مانگی پیرۆزی ڕەمەزان دەستپێكی ڕەحمەت و بەزەییە و ناوەندەكەی لێخۆشبوونە و كۆتاییەكەی ئازادبوونە لە ئاگری جەهەننەم

مانگی پیرۆزی ڕەمەزان  دەستپێكی ڕەحمەت و بەزەییە و ناوەندەكەی لێخۆشبوونە و كۆتاییەكەی ئازادبوونە لە ئاگری جەهەننەم

 

(*)

 

 

بە ناوی خودای بەخشندەی میهرەبان

مانگی پیرۆزی ڕەمەزان؛ مانگی خێر و خۆشی و بەرەكەتە بۆ هەموو بەشەرییەت، ئەم مانگە لە هەموو موسڵمانانی جیهان و موسڵمانانی كوردستان پیرۆز دەكەین، داواكارین لە خودای گەورەی بەخشندە دوعا و نزا و ڕۆژووبوونی موسڵمانان قبووڵ بكات. مانگی پیرۆزی ڕەمەزان سەرەتاكەی ڕەحمەت و بەزەییە و ناوەندەكەی لێخۆشبوونە و ئاخرەكەی ئازادبوونە لە ئاگری جەهەننەم، بۆیە دەبێت مرۆڤەكان هەرسێ قۆناغەكە جێبەجێ بكەن. هەر لەبەر پیرۆزی ئەم مانگەیە موسڵمانان بەڕۆژوو دەبن. خودای گەورە دەفەرموێت: «شَهْرُ رِمَضَانَ الَّذِيَ أُنزِلَ فِيهِ الْقُرْآنُ هُدًي لِّلنَّاسِ وَبَيِّنَاتٍ مِّنَ الْهُدَي وَالْفُرْقَانِ». واتە: مانگی ڕەمەزان ئەو مانگەیە كە خودای گەورە قورئانی پیرۆزی تێدا ناردە خوارەوە، ئەم قورئانە هیدایەتە بۆ هەموو خەڵك، ڕۆژووبوونیش لەم مانگەدا كە بە ڕوكنێكی گەورەی پێنچ ڕوكنەكەی ئیسلام دادەنرێت، حیكمەتێكی زۆر گەورەی تێدایە و واجبی سەرشانی موسڵمانانە. خودای گەورە و بەخشندە دەفەرموێت: «فَمَن شَهِدَ مِنكُمُ الشَّهْرَ فَلْيَصُمْهُ». لە ئایەتێكی دیكەدا دەفەرموێت: «يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا كُتِبَ عَلَيْكُمُ الصِّيَامُ كَمَا كُتِبَ عَلَي الَّذِينَ مِنْ قَبْلِكُمْ لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ».

لەسەر گرنگیی ڕۆژووبوون لەم مانگەدا پێغەمبەرمان محەمەد (دروودی خوای لەسەر بێت) دەفەرموێت: «ڕۆژوو و قورئان شەفاعەت بۆ عەبد دەكەن لە ڕۆژی قیامەتدا..». خۆ ڕۆژووگرتن تەنیا خۆگرتنەوە و قەدەغەكردن نییە لە خواردن و خواردنەوە، بەس ئەوە كیفایەت نییە بۆ ڕۆژووگرتن، دەبێت تۆ گۆڕانكاری لە هەموو بەرنامەی ژیانی خۆتدا بكەیت و پێداچوونەوە بە یانزدە مانگی ڕابردووی خۆتدا بكەیت، لەسەر كارە باشەكانت بەردەوام بە و لەسەر كارە خراپەكان دەستبەردار بە، ڕۆژووبوونەكە كۆمەڵێك حیكمەتی بۆ مرۆڤەكان تێدایە؛ لەوانە فێری خۆشەویستی و پێشكەشكردنی یارمەتی و هاوكاریی هەژاران و نەخۆش و بەسەركردنەوەی یەكتر و قووڵكردنەوەی سیرەی بەزەیی و خۆشەویستیی نێوان موسڵمانان و هێوربوونەوەی دەروونی تاك دەكات، ڕێی چاكەشمان نیشان دەدات.

