کاریگەرییە ستراتیژییەکانی بەشداریی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە لوتکەی جیهانیی حکوومەتەکان

کاریگەرییە ستراتیژییەکانی بەشداریی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە لوتکەی جیهانیی حکوومەتەکان



بەشداریی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە لوتکەی جیهانیی حکوومەتەکان لە ئیمارات، جارێکی دیکە پێگەی بەهێز و کاریگەری هەرێمی کوردستانی لەسەر نەخشەی سیاسی و ئابووریی جیهان دووپات کردەوە، کە ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ سەرکەوتنی دیدگای حکوومەتی هەرێم لە بەهێزکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و ناساندنی هەرێم وەک کارەکتەرێکی سەرەکی لە گۆڕانکارییە ئەرێنییەکانی ناوچەکەدا.

لوتکەی جیهانیی حکوومەتەکان کە وەک ناوەندێکی بڕیارسازیی جیهانی دەبینرێت، دەرفەتێکی زێڕینە بۆ ئەوەی سەرۆکوەزیران لە ڕێگەی دیدارە ئاستبەرزەکانی لەگەڵ شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان و سەرکردەکانی دیکەی جیهان، دەنگی گەلی کوردستان بگەیەنێت و هاوبەشییە ستراتیژییەکان لە بوارەکانی ئابووری، تەکنەلۆژیا و حکومڕانیی سەردەمیانەدا پەرە پێ بدات.

ئەم جوڵە دیپلۆماسییەی ئێستای مەسرور بارزانی، ڕەنگدانەوەی ئەو وەرچەرخانە جۆرییەیە کە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سیاسەتی دەرەوەی خۆیدا پەیڕەوی دەکات. مەسرور بارزانی توانیویەتی "دیپلۆماسیەتێکی چالاک" بونیاد بنێت کە تێیدا هەرێمی کوردستان بەرەو ئاسۆیەکی جیهانی فراوانتر هەنگاو بنێت.

کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی جۆرجیا، سەرۆکی سویسرا، سەرۆکوەزیرانی ئوردن و بەرپرسانی باڵای ئیمارات، ئەوە دەردەخات، هەرێمی کوردستان لە هەوڵدایە بازنەی دۆستایەتییەکانی لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا هاوسەنگ بکات و وەک مۆدێلێکی سەرکەوتووی حکومڕانی خۆی بونیاد بنێتەوە.
بایەخی ئەم سەردانانە کاتێک زیاتر دەردەکەوێت کە سەیری دۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەین، کە بە قۆناغێکی هەستیار و پڕ لە ناسەقامگیریدا تێدەپەڕێت.
لە ناوەڕاستی ئەم زریانە سیاسییانەدا، هەرێمی کوردستان توانیویەتی وەک فاکتەرێکی گرنگی ئاشتی و سەقامگیری بمێنێتەوە و ببێتە پەناگەیەکی ئارام بۆ پێکەوەژیان.
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و سەرکردەکانی جیهان بە بایەخەوە لەم ڕۆڵەی هەرێم دەڕوانن، چونکە لە کاتێکدا ناوچەکە پێویستی بە متمانە و هاوبەشی هەیە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەک لایەنێکی هوشیار و دیپلۆمات مامەڵە دەکات کە دەتوانێت لە کاتی تەنگژەکاندا وەک هاوبەشێکی جێی متمانە ڕۆڵ ببینێت.

ئەمساڵ لوتکەی جیهانیی حکوومەتەکان بۆ
ساڵی ٢٠٢٦، بە دروشمی “داڕشتنی حکوومەتەکانی داهاتوو” جەخت لەسەر گۆڕانکارییە جیهانییەکان دەکاتەوە، لەوانە حکومڕانیی باش، گەشەپێدانی ئابووری و ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەددییە دیموگرافییەکان.
بەشداریی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی گەورەی جیهان و (٨٠) ڕێکخراوی نێودەوڵەتی و دەیان سەرکردەی جیهانیدا، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە حکوومەتی هەرێم توانیویەتی خۆی لەگەڵ کاروانی گۆڕانکارییە باشەکانی جیهان بگونجێنێت و ببێتە بەشێکی کاریگەر لە داڕشتنی داهاتوویەکی گەشتر.

ئەم گرنگیپێدانە نێودەوڵەتییە بۆ سەرۆکی حکوومەت، دەرەنجامی ئەو چاکسازی و دیدگا کراوەیەیە کە دەیەوێت هەرێمی کوردستان نەک هەر لە ڕووی ئەمنییەوە، بەڵکو لە ڕووی سیاسی و ئابووریشەوە وەک قەوارەیەکی دانەبڕاو و کاریگەر لە نەخشەی جیهانیدا جێگیر بکات.

Top