سماق بۆ خۆ پاراستن لە نەخۆشییە درێژخایەنەكان
سماق سەرچاوەیەكی دەوڵەمەندە بە ماددە دژەئۆكسانەكان لە جۆری فلاڤۆنۆیدەكان و پۆلیفینۆلەكان و ترشی گالیك Gallic acid، كە ڕۆڵی گرنگیان هەیە بۆ كەمكردنەوەی ئاستی هەوكردن لە لەش و خۆپاراستن لە تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەكان، بەتایبەتی نەخۆشیی دڵ و شەكرە و شێرپەنجە. هەروەها سماق دەوڵەمەندە بە ڕیشاڵ، چەوریی تەندروست لە جۆری ترشی ئۆلییك Oleic acid، ڤیتامینەكانی A، C، E لەگەڵ كانزاكانی ئاسن، كالسیۆم، پۆتاسیۆم. سماق سوودی تەندروستیی دیكەی هەیە وەكو: سووككردنی نیشانەكانی هەوكردنی جومگە لە ئازار و ئاوسان و سخبوونی جومگە، كۆنتڕۆڵكردنی ئاستی شەكری خوێن و سووككردنی بەرگریی خانەكانی لەش بۆ هۆرمۆنی ئینسولین، بەرزكردنەوەی ئاستی كۆلیستیڕۆڵی باش HDL لە خوێندا و پاراستنی تەندروستیی دڵ بەتایبەتی لە نەخۆشانی شەكرەدا، كۆنتڕۆڵكردنی پەستانی خوێن، باشتركردنی ئارەزووی خواردن، پاراستنی تەندروستیی چاو، كەمكردنەوەی ئازاری گرژبوونی پەیكەرەماسوولكەكان، هاندانی ئەنزیمەكانی هەرس و سووككردنی سكچوون و ناڕەحەتیی گەدە، هەروەها سماق سیفەتی دژەبەكتریا و دژەكەڕووی هەیە.
