لە پەروەردەوە بۆ بەرپرسیاریەتی قوتابخانە ماڵی دووەمی قوتابیە

لە پەروەردەوە بۆ بەرپرسیاریەتی قوتابخانە ماڵی دووەمی قوتابیە

 

(ئەلبێرت ئەنیشتایین) زانای فیزیایی ئەڵمانی بەناوبانگ دەڵێ"پەروەردە تەنها فێربوونی زانیارییەكان نییە، بەڵكو ڕاهێنانی مێشكە بۆ بیركردنەوە".
یەكێك لە باڵاترین و گرنگترین جۆرەكانی بیركردنەوە ئەوەیە كەوا لە قوتابی بكەین و تێبگەینین و بزانێ‌ كەوا ژینگەكەی بەشێكە لە ناسنامەی ئەو، قوتابخانە تەنها ناوەندێك نییە بۆ گواستنەوەی زانیاری و فێربوونی زانست، بەڵكو دامەزراوە و كۆمەڵگەیەكی بچووككراوەیە كە تێیدا نەوەكانی داهاتوو فێری ژیان كردن دەبن. ئەركی سەرەكی مامۆستاش لێرەدا چاندنی تۆوی بەرپرسیاریەتی و خۆ بەخاوەن زانینە لە ناخ و دەروونی قوتابیاندا.
مامۆستا هەمیشە پێشەنگە و خۆشەویستە لای قوتابی وەكو نموونەیەكی بەرزی پەروەردەیی دەبینرێ، قوتابیش زیاتر بە چاوەكانی فێر دەبێت، نەك بە گوێیەكان. كاتێك مامۆستایەك بەبێ فەرمان كردن و تەنها بەكردار و پارچە كاغەزێك لە حەوشە و گۆرەپانی قوتابخانە هەڵدەگرێتەوە و یان بەوریاییەوە مامەلەی لەگەڵدا دەكات و كەلوپەلەكان دەپارێزێ ئەوە خۆی لە خۆیدا پەیامێكی قووڵ دەگەیەنێت" من خاوەنی ئەو شوێنەم و پاراستنی ئەركی منە"
هەر ئەو جۆرە پەروەردە و بیركردنەوەیە بوو كە ئەنیشتایین مەبەستی بوو. ڕاهێنانی مێشك بۆ هەستكردن بە بەرپرسیاریەتی و خاوەنداریەتی بەرامبەر هەر بستێكی ئەو نیشتمانە. هەر ئەوەش دەبێتە هۆی گۆڕینی ڕوانگە و تێڕوانینی قوتابی بۆ ئەوەی قوتابی ببێتە پارێزەری ژینگەكەی، پێویستە قوتابی لەوە تێبگات كە زۆر جار دەگوترێت قوتابخانە موڵكی گشتییە مەبەست ئەوە نییە كە بێ خاوەنە، بەڵكو مەبەستی ئەوەیە هەموومان خاوەنی قوتابخانەین.
لێرەدا ڕۆڵی مامۆستا دەبینرێ كە قوتابی فێر بكات و پەروەردەی بكات لە سەر ئەوەی موڵكی گشتی واتە موڵكی هەموومان. "واتە هی تۆ ، هی من ، هی ئەو".
گرنگە مامۆستا بە زمانێكی سادە لە قوتابی بگەیەنێت كە ئەم دیوارو مێزو كورسی و كەلوپەلانە بە ڕەنج و ماندبوونی خێزانەكانتان كڕدراوە و لە پێناو ئێوە و بۆ ئێوە دابین كراوە. پیس كردنیان یان تێكدان و شكاندنیان تەنها زیان گەیاندن نییە بەكەلوپەل و دیوارەكان، بەڵكو بێڕێزی كردن و بەهەدەردانی ئەو ماندوو بوون و ئەركەیە كە لە پێناو ئێوەدا كرایە، لەگەڵ ئەوەشدا مامۆستایان پێویستە ڕۆڵی سەرەكیان هەبێت و ڕێگا بە قوتابیان بدەن پۆل و حەوشە و ڕێڕەوی قوتابخانەیان پاك ڕابگرن و بیان ڕازێننەوە و باخچە و گوڵ و دارەكان بپارێزن و پابەندبن بە ڕێنماییەكان ئەوكات زیاتر هەست بە خاوەنداریەتی دەكەن. بێگومان كاتێك قوتابییەك مێزێك دەسرێتەوە ڕێگە بە كەسێكی تر نادات پیسی بكات، یان كاتێك قوتابییەك گولێك یان نەمامێك دەچینێت هەرگیز ناهێلی هیچ كەسی تر زیان بەوگول و نەمامە بگەیەنێ ئەوەش هەستی خاوەندارییەتییە.
پێویستە بەرپرسیاریەتی و خاوەنداریەتی بدرێتە قوتابی ئەویش بە متمانەدان، چونكە متمانە بەرپرساییەتی دروست دەكات كاتێك قوتابی هەست دەكات"بەرپرسە" ڕەفتاری دەگۆڕێت لەوەوە دەست پێبكەین كە قوتابخانە موڵكی قوتابییە و هەر قوتابی خاوەنداریەتی قوتابخانە دەكات، هەر ئەوەش وا دەكات بیپارێزێ، بێگومان منداڵ یان قوتابی تا گەورەش وا فێربووە ئەو شتانە دەپارێزێ كە هەست دەكات هی خۆیەتی.
بێگومان ئامانجی پەروەردە دروست كردن و بنیاتنانی هاووڵاتی و تاكێكی بە سوود و خاوەندار و بە ویژدانە. قوتابخانەیەك لە قوتابییەكانی خۆیان بەخاوەنی بزانن هەمیشە قوتابخانەیەكی پاك و خاوێن و ئاوەدان و دڵگیر دەبێت.
مامۆستا دەتوانێ‌ قوتابی وا پەروەردە بكات و فێری بكات و مێشكی ڕابهێنێ كە نیشتمانپەروەری لە پاراستنی مێزەكەی بەردەمی قوتابییەوە دەست پێدەكات. كاتێك قوتابی فێربوو بەرپرسیار بێت ئەوا ئێمە بە سەركەوتوویی " ڕاهێنان و مەشقمان بە مێشكی كردووە بۆ داهاتوویەكی گەشتر وەكو كەسێكی زیندوو بە ئاگا "و ئەوەش بناغەی نەوەیەكی دڵسۆز و بە ویژدان و بەهێزە بۆ نیشتمان.


ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

Top