حەزرەتی یوسف سڵاوی خوای لەسەر بێت لە نێوان دوو ڕۆژدا ڕۆژێك بەڕۆژوو دەبوو، بۆ ئەوەی لە واتای برسێتیی خەڵكی تێبگات، بۆیە ئەم مانگە پیرۆزە و ڕۆژووبوونی موسڵمانان جگە لە لایەن ئایینی و دینداری و نزاكردن و جێبەجێكردنی ڕوكنێكی گەورەی ئیسلام، ڕاهێنانی مرۆڤەكانە لەسەر خۆڕاگری و هەستكردن بە برسێتیی موسڵمانانی دیكە. پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت) دەفەرموێت:»باشترین سەدەقە، سەدەقەیەكە لە ڕەمەزاندا بكرێت». سەدەقە هەر تەنیا سەرفەترە نییە، ئەوە واجبە دەبێت بیدەیت، بەڵام سەدەقەی دیكە واتە خێر و ئیشی چاكە، تەنانەت ئەگەر قسەیەكی خۆش بۆ خەڵك بكەیت، ئەمانە هەمووی بە سەدەقە حیسابە و لەم مانگەدا فەرز و خێر و چاكەت بەرانبەر ٧٠ خێر و چاكە و فەرزی دیكەیە. سەبارەت بە سوودێكی دیكەی بەڕۆژووبوون، پێغەمبەرەكەمان فەرموویەتی: «صوموا تصحوا». واتە: «بەڕۆژوو بن تەندروست باش دەبن». ڕۆژووبوون بەسوودە بۆ پشوودانی گەدە و دەربازبوون لە چەوری و بەهێزبوونی لایەنی دەروونی و مێشك و دەمارەكان و، چەندین بەڵا و نەخۆشیی دیكەت لێ دوور دەخاتەوە.

كەواتە دەبێت ڕێزی گەورەیی ڕەمەزانی پیرۆز بگرین. لەم مانگەدا هەمووان هەست بە ئێش و ئازاری یەكتر دەكەین، دەوڵەمەند و هەژار لێك نزیك دەكاتەوە و لە ڕێگەی زەكات و سەرفترە و خێر و سەدەقەوە هاوكاریی هەژارەكان دەكرێت، بۆیە خەڵكی كاسب و بازرگان و سەرمایەداران دەبێت زۆر بەئاگا بن لەوەی لەم مانگە پیرۆزەدا كەلوپەل و خۆراك و شمەكەكان گران نەكەن، چونكە تۆ دەبێت لەم مانگەدا چاكە بكەیت و نرخەكان بهێنیتە خوارەوە. هەر كەسێك ببێتە هۆی ئەوەی نرخ هەرزان بكات و خەڵك سوودی لێ ببینێت، خێرێكی زۆری بۆ دەگەڕێتەوە، حكومەتیش وەك وەلی ئەمری خەڵك پێویستە لە مانگی ڕەمەزاندا كۆنتڕۆڵی بازاڕ بكات و نەهێڵێت گرانی دروست ببێت.

ئەركێكی دیكەی زۆر دینی و نیشتمانی كە دەكەوێتە سەر لایەنە سیاسییەكان، پاراستنی یەكڕیزی و تەبایی نێوماڵی كوردە، لەم بارودۆخەی كە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەكەمان پێیدا تێپەڕ دەبێت و گومانی زۆر هەیە بەوەی پیلان و ناهەقیی زۆر بەرانبەر بە كوردی موسڵمان بكرێت، دەبێت سەركردە و حزبە سیاسییەكان كار بۆ خێر و چاكەی خەڵك و كۆمەڵگەكەمان بكەن و یەكڕیزی و تەبایی كورد بپارێزن و دەستبەرداری ئەم هەموو ناكۆكی و ئاڵۆزییە سیاسی و زمانە زبرە بن. ئەوەتا كاتێك تەبا و یەكڕیز دەبین، جگە لەوەی لەم ژینگەیەدا خوداپەرستی و تاعەت و عیبادەتی تاكەكان باشتر بەڕێوە دەچێت، مافەكانیشمان لە بەغدا و ناوچەكەدا پێشێل ناكرێت و ڕێگە نادەین مێژوو دووبارە زوڵم و ناهەقی بەرانبەرمان بكاتەوە.

 

 

(*)

جێگری سەرۆكی یەكێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی كوردستان

Top