كوردستان و عێراقدا، توانیویەتی مۆدێلێكی جیاواز لە دیپلۆماسییەت و بەڕێوەبردن پێشكەش بكات؛ مۆدێلێك كە لەسەر بنەمای «دیپلۆماسییەتی نەرم، هاوسەنگیی هێز، پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكان» و درێژكراوەی سیاسەتە حەكیمانەكانی مەلا مستەفا بارزانی داڕێژراوە. هەڵبەتە زۆرن ئەو وێستگە و ڕووداو و قۆناغانەی خەباتی نێچیرڤان بارزانی كە وا دەكات، نەك لە وتارێكدا، بەڵكو لە توێژینەوەیەكیشدا بە تەواوی مافی خۆی نەدەیتێ. لێرەدا هەوڵ دەدەم بە باسكردنی چەند وێستگەیەكی گرنگ ڕۆڵ و كاریزمایی ئەم سەركردە نیشتمانییەی كورد باس بكەم، كە نەك تەنیا لەسەر ئاستی هەر چوار پارچەی كوردستان و هەرێمی، بەڵكو لەسەر ئاستی دنیای ئەمڕۆی پێشكەوتووی جیهان و لە ناو هێز و حكومەت و جەمسەرە جۆراوجۆرەكاندا ڕۆڵی كارای هەبووە:
قۆناغی دەركەوتنی زێڕینی دیپلۆماسییەتی نێچیرڤان بارزانی
نێچیرڤان بارزانی هەر لە سەرەتای كاروانی سیاسیی خۆیەوە، چ لە پێش ڕاپەڕین و چ لە دوای ساڵی ١٩٩١ و دواتریش دامەزراندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ڕۆڵێكی میحوەریی هەبووە، بەڵام ئەوەی پێگەی ئەوی وەك دیپلۆماتكارێكی نێودەوڵەتی بەهێزتر كرد، قۆناغی دوای ڕووداوەكانی تشرینی یەكەمی ساڵی ٢٠١٧ و دوای ڕیفراندۆم بوو، لەو كاتەدا كە هەرێمی كوردستان لەژێر گەمارۆیەكی توندی سیاسی و ئابووری و سەربازیدا بوو، نێچیرڤان بارزانی توانیی وەك «كلیلێكی كراوە» بۆ دەرگا داخراوەكان دەربكەوێت. ئەو نەك هەر توانیی گەمارۆ دیپلۆماسییەكانی سەر هەرێم بشكێنێت، بەڵكو پێگەی هەرێمیشی وەك ئەكتەرێكی گرنگ لە ناوچەكەدا گەڕاندەوە و ڕۆڵێكی گەورەشی گێڕا لە ساڕێژبوون و لێكترازانی نێوان پارتی و یەكێتی و گەڕانەوەی ئارامی و سەقامگیری بۆ هەرێمی كوردستان، بە تەئكید ئەمەش هەمووی لەژێر پاڵپشتی و پشتگیریی سەرۆك بارزانیدا كە توانی ئەم متمانە گەورەیە بەدەست بهێنێت.
فەلسەفەی سیاسی و ڕێبازی بارزانی
لە گفتوگۆكاندا و لە ناو هۆڵە داخراوەكان و تەنانەت لە مەحافیلە نێودەوڵەتییەكان و لە كۆنگرە و كۆنفڕانسە گەورەكان و لە ناو هێزە كوردستانییەكانیشدا، بە ڕوونی ئاماژە بەوە دەدرێت كە نێچیرڤان بارزانی پەیڕەوی لە قوتابخانەی سیاسیی «بارزانیی نەمر» دەكات، ئەم ڕێبازە جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە «كورد دەبێت دۆستی زۆر و دوژمنی كەم بێت». فەلسەفەی سیاسیی ئەو لەسەر ئەوە بونیاد نراوە كە كێشەكان ئاڵۆزتر نەكرێن و دوژمن نەهێڵدرێت و هەمووان دۆست بن، لە ناكۆكی و گرژییەكانیشدا بەدوای چارەسەری مامناوەند و گونجاودا بگەڕێن بۆ پاراستنی مافە دەستوورییەكانی گەلی كورد، ئەو تێگەیشتنە قووڵەی ئەو بۆ سیاسەت، وای كردووە كە تەنانەت نەیارە سیاسییەكانیشی وەك كەسایەتییەكی عەقڵانی و گفتوگۆخواز سەیری بكەن. بە كورتی و كوردی دید و تێڕوانینی نێچیرڤان بارزانی نەخشەڕێگەی دروستە بۆ بونیادنانی ئاشتی، جوانترین نموونەش هەوڵەكانیەتی لەگەڵ هێزە كوردستانی و هەرێمییەكان وەكو هەوڵەكانی لەگەڵ «ڕەجەب تەیب ئەردۆگان»ی سەرۆك كۆماری توركیا و لەگەڵ هێزە ئێرانییەكان و تەنانەت دید و تێڕوانینی لەسەر ئاستی جیهان، بە نموونە: پەیامی نامەكەی سەرۆكی ئەمریكا (ترامپ) بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان و لەگەڵ سەرۆك ماكرۆنی فەرەنسا. ئەم هەوڵانەش بۆ بەرژەوەندیی تەسكی تەنیا پارتێكی سیاسی كورت نەكردووەتەوە، ئەوە بوو لە مانگی 10ی ساڵی ڕابردوو نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی توركیای قەناعەت پێكرد كە گەمارۆی سەر فڕۆكەخانەی سلێمانی هەڵبگرێت و تەنانەت نێردەی ئەمریكا و ئەحمەد شەرعی قەناعەت پێكرد شەڕ بوەستێنرێت، گفتوگۆ و دانوستانەكانی نێوان هەسەدە و دیمەشق دەست پێ بكرێت و بە پاڵپشتیی سەرۆك بارزانی قەتڵوعامێكی گەورەی كوردی لە ڕۆژئاوای كوردستان ڕاگرت، بەمەش سەلماندی كە گرێ كوێرەكان و شەڕ و ئاشووپەكان دەگۆڕدرێن بە زمانی ئاشتی.
