تاڵیبان و ئۆزبەکستان ٢٥ یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن بە بەهای زیاتر لە ٣٠٠ ملیۆن دۆلار واژۆ دەکەن

تاڵیبان و ئۆزبەکستان ٢٥ یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن بە بەهای زیاتر لە ٣٠٠ ملیۆن دۆلار واژۆ دەکەن

 

 

وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی تاڵیبان ئەمڕۆ سێشەممە 17ی شوبات ڕایگەیاند، بازرگانانی ئەفغانستان و ئۆزبەکستان لە کۆنفرانسی پەیوەندی بازرگانی نێوان هەردوو وڵاتدا 25 یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنیان بە بەهای زیاتر لە 300 ملیۆن دۆلار واژۆکرد.

وەزارەتەکە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەم یاداشتە لێکتێگەیشتنانە لە پارێزگای » سیر دەریای « ئۆزبەکستان واژۆکراون.

وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی تاڵیبان ڕایگەیاندووە، ئەم یاداشتە لێکتێگەیشتنانە کەرتەکانی "بیناسازی، خۆراک، کشتوکاڵ، مۆبیلیات، جلوبەرگ و دەرمان" لەخۆدەگرێت.

نورەدین عەزیزی، وەزیری پیشەسازی و بازرگانی تاڵیبان ڕایگەیاند، پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا لەم ساڵانەی دواییدا گەشەسەندن و فراوانبوونی بێوێنەی بەخۆیەوە بینیوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئاستی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات لە ساڵی 2025 بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بەرزبووەتەوە و توانای فراوانبوونی زیاتری هەیە.

وەزیری پیشەسازی و بازرگانی تاڵیبان ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ هەشت بڕگە کاڵای ئەفغانستان و شەش بڕگە کاڵای ئۆزبەکستانیش ڕێککەوتنی بازرگانی ئیمتیازدار واژۆ کراوە.

بەپێی بەیاننامەیەکی وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی تاڵیبان، ئارکینجۆن توردیمۆڤ، پارێزگاری » سیر دەریای « لە ئۆزبەکستان، پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان دوو وڵاتیشی بە گەشەسەندن وەسف کردووە.

ناوبراو بە ئاماژەدان بە دەرفەتە ئابووری و بازرگانییەکان داوای لە بازرگانانی ئەو دوو وڵاتە کرد کە باس لەو دەرفەتانە و داواکارییەکانیان و پێشنیارەکانیان  بکەن.

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

Top