خوێندنەوەیەک بۆ سیاسەتی نوێی ئەمریکا

خوێندنەوەیەک بۆ سیاسەتی نوێی ئەمریکا

 

لە سەردەمی دوناڵد ترەمپدا ئەمریکا سیاسەتێکی نوێ و تەواو پێچەوانەی ڕابردوو جێبەجێ دەکات، شێوازی ترەمپ بۆ بەڕێوەبردنی وڵات و دیدگای بۆ داهاتووی جیهان و ئەمریکا زۆڕ ڕوونە ترەمپ پێچەوانەی ئەوەی کە لە سیاسەتدا ڕێژە زۆڕەکە لە پشت پەردەیە و کەم لە پێش پەردەوە دەبینرێت

ترەمپ لە بازرگانێکەوە بۆ سیاسەت و بەڕێوەبردنی زلهێزترین وڵاتی جیهان بریتییە لە سەپاندنی ئابوورییە بەسەر سیاسەتدا، ئێستا ئەمریکا وەکو دەوڵەت تێڕوانینی گەورەی بۆ داهاتووی ئابووری و قورغکردنی ئابووری جیهانە، لەو پێناوەدا هەر شتێک پێویستبێت دەیکات و هەر بەربەستێک هەبێت لای دەبات، ئێستا ئەوی بۆ ئەمریکا گرنگبێت بیرەکانی نەوت و گازن لەو وڵاتانەی کە پێشتر بۆ ئەمریکا خاک و سنوورەکانیان گرنگ بوو، ئێستا ئەمریکا دەیەوێت نەخشەیەکی نوێ دابڕێژێت لە جیهان بەڵام لەسەر بنەمای جیوپولیتیک نا بەڵکو لەسەر بنەمای ئابووری

ترەمپ دیدگایەکی بەهێزی بۆ ئابووری جیهان هەیە و خەریکە ئابووری ئەمریکا بەسەر هەموو وڵاتاندا دەسەپێنێت، داگیرکردنی ڤەنزوێلا و سووریا کە دوو وڵاتی دەوڵەمەندی سامانی سروشتین، چاوبڕینی ترەمپ بۆ “گرینلاند” پەیوەندی بەو داهاتووەوە هەیە کە ترەمپ دەیەوێت بەدەستی بهێنێت، گرینلان گەورەترین دورگەی جیهانە و ناسراوە بە “گەنجینە شاراوەکە” کە دەوڵەمەندترین ناوچەی جیهانە لە ڕووی کانزا دەگمەنەکان و نەوت و گاز و سامانی ماسی، وە گرینلاند بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا توانەوەی سەهۆڵ خەریکە دەبێتە ڕێڕەوێکی گرنگی بازرگانی، بە توانەوەی سەهۆڵی جەمسەری باکوور، ڕێگای دەریایی نوێ دەکرێنەوە کە مەودای نێوان ئاسیا و ئەوروپا زۆر کورت دەکەنەوە، ئەمەش تێچووی گواستنەوەی جیهانی کەمدەکاتەوە.

یەکەک لە خاڵە گرنگەکانی ئەمریکای نوێ ئەوەیە کە خۆی بە بەرپرسیار نازانێت لە پاراستنی هاوپەیمانەکانی، بەڵکو تەنیا بەرپرسە لە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی، چەک و هاوکاری پێشکەشی هاوپەیمانەکانی دەکات بەڵام پاراستنیان بۆ خۆیان جێدەهێڵێت و دەبێت خۆیان بەرگری لە خۆیان بکەن

لەلایەکی ترەوە ئەوەی من دەیخوێنمەوە لە سیاسەتی نوێی ئەمریکا بریتییە لە نەهێڵانی گروپ و تواندنەوەیان لە چوارچێوەی دەوڵەت، ئەمریکای ترەمپ پێی وایە تەعامولکردن لەگەڵ دەوڵەت زیاتر قازانجی هەیە وەک لە گروپەکان، چونکە کۆنترۆلکردنی دەوڵەت ئاسانترە

دوو جور گرۆپ هەن کە ئەمریکا نایەوێت بمێنن، یەک ئەو گرۆپانەی زیان بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەگەیێنن، دووەم ئەو گرۆپانەی کە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا ناکەن، ئەو گروپانەی کە زیان بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەگەیێنن ئەوانەن کە سەر بە ئێرانن، ئەوانەی خزمەتی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا ناکەن، ئەوانەن کە نا ڕاستەوخۆ ئێران کاریگەرییان هەیە یانیش ئەو گرۆپانەی کە لەو وڵاتانەدان کە حکومەتەکەی دارودەستەی ئەمریکایە وەکو ئەوەی لە سووریای نوێ هەیە، ئەمریکا هەسەدە قبولدەکات بەڵام پەکەکەی قبول نییە چونکە پەکەکە زیاتر خزمەتی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا ناکات و پێدەچێت زیاتر لە خزمەتی ئێراندا بێت، لە قسەکانی ترەمپ دا زۆڕ ڕوون بوو کە وتی ئەو هێزە کوردیانە زیاتر خزمەتی خۆیان کردووە وەک لە ئەمریکا

من سیاسەتی ئێستای ئەمریکا زۆڕ بە ئاڵۆزی نابینم، پێم وایە زلهێزی ئابووری لە جیهاندا ئامانجی سەرەکی ئەمریکایە.

 

Top