هاوسەنگیی ناوچەیی: توركیا - ئێران – سووریا
یەكێك لە گەورەترین دەستكەوتەكانی نێچیرڤان بارزانی، پاراستنی هاوسەنگییە لە نێوان هێزە ناوچەییەكاندا. كوردستان لە ناوچەیەكی پڕ لە ململانێ و ئاڵۆز و پڕ لە كێشمەكێشی مێژوویی و میراتی سەدان ساڵ و ململانێی جەمسەرەكان و كێشەی قووڵی ئێستا و داهاتووشدایە؛ لە لایەك توركیا و لە لایەكی دی ئێران و سوریاشی هاتەسەر، هەروەها توانیویەتی پەیوەندییەكی دروست و هاوسەنگ لەگەڵ هەردوو وڵاتی ئێران و توركیا بونیاد بنێت، بە شێوەیەك كە نەبێتە هۆی تێكچوونی بەرژەوەندییەكانی لایەكیان. نێچیرڤان بارزانی سەبارەت بە دۆزی كورد لە سووریا (ڕۆژئاوا) ئەو هەمیشە وەك نێوەندگیرێكی دڵسۆز هەوڵی داوە لایەنە كوردییەكان لێك نزیك بكاتەوە و ڕێگری بكات لەوەی كورد ببێتە قوربانیی ململانێ نێودەوڵەتییەكان لەو وڵاتەدا. ئەم واقیعە بۆ هەر ئێستا ناگەڕێتەوە، تەنانەت من لە بیرمە لە چاوپێكەوتنێكدا پرسیاری ناكۆكی و كێشەی نێوان پارتی و هەسەدەیان لێكرد، زۆر بە جورئەتەوە و بە ڕوونی پرسیارەكەی ڕاست كردەوە و گوتی: كێ دەڵێت نێوانی ئێمە و ڕۆژئاوا خراپە؟ ئەوە بوو ڕۆژان بۆ هەموو ئەوانەی دەرخست كە نێچیرڤان بارزانی چۆن توانیبووی نێوەندگیریی نێوان توركیا و ڕۆژئاوا بكات و تەنانەت لە پاڵپشتیی دارایی و شكاندنی گەمارۆیەكی سەختدا ڕۆڵی خۆی بگێڕێت و بگرە لە پرۆسەی ئاشتیی نێوان پەكەكە و توركیاشدا هەمووان سەرنج و سەرسوڕمانیان بۆ پێگە و ڕۆڵی ئەم كاراكتەرە بەهێزەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، ئەم پرۆسەیەی ئاشتیش ڕۆڵی گەورەی بینی لە ڕاگرتنی هێرشی ئاسمانی و سەربازیی توركیا بۆ سەر برایانمان لە ڕۆژئاوای كوردستان.
پێگە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی:
لە پاریسەوە بۆ واشنتۆن
پەیوەندییەكانی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەرۆكەكانی جیهان، بەتایبەت سەرۆكی فەرەنسا (ئیمانوێل ماكرۆن) وەرچەرخانێكی مێژوویی بوو. فەرەنسا یەكەم وڵات بوو كە دەرگای دیپلۆماسیی بە ڕووی هەرێمی كوردستاندا كردەوە، لە كاتێكدا دۆخەكە لە دوای 2017 زۆر ئاڵۆز بوو، ئەمە تەنیا پەیوەندییەكی پڕۆتۆكۆڵی نەبوو، بەڵكو نیشانەی متمانەی جیهانی بوو بە كەسایەتی و عەقڵانییەتی نێچیرڤان بارزانی.
