سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا، سەرەخۆشی لە مەرجەعی باڵای شیعەکان، سەید عەلی سیستانی دەکات، کە ئەمڕۆ برایەکی کۆچی دوایی کرد.
ئەمڕۆ هەینی 16ی کانوونی دووەمی 2026، بارەگای بارزانی پەیامەکەی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە "بە خەم و پەژارەیەکی زۆرەوە، هەواڵی کۆچی دوایی براتان سەماحەتی سەید هادی سیستانی (ڕەحمەتی خوای لێ بێت)ـمان پێ گەیشت، بەو بۆنە خەمناکەوە، پرسە و سەرەخۆشیی دڵسۆزانە و هاوخەمیی قووڵی خۆم ئاراستەی بەڕێزتان و لە ڕێگەی ئێوەشەوە ئاراستەی خانەوادە بەڕێزەکەتان و تەواوی باوەڕداران دەکەم".
هەر لە پەیامەکەدا هاتووە "لە خودای مەزن داواکارم کۆچکردوو بەر ڕەحمەتی فراوانی خۆی بخات و سەبر و ئارامی بە دڵتان ببەخشێت و ئەم کۆستە بکاتە مایەی پاداشت و چاکە بۆتان".
