سەرۆکی حکوومەت پێشوازی لە جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەکات
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق كرد و جەختیشی لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ كردەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 11/1/2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە فەرهاد ئەترووشی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد، لە دیدارەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی ڕۆڵی کارای ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە بواری یاسادانان و چاودێری و داکۆکیکردن لە مافەکانی گشت هاووڵاتی و پێکهاتەکانی عێراق کرا.
سەرۆکی حکوومەت وێڕای دەربڕینی پشتیوانی بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران وەک دەسەڵاتی یاسادانان، جەختیشی لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێککەوتنەکان و ڕێزگرتن لە قەوارەی فیدراڵی و دەستووری هەرێمی کوردستان، کردەوە.
