بەهۆی تەقەکردن ٨ کەس کوژران و بریندار بوون
پۆلیسی ئەمریکا هەواڵی تەقەکردنی لە شاری سالت لیک سیتی لە ویلایەتی یوتای بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لە ڕووداوەکەدا لانیکەم هەشت کەس کوژراون و برینداربوون.
پۆلیسی شاری سالت لیک سیتی لە ویلایەتی یوتا لە ئەمریکا ڕایگەیاند، شەوی چوارشەممە ٧ی ١ لە تەقەکردنێکدا دوو کەس کوژراون و شەش کەسی دیکەش برینداربوون.
هەروەها پۆلیس ڕایگەیاندووە، تەقەکردنەکە لە دەرەوەی پرسەیەک ڕوویداوە.
بەپێی زانیارییەکانی پۆلیس، تا ئێستا هیچ تۆمەتبارێک دەستگیر نەکراوە و ئۆپەراسیۆنێک بۆ دەستگیرکردنی ئەنجامدەرانی تەقەکردنەکە بەردەوامە.
پۆلیس ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کاتی تەقەکردنەکەدا پرسەیەک لە کەنیسە بەڕێوەدەچووە.
لە بریندارەکان باری تەندروستی سێ کەسیان ناجێگیرە و باری تەندروستی سێ کەسی دیکە نادیارە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە ویلایەتە جۆراوجۆرەکانی ئەمریکا لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا چەندین ڕوویداوی هاوشێوەیان بەخۆوە بینیوە.
گوڵان: سەردار خەلیل