هاوكات بەشدارییە بەردەوامەكانی لە كۆنفڕانسی ئاسایشی میونشن، نموونەیەكی دیكەی ئەم پێگە نێودەوڵەتییەن. لەوێ ئەو نەك هەر وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەڵكو وەك سەركردەیەكی ناوچەیی دەردەكەوێت، كە جیهان بۆ تێگەیشتن لە ئاڵۆزییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گوێی لێ دەگرێت. كۆبوونەوەكانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمریكا، ئەوروپا و وڵاتانی عەرەبی، سەلمێنەری ئەوەن كە هەرێمی كوردستان هێشتا وەك هاوبەشێكی سەرەكیی ئاسایش و دیموكراسی لە ناوچەكەدا دەبینرێت، هەروەها لە خولی یەكەمی سەرۆكایەتییەكەیدا لە ساڵی 2020 كە بەشداریی كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤۆس كرد، هەروەها دووەمین دیداری لەگەڵ سەرۆك ترامپ دوای هەڵبژاردنەوەی بوو بۆ سەرۆكی ئەمریكا لە ساڵی 2024 لە میانەی بەشدارییەكی كردنەوەی كاتدرائیەی نۆتردام لە پاریس، كە دیداری هەر سێ سەرۆكی ئەمریكا و فەرەنسا و هەرێم لووتكەی دیپلۆماتیی كوردی و كوردستانی بوو، كە دواتر نامە و پەیامە زۆر گرنگەكەی سەرۆكی ئەمریكای لێكەوتەوە.
ڕۆڵی نێوەندگیری لە ململانێی ئەمریكا و ئێراندا
لەئێستادا كە ناوچەكە لە ناو ململانێیەكی توندی نێوان ئەمریكا و ئێراندایە، عێراقیش بووەتە گۆڕەپانی ئەم كێشمەكێشە، نێچیرڤان بارزانی ڕۆڵێكی سەقامگیركار دەگێڕێت، ئەو بەردەوام جەخت لەوە دەكاتەوە كە عێراق و هەرێمی كوردستان نابێت ببنە بەشێك لە ململانێی میحوەرەكان، ئەم سیاسەتی بێلایەنییە ئەرێنییە، وای كردووە كە هەموو لایەنەكان ڕێز لە پێگەی هەرێم بگرن و وەك ناوچەیەكی ئارام سەیری بكەن و بگرە نەتەوەی كورد و كوردستانییەكان لە مەینەتی و كێشە و شەڕ و ئاشووپێكی گەورە دوور بخاتەوە، ئەمەش دەگمەنە لە جیهاندا تۆ لە ناو كێشمەكێشەكاندا بیت و گەلەكەت لە ئاگری شەڕێكی وێرانكەر بپارێزیت.
ناوەخۆی عێراق و هەرێم:
یەكڕیزی و دەستوور
نێچیرڤان بارزانی لەسەر ئاستی ناوخۆش هەمیشە بانگەشەكارێكی سەرسەختی یەكڕیزی و پێكەوە ژیانی ئایینی و ئایینزا و نەتەوەیی بووە، گوێبیستی دەنگە ناڕەزایەتی و ناكۆكەكان بووە و هەمووانی لەژێر چەترێكی نیشتمانی و نەتەوەیی لەسەر نەهجی مەرجەعی كورد «مەسعود بارزانی»دا كۆ كردووەتەوە و ئاراستەی كردوون بەرەو ئەوەی ئەوەی كە مافەكانی كورد لە بەغدا تەنیا لە ڕێگەی یەكدەنگییەوە بەدی دێت. لە كاتە پڕ لە گرژییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، نێچیرڤان بارزانی هەمیشە زمانی گفتوگۆ و دەستووری وەك تەنیا ڕێگەچارە پێشنیار كردووە. ئەم دیدگایە بووەتە هۆی ئەوەی كە زۆربەی لایەنە سیاسییەكانی عێراق (شیعە، سوننە و پێكهاتەكانی دیكە) متمانەی تەواویان بە بەڵێن و هەنگاوەكانی هەبێت.
بە كورتی، نێچیرڤان بارزانی توانیویەتی هاوسەنگییەك لە نێوان «سیاسەتی واقیعی» (Realpolitik) و «پاراستنی پرەنسیپە نەتەوەییەكان»دا دروست بكات. ئەو تێگەیشتووە كە لە جیهانی ئەمڕۆدا هاوار و دروشمی بێ كردار ناتوانن مافەكان بپارێزن، بەڵكو ئەوە «دیپلۆماسییەتی كارا» و «بنیادنانی هاوپەیمانیەتی»یە كە دەتوانێت قەوارەی هەرێمی كوردستان بپارێزێت.
ئەو وتار و قسانەی لەم گفتوگۆیەدا بیستمان، تەنیا وەسف نین، بەڵكو گوزارشت لە ڕاستییەكی سیاسی دەكەن؛ ئەویش ئەوەیە كە نێچیرڤان بارزانی وەك پارێزەرێكی لێهاتووی مافەكانی كورد و ئەندازیارێكی كارامەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، توانیویەتی پێگەی كورد لە لووتكەدا بهێڵێتەوە، تەنانەت لە كاتە هەرە تاریكەكانیشدا، ئایندەی سیاسیی هەرێمی كوردستان، تا ڕادەیەكی زۆر بەندە بە بەردەوامیی ئەم نەهجە دیپلۆماسییە هاوسەنگەی كە ئەو ڕێبەرایەتی دەكات.

دڵشاد میران