پیاوێک لەکاتی هەوڵدان بۆ چوونە ناو شوێنی نیشتەجێبوونی ترەمپ کوژرا
دەزگای نهێنی ئەمەریکا ڕایگەیاند، تەقەیان لە کەسێکی تەمەن بیستەکان کردووە و کوشتوویانە، کە هەوڵی دەدا بچێتە ناو هاوینەهەواری مار ئا لاگۆی دۆناڵد ترەمپ لە فلۆریدا.
پۆلیس ئاماژەی بەوەشکردووە، هیچ کام لە ئەفسەرە ئەمنییەکان بریندار نەبوون و لێکۆڵینەوە لە پاڵنەری ئەو کەسە بەردەوامە.
هەروەها کۆشکی سپی ستایشی هەنگاوی خێرای بەرپرسانی ئەمنی لە "بێلایەنکردنی" ئەم هەڕەشەیەی کردووە.
سەرچاوەکان بە سی بی ئێس نیوزیان ڕاگەیاندووە، ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە ناوی ئۆستین تی مارتن تەمەن ٢١ ساڵە و خەڵکی شاری کامیرۆنە لە ویلایەتی کارۆلینای باکوور.
ئەو دەمانچەیەک و چەقۆ و دەبەیەکی غازی بەدەستەوە بوو کاتێک چووەتە ناو گۆڕەپانی مار ئا لاگۆ، و هەر لە کاتێکدا یەکێک لە میوانەکان دەڕۆیشت، چووە ناو گۆڕەپانەکە.
هەروەها خێزانەکەی ڕۆژێک پێش ڕووداوەکە هەواڵی بێسەروشوێن بوونیان ڕاگەیاندبوو.
دەوترێت دەسەڵاتداران لێکۆڵینەوە لەوە دەکەن کە ئایا مارتن دەمانچەکەی پێشتر هەبووە یان لە ڕێگا کڕیویە لەکاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل لە کارۆلینای باکوورەوە بۆ فلۆریدا.
بەگوێرەی زانیارییەکان تا ئێستا ناوی ناوبراو بە فەرمی لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە ڕانەگەیەندراوە.
گوڵان: سەردار خەلیل
