ژمارەی گیانیانلەدەستدان بەهۆی لافاو لە بەرازیل بۆ ٤٦ کەس بەرزبووەوە

ژمارەی گیانیانلەدەستدان بەهۆی لافاو لە بەرازیل بۆ ٤٦ کەس بەرزبووەوە

 

 

بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ و لافاو لە ڕۆژهەڵاتی بەرازیل، 46 کەس گیانیان لەدەستداوە و بەگوێرەی دەسەڵاتدارانی ویلایەتی میناس گێرایس، 40 کەس بێسەروشوێنن تیمەکانی فریاگوزاری ڕەوانەی شوێنی ڕووداوەکە کراون گەڕان بەدوایاندا بەردەوامە.

هەروەها سێ هەزار و ٦٠٠ دانیشتووی ناوچەی جویز دی فۆرا ناچاربوون ماڵەکانیان بەجێبهێڵن.

دەزگای کەشناسی بەڕازیل هۆشداری دەدات لە بەردەوامی بارانبارین لە ناوچەکەدا.

پارێزگاری ویلایەتی میناس گێرایس هەروەها لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیاکان جەختی لە دۆخی نالەباری ناوچەکە کردەوە و ڕایگەیاند: "ئێمە شاهیدی دۆخێکی زۆر ئاڵۆزین.

شەوی ڕابردوو، بارانێکی زۆر بەخوڕ باریوە، و تەنها لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا، نزیکەی مانگێک باران باریوە.

هەزاران کەس لە هەرێمەکە بێبەش بوون لە کارەبا و خزمەتگوزاری ئاو و هەندێک قوتابخانە کراون بە سەنتەری کاتی بۆ لێ قەوماوان و بارهەڵگرەکان کە هاوکاری مرۆیییان هەڵگرتووە ڕۆیشتوون بە هانایانەوە”.

هەروەها لویز ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا سەرۆکی بەرازیل سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییان کرد و لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بە بارانبارینی زۆر لە ویلایەتی میناس گێرایس ڕایگەیاند، حکومەت کۆبووەتەوە بۆ چارەسەرکردنی دەرئەنجامەکانی ڕووداوەکە و ناردنی پاکێجێکی نوێی هاوکاری بۆ ئەو شارەوانیانەی لەوناوچانەی زیانیان بەرکەوتووە.

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

Top