ڕاگەیاندراوێک لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێرەوە.

ڕاگەیاندراوێک لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێرەوە.


دوای ئەوەی لە ساڵی ڕابردوو بە هۆی تەواوبوونی کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕۆیی و بەدواداچوونی بەردەوامی تیمەکانمان، رووداوەکانی هاتوچۆ بە مردن و برینداربوون کەم بۆوە، لە پێناوی پاراستنی زیاتری گیانی هاووڵاتیان و پاراستنی مافی هەموو بەکارهێنەرانی شەقام و پاراستنی سەروەری یاسا بەسەر هەمووان، ئاگاداری شوفێرانی ئازیز دەکەینەوە کە تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیمان لە ترافیکلایتەکان، لە بازگە و مەفرەزەکان، هەروەها لە ناو ئۆتۆمبێلەکانی هاتوچۆ (بە هەردوو جۆری تابلۆی میری و تابلۆی شارستانیی)ەوە بە بەرنامەیەکی نوێ بۆ ساڵی ٢٠٢٦ دەست دەکەن بە بەدواداچوونی جێبەجێکردنی یاسا و ڕێساکان و سزادانی ئەوانەی سەرپێچی دەکەن بەم جۆرانەی خوارەوە:
- ئۆتۆمبێلی بێ تابلۆ، یان تابلۆی ساختە، لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵ دەکرێت و دەستی بەسەردا دەگیرێت.
- بەکارهێنانی مۆبایل لە کاتی شوفێری رووبەرووی سزای دارایی دەکرێتەوە.
- بەکارنەهێنانی پشتێنی سەلامەتی، لە ناو شار و لە دەرەوەی شار، رووبەرووی سزای دارایی دەکرێتەوە. بۆیە خۆتان ڕابهێنن کە لەگەڵ داگیرساندنی ئۆتۆمبێل، پشتێنی سەلامەتی ببەستن، ئەمەش بۆ سەلامەتی خۆتانە.
- جام رەشکردن بێ مۆڵەت، بەکارهێنانی نەشرە و فلاشەر و دەستکاریکردنی گزۆز، دەستی بەسەردا دەگیرێ و سزای دارایی دەدرێت.
- شوفێری کردن بێ مۆڵەت رووبەرووی دادگا و یاسا دەکرێتەوە.
- ماتۆرسواری دیلیڤەری و هەر جۆرە ماتۆرێکی دیکە پێویستە هەردوو تابلۆی پێشەوە و دواوەی پێوە بێت و بە فەرمی تۆمار کرا بێت، بە پێچەوانەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت.
- ماتۆرسوار دەبێ مۆڵەتی لێخوڕینی هەبێت و کڵاو و پێداویستی سەلامەتی لەسەر بێت، بە پێچەوانەوە سزای داریی دەکرێت.
شوفێر پێویستە ئاگادار بێت کە هەموو کات لەژێر چاودێری تیمەکانی هاتوچۆیە. تیمەکانمان ئۆتۆمبێلی مەدەنی ( تابلۆ شارستانی) لە پاڵ ئۆتۆمبێلی میری بەکار دەهێنن بۆ چاودێریکردنی شەقامەکان و پەیڕەوکردنی یاساکان، چونکە شەقامەکان فەزای گشتین و موڵکی هەموو خەڵکن، نابێ کەس بە سەرپێچیکردن پێشێلی یاسا و مافی هاووڵاتیانی دیکە بکات.
چاوەڕێی پابەندی و هاوکاری هەمووان دەکەین...

Top