مادۆرۆ لە دادگای نیویۆرک تۆمەتی قاچاخچێتی ڕەتدەکاتەوە
نیکۆلاس مادۆرۆ سەرۆکی ڤەنزوێلا لە یەکەم ئامادەبوونیدا لە دادگای فیدراڵی لە لۆوەر مانهاتن لە نیویۆرک تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و چەکەکانی ڕەتکردەوە.
بەپێی هەواڵێکی کەناڵی سی بی ئێس نیوز، مادۆرۆ لە ڕێگەی وەرگێڕێکەوە ڕایگەیاندووە کە کەسێکی باش و بێتاوانە.
جەختیشی کردەوە: "من بێتاوانم، تاوانبار نیم، پیاوێکی بەڕێزم و سەرۆکی وڵاتەکەمم".
بەپێی زانیارییەکان، هاوسەری مادۆرۆ ئەو تۆمەتانەی هاوشێوەی ڕەتکردووەتەوە.
مادۆرۆ و هاوسەرەکەی دوای دوو ڕۆژ لە دەستبەسەرکردن، ڕۆژی دووشەممە گەیەندرانە دادگای نیویۆرک.
ئەمریکا بە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان هێرشی کردە سەر ڤەنزوێلا و نیکۆلاس مادۆرۆ و هاوسەرەکەی دەستگیرکرد و گواسترانەوە بۆ ئەمریکا.
ئەم چالاکییە سەربازییەی ئەمریکا بە کاردانەوەی توندی نێودەوڵەتی بەرەوڕوو بووەوە. زۆرێک لە وڵاتانی جیهان ئەم کارەی ئەمریکایان شەرمەزار کرد.
گوڵان: سەردار خەلیل
