هۆكاری سەرەكیی توێشكی سەر
هۆكاری سەرەكیی توێشك Dandruff دەگەڕێتەوە بۆ زیاد گەشەكردنی كەڕووی مەلەسیزییا Malassezia كە بە شێوەیەكی سرووشتی لەسەر چەوریی پێستی سەردا دەژی، ئەمەش هۆكارە بۆ سووتانەوە و خورشت هاوكات لەگەڵ پەیدابوونی توێشك. تا پێستی سەر چەورتر بێت هێندە بواری زیاتر دەڕەخسێت بۆ گەشەی بەرفراونتری ئەم جۆرە كەڕووە. هۆكارە هاندەرەكانی دیكە بریتین لە: هەستەوەری بەرانبەر بە بەكارهێنانی شامپۆ و كۆندیشنەر و ئاوێتەكانیتری قژ كە بە هەستەوەریی بەركەوتن ناوزەد دەكرێت، وشكبوونی پێستی سەر بەتایبەتی لە وەرزی زستاندا، سترێس یان فشاری دەروونی كە هاندەرن بۆ زیاد دەردانی چەوریی پێست، كەمیی هەندێك جۆری ڤیتامین و كانزا، پاك ڕانەگرتن یان درەنگ شووشتنی پێستی سەر، كەشی سارد و وشك، هەروەها ئەكزیما یان نەخۆشیی سەدەف Psoriasis.
