گازی ئۆكسیدی نایترۆز بۆ سووككردنی خەمۆكی

گازی ئۆكسیدی نایترۆز بۆ سووككردنی خەمۆكی

ئۆكسیدی نایترۆز N2O كە بە گازی پێكەنین Laughing gas ناسراوە، وەكو ئارامبەخشێكی سووكی بێزیان لە پزیشكیدا سوودی لێ وەردەگیرێت، بۆنموونە بە تێكەڵكردن لەگەڵ گازی ئۆكسجین بە ماسكی لووت بەكار دێت بۆ سووككردنی پەستی، هەروەها ڕێگرتن لە هێڵنج و ڕشانەوە لەگەڵ سووككردنی ئازار لە پزیشكیی دداندا. ئێستا ئەم گازە وەكو چارەسەركێكی خێرا، بەتایبەتی لە حاڵەتە سەختەكانی خەمۆكیدا سوودی لێ وەردەگیرێت، چونكە ڕۆڵی هەیە بۆ سووككردنی بەرچاوی نیشانەكان، بەتایبەتی هەستكردن بە نائومێدی و ڕەشبینی لە ماوەی 24 كاتژمێری پاش تەنیا ژەمێكی هەڵمژینی گازی ئۆكسیدی نایترۆز، كە بە ڕێژەی 50% لەگەڵ گازی ئۆكسجین تێكەڵ دەكرێت. هەروەها لە چەند لێكۆڵینەوەیەكدا ئاماژە بەمە كراوە كە كاریگەرییەكان تا نزیكەی دوو هەفتە بەردەوام دەبن و بە دووبارەكردنەوەی چارەسەرەكە ئەنجامی باشتر بەدەست دێت، گەلێك جاریش چارەسەر بە گازی ئۆكسیدی نایترۆز ئەنجامی باشی دەبێت لەم حاڵەتانەی كە سوودیان لە بەكارهێنانی دەرمانەكانی دژەخەمۆكی وەرنەگرتووە.

Top