خواردنەوەی چای ئێسك بەهێزدەكات
لە توێژینەوەیەكی نوێی زانكۆی (فلیندەرز) ی باشووری ئوسترالیا هاتووە كە ڕۆژانە خواردنەوەی چای هاندەرە بۆ بەهێزكردنی ئێسك، بەتایبەتی لە ئافرەتانی بەساڵاچوودا. توێژەران دەڵێن خواردنەوەی كوپێك چای ڕێگەیەكی ئاسانە بۆ باشكردنی تەندروستیی ئێسك، بەڵام هوشداری دەدەن سەبارەت بە خواردنەوەی قاوە، چونكە كاریگەریی پێچەوانەی هەیە، بەتایبەتی ئەگەر بە بڕی زیاد بخورێتەوە. چای فلۆراید،پۆتاسیۆم، مەنگەنیز لەخۆدەگرێت لەگەڵ دژەئۆكسانی پۆلیفینۆلەكان، بەتایبەتی فلاڤانۆیدەكان و كاتێچینەكان Catechins كە هانی خانەكانی بیناكردنی ئێسك دەدەن و پتەوی و بارستایی ئێسك زیاد دەكەن، هەروەها ڕێگە لە كەمبوونەوەی چڕیی ئێسك دەگرن، هاوكات لەگەڵ كەمكردنەوەی فشاری ئۆكسان Oxidative stress كە زیان بە تەندروستیی ئێسك دەگەیەنێت. لە لایەكی دیكە، ڕۆژانە خواردنەوەی دوو تا سێ كوپ قاوە كاریگەرییەكی ئەوتۆی لەسەر تەندروستیی ئێسكدا نابێت، بەڵام بڕی زیاتری قاوە، بۆنموونە زیاتر لە پێنج فنجان، هۆكارە بۆ كەمبوونەوەی هەڵمژینی كالسیۆم لە كۆئەندامی هەرسدا، هاوكات لەگەڵ شێواندنی میتابۆلیزمی ئێسك، دەرنجام لاوازبوونی ئێسك و زیادبوونی ئەگەریی شكان هەتا ئەگەر بە زەبری سادەش بێت.
