یاسا، ئایا لیژنەی لێكۆڵینەوەی كارگێڕی دەتوانێت پشت بە شارەزا (خبیر) ببەستێت؟
لیژنەی لێكۆڵینەوەی كارگێڕی، لەبەر ئەوەی ئەركی لێكۆڵینەوەكردنی خراوەتە ئەستۆ لەسەر ئەو سەرپێچییەی دراوەتە پاڵ فەرمانبەری هەواڵەكراو بۆ لێكۆڵینەوە، ئەمەش واپێویست دەكات بۆ گەیشتن بە حەقیقەتی بابەتەكە، لیژنەكە پشت بەو ڕێكارانەی ببەستێت یاسای تایبەتمەند دەقی لەسەر هێناوە و، لەبەرئەوەی پێویستە دواجار پێشنیارەكانی لیژنەكە هۆكاربن (مسبب) چونكە دواتر دەبنە بناغەی دەرچوونی بڕیاری كارگێڕیی سزادانی فەرمانبەرەكە، یان داخستنی دۆسیەكە، بۆیە ڕێگەپێدراوە لیژنەی لێكۆڵینەوەی كارگێری ئەگەر بابەتی لێكۆڵینەوەكردن بۆ دەرخستنی ڕاستییەكان پێویستی بەوە هەبوو شارەزایی وەربگرێت لە بابەتی لێكۆڵینەوەكەدا، ئەوا لەم بارەدا ڕێگەپێدراوە بەگوێرەی ڕێسا گشتییەكانی وەرگرتنی شارەزا، شارەزای دادوەری ڕابسپێرێ بۆ خستنەڕووی ڕاپۆرتی پسپۆری و تایبەتی خۆی لە بارەی بابەتی لێكۆڵینەوەكەوە. بۆ ئەم مەبەستەش ئەگەر شارەزا دادوەرییەكە ناوی لە لیستی شارەزایانی دادگادا هەبوو، ئەوا پێویست ناكات لیژنەی لێكۆڵینەوەكە سوێندی بدات، بەپێچەوانەوە ئەوا دەبێت لیژنەكە پێش وەرگرتنی شارەزاییەكەی سوێندی بدات. ڕێكاری وەرگرتنی ڕاپۆرتی شارەزا لەلایەن لیژنەی لێكۆڵینەوەی كارگێڕی، لە میانەی بڕیارە دادوەرییەكانی دادگای باڵای كارگێڕیی عێراقدا هاتووە و، بە هەند وەرگیراوە.
